رۆبێرت دی نیرۆ: هیچ شتێک لە خێزان گرنگتر نییە

رووداو دیجیتاڵ

'About My Father' فیلمێکی نوێی رۆبێرت دی نیرۆیە ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت و ناوەڕۆکێکی کۆمێدی هەیە و ئەو ئەکتەرە دەڵێت، فیلمەکە پەیامێکی گرنگی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ شتێک لە خێزان گرنگتر نییە.
 
ئەم بەرهەمە کۆمیدییە لە دەرهێنانی لاورا تیروسۆیە و باس لە مژارێکی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەکات، کاتێک کچێک داوا لە دەستگیرانەکەی دەکات بۆ پشووی هەفتە باوکی بهێنێتە لای خێزانە دەوڵەمەندەکەی، بەڵام بەهۆی جیاوازی هزری و کولتوورییەوە، یەکدی رەتدەکەنەوە.
 
'About My Father' لە سەرەتای ئەمساڵ لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا و مانگی ئایاری 2023 لە تەواوی سینەماکای دیکەی جیهاندا پێشاندرا و پێشاندانی لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە ئەمریکەییە بە رەچەڵەک ئیتاڵییە، بە گێڕانی رۆڵی جیا جیا لە سینەمادا ناسراوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا بە رۆڵی کۆمێدی لێهاتوویی خۆی لەو ژانرە دەرخستووە.
 
ئەو ئەکتەرە بەم دواییە بۆ جاری حەوتەم لە تەمەنی 79 ساڵیدا بووە باوک و نوێنەری ئەو ئەکتەرە جیهانییە بە رەچەلەک ئیتاڵییە، هەواڵەکەی پشتراستەکردەوە.
 
رۆبێرت دی نیرۆ، براوەی خەڵاتی ئۆسکار، باوکی درینای تەمەن 51 ساڵە، رافائیلی تەمەن 46 ساڵ، هەردوو دووانە جولیان و هارۆنی تەمەن 27 ساڵ، ئیلیۆتی تەمەن 24 ساڵ و هێلین گرەیسی تەمەن 11 ساڵە.
 
دی نیرۆ، دووجار خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە، یەکەمیان وەک ئەکتەری لاوەکەی لە بەشی دووەمی فیلمی 'The Godfather' و دووەمیان وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمی 'Raging Bull'.
 
دی نیرۆ، هەرچەندە زیاتر وەک ئەکتەرێکی سینەمایی ناسراوە، بەڵام سەرەتا کاری شانۆیی کردووە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە شانۆیی 'جادووگەری ئۆز'ـدا رۆڵی شێری ترسنۆکی گێڕاوە.