ئۆسکار لە 2026 خەڵاتێکی دیکە لە لیستی خەڵاتەکانیدا دەبەخشێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەکادیمیای ئۆسکار بۆ هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو، لە 2026ـەوە خەڵاتێکی دیکە لە لیستی خەڵاتەکانیدا زیاد دەکات و دەیبەخشێتە بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران.
 
زیادکردنی ئەو خەڵاتە بۆ لیستی خەڵاتەکانی دیکەی ئۆسکار، بە یەکەم خەڵات هەژمار دەکرێت لە دوای زیادکردنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن لە 2001.
 
لە بەیاننامەیەکی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاودا هاتووە، بەڕێوەبەری هەڵبژاردنی ئەکتەران رۆڵێکی سەرەکی لە پیشەسازی فیلمدا دەبینن، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لەگەڵ گەشەسەندنی ئەکادیمیاکەیاندا، ئەوان دڵخۆشن بە زیادکردنی ئەو بەشە لە لیستی خەڵاتەکانیاندا.
 
بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران، بە تخومێکی سەرەکی و پێویست بۆ هەموو پڕۆژەیەکی نوێی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی دەناسرێت، ئەوان رۆڵیان لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکاندا هەیە.
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەڵمەتێک بۆ دیارکردنی خەڵاتێک بۆ بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران هەبوو، لە 2013 هۆبەی تایبەت بەو بەشە لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو کرایەوە و ئێستا 160 ئەندامی هەیە.
 
تاوەکو ئێستا یەکلا نەبووەتەوە خەڵاتی ئۆسکاری باشترین بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران لە پەخشی راستەوخۆی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دەبەخشرێت کە ژمارەیان 23 خەڵاتە، یا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا دەبێت.
 
لەلایەکی دیکەوە؛ سەرکێشیکەرەکان لە فیلمەکاندا کە لە دیمەنە سەخت و ترسناکەکاندا بەشدار دەبن، ئەوانیش داوا دەکەن خەڵاتێکی تایبەتی ئۆسکاریش بە وان هەبێت.
 
بڕیارە 96مین خولی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکار، لە 11ـی ئازاری 2024 بەڕێوەبچێت و خەڵات ببەخشێتە بەرهەمە سینەماییەکانی 2023 و ئەستیرەکانی ئەو بوارە.
 
مانگی رابردوو؛ لیستی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار بڵاوکرایەوە و فیلمی 'Oppenheimer' پشکی شێری بەرکەوت، بە بەربژێرکردنی بۆ 13 خەڵات، لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەر.
  
هەروەها فیلمی کۆمیدی و فانتەسیی 'Poor Things'، بۆ 11 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە.
 
فیلمی 'Killers of the Flower Moon' لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسێزی، هەرچەند لە وەرزی خەڵاتەکانی ئەمریکا چانسی بردنەوەی خەڵاتی نەبوو، بەڵام لە ئۆسکاردا بۆ 10 خەڵات بەربژێرکراوە.
 
لەو بەرهەمە سینەماییەدا هەریەک لە رۆبەرت دینیرۆ و لیۆناردۆ دیکاپرۆ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، دیکاپریۆ بە کارکردن لەگەڵ دەرهێنەرێکی وەک سکۆرسێزی، ئامانجی بەدەستهێنانی دووەم ئۆسکار بوو وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، بەڵام ناوی لە لیستی بەربژێرکراواندا نەبوو.
 
فیلمی 'Barbie' بەهێزترین فیلمی 2023 بوو لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە و داهاتی لە یەک ملیار و نیو نزیکبووەتەوە و بۆ هەشت خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، بەڵام ناوی لە بەشی باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەردا نییە.
 
تایبەتمەندییەکی ئەمساڵی ئۆسکار، بەربژێرکردنی سێ ئەکتەری ژنە بۆ خەڵاتی ئۆسکار لە بەشی باشترین دەرهێنەردا، پێشتر ئەو ژمارەیە لە ئۆسکاردا تۆمار نەکراوە.
 
ئەستێرەیەکی سینەمای جیهان وەک برادلی کۆپەر، ئەمساڵ بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، یەکێکیان وەکو باشترین ئەکتەر، ئەوەی دیکەیان بۆ باشترین پرۆدیوسەر و سێیەمیان بۆ باشترین سیناریۆیە.
 
لە بەشی فیلمە بیانییەکاندا، 'The Captain' نوێنەرایەتیی ئیتاڵیا لە ئۆسکاردا دەکات، ئەمەش لە دوای بەشداربوونی لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دێت.
 
فیلمەکە لەلایەن لیژنەی ئیتاڵی بۆ بەربژێرکردنی فیلم بۆ ئۆسکار هەڵبژێردراوە کە لە دەرهێنانی ماتیو جارۆنییە و چووەتە قۆناخی کورتە لیستی ئۆسکاراوە و یەکێک لەو پێنج فیلمانەیە کە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی بەربژێرکراوە.
 
یەکەم پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بوو و دەرهێنەرەکەی توانی خەڵاتی شێری زیوین بەدەستبێنێت و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەش سیدۆ سار، خەڵاتی باشترین بەهرەمەندی گەنجی بردەوە.
 
بەم دواییە لە رێوڕەسمێکدا لە هۆلیوودی ئەمریکا، خەڵاتی ئۆسکاری شانازی بەخشرایە ژمارەیەک هونەرمەند کە تەمەنێکیان لە سینەمادا بەسەربردووە.
 
میل برۆکس، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی تەمەن 97 ساڵ، یەکێک لە خەڵاتکراوەکان بوو، ئەمەش دووەم جارە ئەو خەڵاتە سینەماییە وەردەگرێت.
 
ئەم چالاکییە ساڵانە لەلایەن دەستەی بەڕێوبەرایەتیی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو سازدەکرێت و ماوەی 14 ساڵە بەردەوامە و پێشتر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەش دەکرا.
 
ژمارەیەک ئەستێرە لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە ئامادەبوون، لەوانە مارتن سکورسێزی، لیۆناردۆ دیکاپریۆ، کریستۆڤەر نۆلان، پێنێلۆپ کروز، ناتالی پۆرتمان و برادلی کوپەر.
 
چالاکییەکە ساڵانە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاوەوە سازدەکرێت بۆ ناساندنی دەستکەوتێک لە چالاکی سینەمایی.
 
برۆکس لە 1969 خەڵاتی ئۆسکاری بۆ نووسینی فیلمی 'The Producers' بەدەستهێنا.
 
هەروەها ئەو خەڵاتە بەخشرایە میشێڵ ساتەر، دامەزرێنەری پەیمانگەی سەنداس و ئەنجێل ئەباسێت، ئەکتەری ئەمریکی.
 
ئۆسکار بە گرنگترین خەڵات لە هونەری حەوتەمدا دەناسرێت و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و وێنەی جوڵا پێشکێش بە باشترین بەرهەمی سینەمایی و ستافی کارەکەیان دەکرێت.
 
خەڵاتی ئۆسکار لەلایەن جۆرج ستانلییەوە نەخشێندراوە کە لە شێوەی سێدریک گیبنسە، یەکەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 1929 بوو، لە 1930 بۆ یەکەمجار رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە رادیۆ گواستراوەتەوە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە تەلەڤزیۆن پەخشکرا.