ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە میوزیکی جاز دەبێتە میوانی سلێمانی

رووداو دیجیتاڵ

ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتێک لە سلێمانی سازدەکات کە تایبەتە بە میوزیکی جاز و ئەو میوزیکە ئاوێتەی میوزیکی کوردی دەکرێت.
 
چالاکییەکە لە درێژەی کۆنسێرتەکانی ئەمساڵی ماڵی میوزیکیی زەهاوی دەبێت بۆ ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی لەگەڵ میوزیکی نەتەوە جیاوازەکان.
 
هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتی ئەمجارەی ماڵی میوزیکیی زەهاوی تایبەتە بە میوزیکی کوردی و میوزیکی جاز، هونەرمەندانی ئەوروپا و کوردستان هەردوو میوزیکەکە ئاوێتەی یەکدی دەکەن.
 
زەهاوی گوتیشی، چوار هونەرمەند لە بەریتانیا، سویسرا، فەرەنسا و هەنگاریا لە کۆنسێرتەکەدا بەشدار دەبن و میوزیکی جاز دەژەنن، لە باشووری کوردستانیش ئەو بە ئامێری دەف، جنان یڵدز لە باکوور کوردستانەوە وەک گۆرانیبێژ، دیلان ستار لە باشووری کوردستانەوە بە ئامێری کلارنێت و زوهراب حەمە لە باشووری کوردستانەوە بە ئامیری شمشاڵ.
 
کۆنسێرتەکە کاژێر حەوتی ئێوارەی شەممە 27ـی تەمموزی 2024 لە سینەما سالم سازدەکرێت و ئامادەبوون تێیدا بە بلیتە.