رووداو دیجیتاڵ
پێشبڕکێی موناجات و سروودی ئایینی، یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی تۆڕی میدیایی رووداوە لە مانگی رەمەزاندا، تێیدا باشترین و دەنگخۆشترین کەس لەم بوارەدا هەڵدەبژێرێت.
هاونیشتمانییان دەتوانن لەرێگەی ژمارە تەلەفونی 009647505300007 (ڤایبەر، واتس ئەپ و تەلەگرام) یاخود ئیمەیڵی pashiv@rudaw.net ڤیدیۆکانیان بۆ پێشبڕکێیەکە بنێرن.
چەند مەرجێک بۆ بەشداربووان بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی موناجاتدا دیاریکراون،
دەبێت بە زمانی کوردی بێت، دەکرێت خۆت خاوەنی تێکستی موناجاتەکە بیت یاخود شیعری کلاسیکی کوردی بەکاربێنی و سروودەکە بە ڤیدیۆ تۆماربکرێت و بنێردرێت.
رێنمایی بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆکان، دەبێت مۆبایلەکە بەرامبەر خۆت دابنێی، ئاستی کامێرای مۆبایلەکەت هەمان ئاستی چاوت بێت، لە شوێنێکی بێدەنگدا ڤیدیۆکە تۆمار بکە، رووناکی لەسەر دەموچاوت هەبێت و بە باری پانی ڤیدیۆکە تۆمار بکرێت.
شەوانە تەنیا پێنج ڤیدیۆی لەلایەن هەردوو هونەرمەندان پەیام عەزیزی و سەفقان ئۆرکێش هەڵدەبژێردرێن و لە هەژمارەکانی رووداو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە پێشبڕکێیەوە و لەرێگەی دەنگدانی خەڵک، یەک کەس دەچێتە قۆناخی کۆتایی.
لە قۆناخی کۆتاییدا، لە نێو سەرکەتووەکاندا تەنیا یەک کەس هەڵدەبژێردرێت و دەبێتە براوەی پێشبڕکێی 'موناجات' و خەڵاتی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداوی پێدەبەخشرێت.
تاوەکو ئێستا سێ کەس گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێیەکە، ئەویش محەممەد خالید لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، محەممەد رەشیدی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان و هوشیار قادر لە پیرانشارە.
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ