گوڵستان پەروەر: لە سوێد لە پەكەكە دووركەوتمەوە

بەشی نۆیەم
رووداو - هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە.

گوڵستان لە بەشی نۆیەمی ئەم هەڤپەیڤینەدا باسی كۆچكردنی خۆی و كوڕەكەی لە ئەڵمانیاوە بۆ سوێد دەكات و دەڵێت ئیدی لەوێ‌ لە سیاسەت دووركەوتەوە.

رووداو: پێشتر گوتت لە ئەڵمانیا كێشەتان زۆر بوو، چوون بۆ سوێد، ئەمە ساڵی چەند بوو؟

گوڵستان: ساڵی 1983 بوو.

رووداو: غەریبایەتی سوێد و ئەڵمانیا هیچ جیاوازییەكی هەبوو؟

گوڵستان: ئەڵمانیا كوردی زۆری لێبوون، تێكەڵی لە ئەڵمانیا زۆرتر بوو، بەڵام لە سوێد تەنیایی زیاتر بوو، خواردنی كوردی نەبوو. هەموو خواردنێكی لێنەبوو. نەمدەتوانی نانی ئەوان بخۆم. لە سوێد شتێك نەبوو رەنگی ئێمەی پێوەبێ‌.

رووداو: ئەی مەسەلەی ئیقامە و ئەو شتانەت چۆن جێبەجێ‌ كرد؟

گوڵستان: لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەریم كردبوو، بەڵام بەدوایدا نەچووم، كەسیش نەبوو بۆم پرسیار بكات. من نەمدەزانی مافی من لە ئەڵمانیا چییە. مەحموود باكسی كە لە سوێد بوو، زۆرجار دەهاتە ئەڵمانیا لەلای ئێمە دەمایەوە. ئەو پێشنیازی بۆ كردم كە بچینە سوێد و گوتی بۆ ئێوە زۆر باشترە. گوتی ئێوە لە ئەڵمانیا پاسپۆرتتان نییە. لەوێ‌ بەس پاسپۆرتی پەنابەری هەبوو. جا شڤان هەموو جارێك لەگەڵ پۆلیسی سنووری وڵاتان دەبوو بە شەڕی لەسەر ئەوەی هێندە پێی بڵێن تۆ كێی، بۆ كوێ‌ دەچی، پرسیاری زۆریان لێدەكرد. مەحموود پێیگوتین مافی پەنابەران لە سوێد زۆر زیاترە لە ئەڵمانیا.

رووداو: مافی پەنابەریتان زوو وەرگرت؟

گوڵستان: مەحموود باكسی خەریكی كاروبارەكان بوو، ئەو بەوپێیەی نووسەرێكی بەناوبانگ بوو، لە بەناوبانگترین رۆژنامەی ئەو وڵاتە (ئافتنبلادت) گۆشەی هەبوو، تێكەڵی زۆری لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەت هەبوو. بە تایبەتی نێوانی لەگەڵ ئۆلف پاڵمە خۆش بوو كە سیاسەتمەدارێكی دیاری سۆسیال دیموكرات بوو. ئۆلف پاڵمە بۆ كورد كەسێكی زۆر باش بوو. بیرمە زۆر ناڕەحەت بووم بە كوشتنی. زۆر گریام. وەك ئەوە وابوو كەسێكی نزیكی خێزانەكەم لە دەست بدەم. جا لەبەر ئەوەی من لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەریم كردبوو، نەدەكرا لەوێش داوای مافی پەنابەری بكەم. بەڵام مەحموود باكسی لەگەڵ سیاسەتكارانی ئەوكاتی سوێد زۆر تێكەڵ بوو. پێیگوتن ئەوە گوڵستان و كوڕەكەی هاتوونەتە سوێد، داوای پەناخوازی لە ئێوە دەكەن. گوڵستان هونەرمەندێكی كوردە و ناتوانێ‌ بگەڕێتەوە توركیا.

رووداو: لە سوێد ژیانتان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هات؟

گوڵستان: لە سیاسەت دووركەوتمەوە، پەیوەندیم لەگەڵ هەڤاڵان بڕی. بڕیارم دا فێری زمان ببم، چونكە هاتبوومە وڵاتێكی تازە، دەبووایە فێری زمانی ئەو وڵاتە ببم. كاتەكانم زیاتر لەگەڵ كوڕەكەم بەسەر ببەم. 

رووداو: شڤان پێی ناخۆش نەبوو كە وازت لە سیاسەت هێنا؟

گوڵستان: دوای من شڤانیش وازی هێنا. چونكە ناكۆكی كەوتە نێو هەڤاڵان. لە 1984 گرووپی ئەوروپا دژی یەكدی شتیان نووسی. ئێمە بینیمان هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی لەو شەڕەدا نییە، بۆیە وازمانهێنا.

رووداو: ئەی لە كاری هونەری بەردەوام بووی؟

گوڵستان: گرووپی كوردان هەموویان لە ئەوروپا بوون، بە تایبەتی لە سوێد. زۆر لە سیاسەتمەدارانی گرووپەكانی وەكو پێشەنگ و دەدەكادە و پەسەكە و رزگاری لە سوێد بوون. خەڵكیان هەبوو دەهاتن بۆ كۆنسێرتان، فیدراسیۆنی كوردان لەوێ‌ هەبوو، ئێستاش زۆر چالاكن. پەیوەندیان لەگەڵ دەوڵەت زۆر باش بوو. ئەوانەی سەرپەرشتی فیدراسیۆنیان دەكرد كەسانی خوێندەوار بوون. زمانی سوێدییان بە باشی دەزانی. وات هەست دەكرد كورد لەوێ‌ ئۆتۆنۆمی وەرگرتووە. بەڵام ئەمە لە ئەڵمانیا نەبوو.

رووداو: مافی خوێندن بە زمانی دایك هەبوو؟

گوڵستان: كە سەرخۆبوون دەستی بە خوێندن كرد، پێیانگوتین چەند منداڵێكی كورد لێرە هەن، مافی ئەوەتان هەیە بە زمانی دایك بخوێنن. ئەوكات كرمانجی و سۆرانی هەبوو، ئێمەش داوای كرمانجیمان كرد. 

رووداو: شڤان پەروەر لە سوێد سەردانی دەكردن؟

گوڵستان: 20 رۆژ جارێك یان مانگی جارێك دەهات سەردانی دەكردین.

رووداو: شڤان هاووڵاتیی ئەڵمانی بوو؟

گوڵستان: پاسپۆرتی پەنابەری هەبوو لە ئەڵمانیا. من دوای ساڵ و نیوێك پاسپۆرتی سوێدیم وەرگرت، شڤانیش بەهۆی منەوە پاسپۆرتی سوێدی وەرگرت. بەڵام فێری زمانی سوێدی نەبوو، لە نێوان ئەڵمانیا و سوێد دەهات و دەچوو. ئەو زیاتر كەیفی بە ئەڵمانیا دەهات، زمانی ئەڵمانیشی دەزانی. حەزی لە سوێد نەبوو. ئەو دەبووایە لە ماڵەوە بە دیار ئێمەوە دابنیشێ‌. جگە لەوەش بەلجیكا و نەمسا و فەرەنسا لەئەڵمانیا نزیك بوون، شڤان زۆر حەزی دەكرد بچێتە ئەو وڵاتانە. لەوێ‌ ئاسوودەتر بوو.
 
رووداو: ئەمە كێشەی دروست نەكرد لەنێوانتان؟

گوڵستان: من زۆر عاجز بووم، من و سەرخۆبوون بە تەنیا هاتین بۆ سوێد. ساڵێك دوو ساڵ سێ‌ ساڵ هەر بە تەنیا بووم. بەوە زۆر بریندار بووم. نەمدەتوانی قەناعەت بە شڤان بهێنم بێتە سوێد، بۆیە تەلەفۆنم بۆ دایكم كرد و پێمگوت برا گەورەكەم بنێرە، ئەویش بە خێزانەوە هات بۆ سوێد. ئیدی سەرخۆبوون خاڵی خۆی كرد بە باوكی خۆی.

رووداو: پەیوەندیی كۆمەڵایەتیت لە سوێد چۆن بوو، كەس هەبوو هاتوچۆی بكەی؟

گوڵستان: هەبوون، بەڵام زۆر نەبوون، زۆرتر پەیوەندیم لەگەڵ ماڵی براكەم هەبوو، لەوێ‌ بە شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد. ئەگەر ئەوان نەبوونایە ژیانی ئەوێ‌ زۆر زەحمەت بوو، چونكە لەوێ‌ گەلێك كەس بەهۆی تەنیاییەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن. 

رووداو: زۆر رۆشنبیر و سیاسەتمەداری كورد لە سوێد بوون، پەیوەندیتان لەگەڵیان نەبوو؟

گوڵستان: من لە ئۆپسالا بووم، ئەوان لە ستۆكهۆڵم بوون. ئۆپسالاش زۆرتر بەوە ناسراوە كە شاری خوێندنە، زۆر خەڵكی بیانی دێنە ئەوێ‌ بۆ خوێندن. ئەگەر خوێندكار نەبووای نەتدەتوانی تێكەڵی كۆمەڵگەی ئۆپسالا ببی.

رووداو: كاری هونەریت دەكرد؟

گوڵستان: من پێموابوو ئەگەر كاری هونەری نەكەم ئەوە كەموكوڕییەكم هەیە. بۆیە بەرەوڕووی زەحمەتی زۆر دەبوومەوە، لەلایەك سەرخۆبوون، ماڵ لەلایەك و فێربوونی زمانیش لە لایەكی دیكە. هەمیش كۆنسێرت بكەم، بەڕاستی زۆر زەحمەت بوو.

رووداو: دەچوویە دەرەوەی سوێد بۆ كۆنسێرت؟

گوڵستان: بەڵێ‌، دەچووم بۆ دانیمارك، فەرەنسا و زۆر وڵاتی دیكە.

رووداو: لە ژمارەی رابردوودا باسی جگەرخوینت كرد، لە سوێد پەیوەندیتان بەردەوام بوو؟

گوڵستان: بەڵێ‌. ماڵی ئەوان لە ستۆكهۆڵم بوو. بەڵام ئەگەر شڤان لە ماڵ بووایە كە دەچووین بۆ سوێد دەچووینە ماڵی مەحموود باكسی و لوتفی باكسی برای كە دراوسێی سەیدایێ‌ جگەرخوین بوو، بۆیە دەچووین بۆ لای ئەویش. مامۆستا جگەرخوین منی وەكو كچی خۆی دەبینی. سەرخۆبوونیش نەوەی، بەو چاوە سەیری ئێمەی دەكرد. زۆر كەیفی بە ئێمە دەهات. یەكێك گلەیی لەلا كردبوو كە شڤان هەڵبەستی ئەوی تێكداوە، گوتبوویان تۆ دەڵێی كینە ئەز، شڤان كردوویەتی بە كینە ئەم. ئەویش گوتبووی هەڵبەستەكانی من بۆ شڤان و گوڵستانن، هەر چۆنی حەزیان لێیە با دەستكاری بكەن. زۆر لە ئێمە رازی بوو. دەیگوت مافی هەڵبەستەكانی من دەدەن. جارێك لێم پرسی سەیدا هەڵبەستەكانی تۆ كە دەنووسی، خۆی میوزیكیان لەگەڵە، ناچارین بەو ریتمەی تۆ بڕۆین. ئەویش گوتی من لە دڵەوە میوزیك دەنووسم.