گۆرانییەکی کوردیی منداڵان لەلایەن ئۆرکێسترایەکی 300 کەسی سوێد پێشکێشکرا

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگە کوردییەکانی تایبەت بە منداڵان، گۆرانی "موزیک موزیک"ـە کە لە 2013 بـڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەم دواییە لەلایەن ئۆرکێسترایەکی سوێد کە ژمارەی ئەندامانی 300 کەسن، ئەم بەرهەیان بە زمانی کوردی پێشکێشکردەوە.
 
گۆرانییەکە پێشتر بە دەنگی رند رێبەر و موەفق روشدی گوتراوە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە 21 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
بەم دواییە ئیدریس جافۆ، هونەرمەندی کوردی دانیشتووی سوێد، ئەم بەرهەمەی بەشێوەی ئۆرکێسترا ئامادەکرد و لە شاری بۆرلانگەی سوێد لەلایەن 150 ژەنیار و 150 گۆرانیبێژ وەک کۆرس پێشکێشکرا. جگە لەم بەرهەمە کوردییە، چەند بەرهەمێکی دیکەی لەلایەن ئۆرکێسترایەک بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندن لە سوێد پێشکێشکرا.
 
ئیدریس جاڤۆ، خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا مامۆستای هونەرە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سوێد، میوانی بەرنامەی "نووڕۆژ"ـی رووداو بوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئامانجی ئەوە بووە گۆرانی "موزیک میوزک" بکاتە بەرهەمێکی جیهانی. گوتیشی، 300 ژەنیار و گۆرانیبێژ بەرهەمەکەیان پێشکێشکردەوە و 80٪یان سوێدی بوون.
 
کۆنسێرتە ئۆرکێستراییەکە بە ئامادەبوونی سێ هەزار کەس سازکرا و ئیدریس جافۆ، گوتی، لە دوای کۆنسێرتەکە، منداڵەکان کە دەیبینن پێی دەڵێت: "موزیک موزیک پامپ پامپ". 
 
ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت گۆرانییەکە لە هەموو قوتابخانەکانی سوێد بڵاوبکرێتەوە، جافۆ لەمبارەیەوە گوتی، 30 مامۆستای قوتابخانەی میوزیک لە شاری بۆرلانگەی کە پرۆفیسۆریشیان لە نێودا هەیە، ئەم بەرهەمە بە شایەنی ئەو دەزانن لە هەموو قوتابخانەکانی سوێد بڵاوبکرێتەوە.