دڵشاد کوێستانی لە وێنەکێشانەوە بۆ گۆرانیگوتن

10-08-2023
دڵشاد کوێستانی لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپی 'جێمەهێڵە'
دڵشاد کوێستانی لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپی 'جێمەهێڵە'
نیشانەکردن دڵشاد کوێستانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دڵشاد کوێستانی، هەرچەند وەک شێوەکارێک ناسراوە و چالاکی لەو هونەرەدا زۆرە، بەڵام ئەو وەک گۆرانیبێژ و ئەکتەریش بەرهەمی هەیە و نوێترین بەرهەمی گۆرانیی ڤیدیۆکلیپ دەکات و لە هەولێر کاری وێنەگرتنی بۆ دەکرێت.
 
گۆرانییەکە بەناوی 'جێمەهێڵە'یە کە لە تێکست و ئاوازی دڵشاد کوێستانییە و لە ماوەی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.
 
دڵشاد کوێستانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە باس لە دابڕان دەکات، مەرج نییە دابڕان لە کەسێک بێت، دەکرێت دابڕان بێت لە نیشتمان، دابڕان بێت لە خۆشەویست یاخود کەسایەتییەکی رۆحی.
 
دڵشاد کوێستانی، ناوی تەواوی دڵشاد محەممەد ئەمین مەجیدە، لە 13ـی ئابی 1957 لە گەڕەکی ئیمام قاسم لە کەرکووک لە دایکبووە، دەستپێکی کاری هونەریی گۆرانیگوتن بووە و شیعریشی نووسیووە، دواتر رووی لە هونەری وێنەکێشان کردووە.
 
لە 1961 لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە سلێمانی کردووە، لە 1980 بووەتە پێشمەرگە و تاوەکو1985  بەردەوام بوو، دواتر دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە 1994 بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە کوردستانی جێهێشتووە و لە فەرەنسا نیشتەجێ بووە.
 
لە 1996 لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا لە یۆنان بەشداربووە، لە 2005 وەک سەرۆکی رێکخراوی کولتووری فەرەنسی و ئەفریقی دەسنیشانکراوە، لە 2017 پێشانگەیەکی تایبەتی بەناونیشانی 'سەفەرێک بە ناو رۆحدا' لە سلێمانی کردووەتەوە.
 
ئەو شێوەکارە کوردە، گەلەری تایبەت بەخۆی لە فەرەنسا هەیە، زیاتر لە 70 پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە و لە زیاتر لە 30 پێشانگەی هاوبەشدا بەشداربووە، بەرهەمەکانی لە زیاتر لە 18 وڵاتدا خراونەتەڕوو. 
 
کوێستانی، وەک ئەکتەرێک لە چەند فیلمێکی فەرەنسی و کوردیدا بەشداربووە و چەندین خەڵاتی هونەریی پێبەخشراوە، بەتایبەت لە فەرەنسا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە