چۆپی فەتاح گۆرانییەک لە تێکست و ئاوازی زیاد ئەسعەد بڵاودەکاتەوە

10-01-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن چۆپی فەتاح
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چۆپی فەتاح، هونەرمەندێکی دیاری نێو هونەری کوردییە، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'رێگا' لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند زیاد ئەسعەد، بۆ یەکەمجار لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.


بڕیارە ئەم بەرهەمە سبەی کاژێر 10:30ـی بەیانی لە بووڵتەنی هونەریی رووداو بڵاوبکرێتەوە و کاژێر 8:00ـی سبەی شەو، لەرێگەی کەناڵی تایبەتی چۆپی فەتاح لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە و هۆگرانی دەتوانن بینەری بن.

دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکە بڕیار فەتاحە و کاری میوزیک و دابەشکردنی لەلایەن ئەمیر جەباریان کراوە و سیناریۆکەی بەوە دەستپێدەکات کە چۆپی فەتاح و زیاد ئەسعەد پێکەوە چات دەکەن و باسی گۆرانییەکە دەکەن.

دوایین کاری هونەریی چۆپی فەتاح، بەناوی 'تۆ منت نەناسی' بوو کە ئەویش بە هەمان شێوە لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند زیاد ئەسعەدە و لە 15ـی ئایاری 2021 بڵاوکرایەوە.

یەکێک لە بەرهەمە بەهێزەکانی چۆپی فەتاح لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەناوی 'دە بێرۆ'یە کە زیاتر لە 11 ملیۆن بینەری هەیە.

چۆپی فەتاح، لە 1983 لە کەرکووک لە دایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە هەندەران کردووە و لە هۆڵەندا جێگیربوونە.

یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'چیت ناو بنێم' لە 2004 بڵاوکردەوە و لە نۆ تراکی گۆرانی پێکهاتووە، دووەم ئەلبوومی بەناوی 'ناوت دەنێم ژینۆ' لە 2007 بڵاوکردەوە و لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە.

ئەو هونەرمەندە ئەلبوومی 'کریستاڵ'، 'شارا' و 'باران' و چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپپێکی بڵاوکردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە