ریم شەریف بۆ (رووداو): حەزدەكەم گۆرانیی كوردی بڵێم

رووداو – بەیروت

لە بەرنامەی (ستودیو الفن) دەستیپێكرد. زۆر بەزوویی ناوبانگی لە لوبنان و وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا پەیداكرد. گۆرانیی (فوقانی، تحتانی) گۆرانیی بەختی ریم شەریف بوو. براوەی خەڵاتی Golden Editionی جیهانییە. 

ریم بەمنزیکانە گۆرانییەكی خەلیجیی نوێ بڵاودەكاتەوە، کە بەگوتەی خۆی "پێشتر كاری وا نەكراوە". ئەو ئەستێرە بەناوبانگەی لوبنان، لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان، وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.

رووداو: باسی ئەزموونی (ستودیو الفن)مان بۆ بكە، دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەو بەرنامەیە نەبووایە تۆ ناوبانگت نەدەبوو؟

ریم شەریف: نا ناتوانی وابڵێی. چونكە هەر لە منداڵییەوە گۆرانیم دەگوت. هەمیشە گوێم لە دەنگی شاكیرا دەگرت و گۆرانییەكانم دەگوتەوە و سەمام لەگەڵی دەكرد، بەڵام دەتوانی بڵێی (ستودیو الفن) زۆر شتی فێری من كرد و ئەزموونێكی سەركەوتووی ژیانی من بوو. زۆر كەسی باشم لەو رێگەیەوە ناسی و ئێستاش پەیوەندیی باشم هەیە لەگەڵیان.

رووداو: ئەی گۆرانیی (فوقانی، تحتانی) گۆرانیی بەختی تۆ بوو؟ میدیا عەرەبییەكان دەڵێن ریم شەریف جەستەی لە دەنگی جوانترە. لەو گۆرانییەشدا زۆر ورووژێنەر دەردەكەویت؟

ریم شەریف: جا میدیا عەرەبییەكان چی ناڵێن؟ میدیا هەر بە گشتی چی ناڵێت؟! من ئەگەر دەنگم خۆش نەبووایە، لە بەرنامەی یەکەممدا سەركەوتوو نەدەبووم. هەرواش سوپاسی خوا دەكەم كە جەستەیەكی جوانی پێداوم. ئاساییشە هونەرمەند، بەتایبەتی ئافرەت، جوانیی جەستەی لە كلیپەكانیدا بەكاربهێنێ.

رووداو: زانیاریم هەیە گۆرانییەكی نوێ بە زاراوەی عەرەبیی خەلیجی بڵاودەكەیتەوە، راستە؟

ریم شەریف: ئەم هەواڵە بۆ یەكەمجار لەڕێگەی تۆوە بڵاویدەکەمەوە. بەڵێ، گۆرانییەكی نوێم لەبەردەستە. پێشتر كاری لەو شێوەیە نەكراوە. ئێستا خەریكی كلیپكردنیم. گۆرانییەكە باسی كچێكی بوێر دەكات كە خۆشەویستەكەی بێوەفا بووە لەگەڵی و بەجێیهێشتووە. دواتر كە بۆی دەگەڕێتەوە، بە خۆشەویستەكەی دەڵێ ببوورە كەسێكی باشتر لە تۆم دۆزیوەتەوە و زیاتر لە تۆ ئاگای لە منە. بۆیە پێویستم بە تۆ نەماوە.

رووداو: باشە ئەمە ئەزموونێكی راستەقینەی ژیانی تۆیە؟ بەڕاستی خۆشەویستەكەت بەجێیهێشتووی؟

ریم شەریف: نا، ئەزموونی من نییە. من خۆشەویستم هەبووە و دڵی شكاندووم، بەڵام خۆم بەجێمهێشت. كەسی دیكەشم نەدۆزیوەتەوە.

رووداو: كەواتە ئێستا بێ خۆشەویست و سینگلی؟

ریم شەریف: بەڵێ، ئێستا سینگڵم.

رووداو: ناتەوێ كەسێك بێتە ژیانتەوە؟

ریم شەریف: بۆچی نا؟ هەموو كەسێك پێویستی بە كەسێكە کە لە ژیانیدا هەبێت، بەڵام ئەو كەسە دەبێ شایان بێت.

رووداو: دەڵێی شایان بێت، مەبەستت ئەوەیە مەرجت هەیە؟ ئەگەر هەتە، مەرجەكانت چین؟

ریم شەریف: نا، هیچ مەرجێكم نییە. تەنیا دەمەوێ خۆشی بوێم و رێزم بگرێت. گرنگترین شتیش ئەوەیە کە لە هونەرەكەم تێبگات و رێزی كاری هونەریی من بگرێت.

رووداو: لە كوێت و بەحرەین ئاهەنگی تایبەتت زۆرە، بۆچی لەو دوو وڵاتە ئەو جۆرە ئاهەنگانە دەکەیت؟

ریم شەریف: ئاهەنگی تایبەت دوو جۆری هەیە: جۆرێكی ئەوەیە كە تۆ بۆنموونە لە ئاهەنگی لەدایكبوونی كەسێكدا گۆرانی دەڵێیت یان ئاهەنگی پێكهێنانی ژیانی هاوژینی. ئەوە ئاساییە. ئەو جۆرە ئاهەنگانەم زۆر كردووە. جۆری دووەم ئەوەیە كە بۆ كەسێك گۆرانی بڵێیت و دواتر لەگەڵی بخەوی. من هەرگیز ئەوەم نەكردووە. با راشكاوتر بیڵێم: قەت لەشی خۆمم نەفرۆشتووە.

رووداو: سەردانی كوردستانت كرد و ئاهەنگت سازكرد، ئەزموونێكی چۆن بوو؟

ریم شەریف: یەكێك بوو لە جوانترین ئەزموونەكانی ژیانم. خۆشەویستیی زۆرم لە خەڵكی كوردستانەوە پێگەیشت. سوپاسیاندەكەم و پلانیشم هەیە سەردانی كوردستان بكەمەوە.

رووداو: گۆرانیی كوردی ناڵێی؟ چونکە زۆر هونەرمەندی عەرەب گۆرانییان بۆ كوردستان گوتووە یان گۆرانییان بە كوردی گوتووە.

ریم شەریف: حەزدەكەم ئەگەر پڕۆژەیەك هەبێت بیڵێم. بەڵام خۆ لە هەولێر گۆرانیی كوردیم گوت. خۆشترین گۆرانیی كوردیم گوت كە (لە پاش مەرگم)ە. ئەو گۆرانییەم لە لوبنان و لە هەولێریش گوتووە.

رووداو: هونەرمەندانی كورد دەناسی؟

ریم شەریف: وەك ناسین لەنزیكەوە نایانناسم، بەڵام گۆرانیی كوردیم زۆر گوێ‌ لێبووە.