ئەکتەرانی هۆلیوود و ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنان گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی

09-11-2023
پەسار فایەق
مانگرتنی ئەکتەرانی ئەمریکا، وێنە: AFP
مانگرتنی ئەکتەرانی ئەمریکا، وێنە: AFP
نیشانەکردن هۆلیوود
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای ئەکتەرانی هۆلیوود گەیشتە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی، بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنی ئەکتەران، ئەمەش دوای نزیکەی چوار مانگ لە مانگرتنی ئەکتەران دێت کە بەهۆیەوە زۆربەی بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەکان وەستابوون.
 
رێککەوتنەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا واژۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام مانگرتنەکە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2023 بە کاتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت.
 
سەندیکای ئەکتەرانی هۆلیوود کە 160 هەزار ئەندامی هەیە، لە دوای نووسەرانی ئەمریکا مانگرتنییان راگەیاند، بەهۆی وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانیان، مانگرتنەکە رۆژ بە رۆژ فراونتر دەبوو.
 
مانگرتنی هەردوو سەندیکای سیناریۆنووسانی ئەمریکا و سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا، یەکەم مانگرتنی دوو سەندیکایە لە یەک پیشەسازیدا لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا.
 
ئەکتەرەکانی هۆلیوود لەگەڵ کۆتاییهاتنی گریبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، داوای راگرتنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دادپەروەری و زیاکردنی کرێی کارکردنیان بوو.
 
دوایین جار ئەکتەرانی سینەما و تەلەفزیۆنی لە 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ مانیان گرت، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەکتەرانی بواری ریکلام دوو جار مانیان گرتووە. 
 
مەترسییەکی گەورەی سەر نووسەران لە ئەمریکا؛ رۆبۆتی 'ChatGPT'یە؛ هەندێک لە نووسەرانی نێتفلێکس و دیزنی دانیان بەوەدا ناوە، دەکرێت رۆبۆتەکە بتوانێت چیرۆکی سەرەتایی بنووسێت، کۆمپانیاکانیش تەنیا بۆ پێداچوونەوە سوود لە توانای نووسەرەکان وەربگرن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە