شاعیر جەمال شارباژێڕیی بە شێرپەنجەی خوێن کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 10-07-2023، شاعیر جەمال ئەمین عارف، ناسراو بە جەمال شارباژێڕیی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دواییکرد.
جەمال ئەمین عارف لە 01-10-1941 لە گوندی واژەی شارباژێڕ لەدایکبووە، لە ساڵی 2000وە لە لەندەن دەژی.
دیوان جەمال، کچی جەمال شارباژێڕی بە رووداوی راگەیاند، بەنیازن لە چەند رۆژی داهاتوودا تەرمەکە بگەڕێننەوە و لە هەرێمی کوردستان بەخاکی بسپێرن.
شاعیرەکە لە قەزای چوارتای سەر بە پارێزگای سلێمانی پەیکەرێکی رێزلێنانی بۆ دروستکراوە.
بەشێک لە کتێبەکانی جەمال شارباژێڕی: پارچەیەک لە جگەرم، فرمێسکی نهێنی، ئەلبوومی یادگار، رۆمانی روانگەی هەژان و ژان، ملوانەکەی هەزار دەنکەی شارباژێڕ.
جەمال ئەمین، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی روانگە بوو. لە کۆتایی 60ـەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، خاوەنی سەدان شیعرە.