کەمانژەنێکی کورد لە ئەڵمانیا چەند ئەلبۆمێک لەسەر میوزیکی کوردی بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەستەمە کەس هەبێ گوێ لە میوزیکی کوردی بگرێ و بۆ جارێکیش بێ گوێی لە ژەنینێکی ئازاد خۆشناو نەبووبێ. بە پەنجە جادووییەکانی و بەو بزەیەی بەردەوام لەسەر لێویەتی، کەمانەکەی دەکاتە ئامێرێکی ئەفسووناوی کە چیرۆکی زۆر پڕسۆز دەگێڕێتەوە. 
 
ئازاد خۆشناو لەدایکبووی شەقڵاوەیە و لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووی میوزیکی دەبێت، بەتایبەتی ژەنینی ئامێری کەمان، ئەو دەڵێت: "کاتێک تەمەنم هەشت ساڵان بوو ئامێرێکی کەمانیان بۆ دروست کردم و دەمژەنی، دواتر براکەم ئامێرێکی گیتاری کڕی، دواتریش ساز لە رێگەی ئەم دوو ئامێرەوە زیاتر ئارەزووی میوزیکم لا تۆخبوو، ئەو کات گوێم بۆ میوزیکی تیپی میوزیکی سلێمانی و هەروەها دهۆک دەگرت، بەتایبەت میوزیکەکانی مامۆستا دڵشاد".
 
ئازاد خۆشناو، میوانی دیاسپۆرا بوو لە بارەی فێربوونی میوزیکەوە دەڵێت: "لە منداڵییەوە هەوڵم بۆ فیڕبوونی میوزیک داوە، بەتایبەت کەمان، بەڵام ئەوکات لە شەقڵاوە هیچ میوزیکژەن و تیپێکی میوزیکی لێنەبوو، قورس بوو لە شوێنێکی ئاوادا بەباشی فێری میوزیک بیت، لە رێگەی تەلەفزیۆنی کەرکووک و رادیۆی کوردی لە بەغدا گوێمان لە میوزیک دەبوو". 
 
 
هەروەها دەڵێت: "کەمان لای من سازێکی پیرۆز بووە و بەردەوام میلۆدییە کوردییەکانم بە کەمان ژەنیوەتەوە و سوودم لە گرووپە میوزیکییەکانی سلێمانی و دهۆک وەرگرتووە، ئەوان بۆمن وەک قوتابخانەی میوزیک وابوون".
 
خۆشناو روونیکردەوە، بەرهەمهێنانی ئەلبووم کاری زۆر و توانای زۆری دەوێت و بەرهەمهێنانی میوزیک پێویستی بە گرووپی ژەنیارانە.
 
گوتیشی: "لە 2013 ئەلبوومێکی میوزیکی کوردیم بڵاوکردەوە بەناوی ئاوازەکانی چیای کوردان، ئێستا چوار ئەلبوومی میوزیکم ئامادەیە کە نزیکەی 35 پارچە میوزیکن، هەروەها چیرۆکی مەم و زینم بە کەمان گێڕاوەتەوە".
 
روونیشیکردەوە: "گوێگرتن لە میوزیک کاریگەریی لەسەر بارودۆخی خێزان هەیە".
 
ئازاد خۆشناو لە 1996ـەوە کوردستانی جێهێشتووە و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە.