هەڵدێر بۆ رووداو: شێوازی كاركردنم لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر نەدەگونجا

09-12-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن هەڵدێر
A+ A-

رووداو- هەولێر

گۆرانیبێژی لاو، هەڵدێر محێدین، دوای ئەوەی بوو بە سوپەر ستاری بەرنامەی ستۆدیۆی ئەستێران لە كەناڵی زاگرۆس، ناسرا، یەكێك بوو لەو گۆرانیبێژانەی كە لەلایەن ئاوازدانەری كورد هەڵكەوت زاهیرەوە گرنگییەكی زۆری پێدرا، بەڵام دواتر لە یەكدی دووركەوتنەوە. 

هەڵدێر بە ئەزموونێكی كۆمەڵایەتیی قورسدا تێپەڕیوە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی دەكات و كاتێكیش تەمەنی دەبێتە شەش ساڵان، دایكی كۆچی دوایی دەكات. دوایین كۆستی هەڵدێر نەگەیشتن بووە بە خۆشەویستەكەی. سەرەڕای ئەوانەش، پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە و ئێستاش قوتابی قۆناغی سێی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەلاحەددینە.

رووداو: تۆ بەبێ‌ نازی دایك و باوكت گەورە بووی، ئەو ئەزموونە بۆ تۆ چۆن بوو؟
لەبەر خاتری دایكم گۆرانییەكی كەریم كابانم نوێ كردەوە

هەڵدێر: بەداخەوە لە تەمەنی دوو ساڵان باوكم و لە شەش ساڵیشدا دایكم بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچیان

 كردووە و لە نازیان بێبەش بووم، بەڵام سوپاس بۆ خوا، بەفرین خانی خوشكم جێگەی دایكمی بۆ گرتمەوە. دەتوانم بڵێم ناخۆشترین ساتی ژیانم ئەوە بوو كە دایكم لە نەخۆشخانە داوای كردبوو بۆ دواجار منداڵە بچووكەكانی ببینێ، لەبیرمە چووین، بەڵام لەگەڵ گەیشتنمان بۆ لای دایكم ئەو ساتەم بە چاوی خۆم بینی كە گیانی دەرچوو، نەمتوانی قسەی لەگەڵ بكەم.

رووداو: تۆ لە بەرنامەی ستۆدیۆی ئەستێران كە لە كەناڵی زاگرۆس پێشكەش دەكرا، یەكەم بوویت، پێشتر هیچ باكگراوندێكی هونەریت هەبوو؟

هەڵدێر: خۆم حەزێكی زۆرم بۆ هونەر هەبوو، لەبەرئەوەی برایەكیشم لە نێو هونەردا كاری دەكرد، ئەویش بووە پاڵپشتم، بەڵام لەگەڵ چوونم بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەكان دەستم پێَكرد. كاتێكیش بەشداری بەرنامەكەم كرد، لە پەیمانگە بووم و باكگراوندێكی موزیكیم هەبوو، بەڵام لە بەرنامەكەشدا فێری شتی نوێ بووم لەسەر هونەر.

رووداو: دوای بەرنامەی ستۆدیۆی ئەستێران، تۆ و گۆرانیبێژان میرە و دەشنێ‌ و لۆكە پێكەوە دەركەوتن، پەیوەندیتان ماوە؟

هەڵدێر: لەگەڵ دەشنێ و لۆكە پەیوەندیمان هەیە و قسە دەكەین، بەڵام لەگەڵ میرە نەخێر.

رووداو: بۆچی؟

هەڵدێر: لەگەڵ میرە بەحوكمی ئیشكردنمان تێكەڵ بووین، دوای دابڕانی ئیشەكەش پەیوەندیمان نەما، ئەگەرنا هیچ كێشەمان نەبووە.

رووداو: ئەی بۆچی لەگەڵ دەشنێ و لۆكە هیچ كارێكی هاوبەشتان نییە؟

  پەیوەندیم لەگەڵ دەشنێ و لۆكە هەیە، بەڵام لەگەڵ میرە نا

 

هەڵدێر: پێشتر لەگەڵ دەشنێ كارێكمان كرد، بەڵام شێوازی كاركردنمان جیاوازە بۆیە كاری هاوبەشی دیكەمان نییە. 

 

رووداو: بۆچی بە ستایلی خاو گۆرانی دەڵێیت و بە ریتم و ئیقاعی خێرا گۆرانیت نییە؟

 

هەڵدێر: ئەو پرسیارەم زۆر لێدەكرێت، ئەوەش رەنگدانەوەی ژیانی خۆمە بەسەر كارەكانەوە، پاشان هەست دەكەم گۆرانی خێرا و هەڵپەڕكێ لەگەڵ ئیحساسمدا ناگونجێت.

رووداو: ئەمساڵ گۆرانی (گیانە لە پرخەی خەوی خاومدا)ی كەریم كابانت گوتەوە، بۆچی لەنێو هەموو گۆرانییەكانیدا بەتایبەتی ئەو گۆرانییەت هەڵبژارد؟


هەڵدێر: خۆم حەزم لە دەنگی مامۆستای خوالێخۆشبووە و یەكێكە لەو گۆرانییانەشی كە دایكم زۆر حەزی لێبووە، پێمخۆشبوو نوێی بكەمەوە.

 

رووداو: سەرقاڵی بەرهەمێكی تازەی، دەكرێ‌ باسی ناوەڕۆكەكەی بكەی؟

هەڵدێر: بەرهەمێكە بۆ كوردستان، نۆ گۆرانیبێژین كە هەندێكیان لە دەرەوەی وڵاتن، بەڵام پێمخۆش نییە ئێستا ناویان ئاشكرا بكەم، ئەو بەرهەمە میلۆدییەكەی تەواو بووە و تێكستی موتیع جەبارییە و چاوەڕێی سپۆنسەرین بۆ كاركردن.

رووداو: بەنیاز نیت گۆرانییەك بۆ دایك و باوكت بڵێیت؟

هەڵدێر: نەخێر، چونكە لەو باوەڕەدا نیم هیچ گۆرانییەك تەعبیر لە خۆشەویستی ئەوان بكات.

رووداو: دەگوترێت گۆرانی (دوای چوار ساڵ) چیرۆكی راستەقینەی ژیانی خۆتە، راستە؟

هەڵدێر: بەڵێ راستە، ماوەی چوار ساڵ و سێ مانگ پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ كچێكدا هەبوو، لەبەرئەوەی لە بواری هونەردا كارم دەكرد خێزانەكەی نەیانهێشت شووم پێ بكات، نزیكەی پێنج ساڵ لەمەوبەریش وازمان لە یەكدی هێنا، ئەو ئێستا شووی كردووە.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە