فێستیڤاڵی جیلۆ و ساتێ لە جۆلەمێرگ بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی جیلۆ و ساتێ لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت، وەزیری ناوخۆی تورکیاش بەشدار دەبێت و گوتارێک پێشکێش دەکات.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 10-08-2024) شەشەمین فێستیڤاڵی جیلۆ و ساتێ لە بناری چیای جیلۆ و دەریاچەی ساتێی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت کە ساڵانە نەوەک تەنیا لە پارێزگاکەوە، بەڵکو لە سەرانسەری تورکیا، باکووری کوردستان و دەرەوەی وڵاتەکەشەوە ژمارەیەکی زۆر بەشداربووی دەبێت.
 
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوێنێوە بەمەبەستی رووماڵکردنی فێستیڤاڵەکە لە بناری چیای جیلۆن. بەگوتەی شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو، بڕیارە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بێت و گوتارێک پێشکێش بکات.
 
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارۆچکەی شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ کە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکات، قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، ''زۆر دڵخۆشین بەشدار دەبین لە فیستیڤاڵەکە. دۆڵمەمان هێناوە و لێرەش خواردن ئامادە دەکەین. جلوبەرگی کوردیمان هێناوە بۆ ئەوەی لەبەری بکەین."  
 
موجاهید، هاونیشتمانییەکی دیکەی بەشداری فێستیڤاڵەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''جلوبەرگی کوردیمان هێناوە؛ حەز دەکەین ئەم دوو رۆژە لێرە دڵمان خۆشبێت، شایی هەبێت، گەلی کورد دڵی خۆش بێت.''
 
هاوکات جەعفەر عەلی، هاونیشتمانییەکی بەساڵاچووی خەڵکی دهۆک کە بە گۆچانەوە لە بناری چیای جیلۆ بوو بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''لە دهۆک سرووشتی لەم شێوەیەم نەبینیوە؛ چەندین جار هاتووم و تەنیا سەرنج دەدەمە ئەم سرووشتە جوانە.''
 
 
فێستیڤاڵەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا گوتار، کۆنسێرت و چەندین چالاکیی جۆراوجۆر دەکرێن. 
 
تەیار حەسەن، خەڵکی قەزای سۆرانی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی بۆ بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە دەربڕی و بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی هاتم و زۆر سارد بوو. یەکەمجارە سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەم؛ شوێنێکی زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشە.'' 

 

 
جۆلەمێرگ وەک (پایتەختی چیاکان) دەناسرێت و یەکێکە لە شوێنە هەرە ساردەکانی کوردستان و بەشێک لە چیاکانی لە مانگی ئابیشدا هێشتا بەفریان لێ دەمێنێت.

 

 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی رووبارۆکی باکووری کوردستان کە بەشدارە لە فێستیڤاڵەکە بە رووداوی گوت، ''بەیانیی ئەمڕۆ هاتین و شوێنەکە زۆر خۆشە. خەڵک بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و ئێمەش بەشدار دەبین.''  
 
ئەم فێستیڤاڵە بە دەستپێشخەریی شارەوانیی جۆلەمێرگ بەڕێوەدەچێت و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار، وەرزش و لاوانی گەڤەر، جۆلەمێرگ و شەمزینانیش لە ئامادەکارییەکاندا بەشدارن.
 
ساڵانە نزیکەی 120 هەزار کەس بە ئامانجی گەشتیاری سەردانی پارێزگای جۆلەمێرگ دەکەن و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی 11 هەزار بۆ 12 هەزار کەس لە فێستیڤاڵی جیلۆ و ساتێدا بەشدار بن.