ئەستێرەکانی هۆلیوود دەنگ بە کێ دەدەن، ترەمپ یان بایدن؟

 
رووداو دیجیتاڵ
 
شکستی هیلاری کلنتن، بەربژێری پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2016 و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵبژاردنەکاندا، دەریخست ئەو پشتگیری و لایەنگیرییە گەورەیەی بەربژێری دیموکراتەکان، لە ناوەندە هونەرییەکانی وڵات و ئەستێرە بەناوبانگەکاندا بەدەستیهێنابوو، ناتوانێ کاریگەریی زۆر لەسەر  خەڵک بۆ دەنگدان بە سەرۆکی داهاتووی وڵات، دروست بکات.
 
وێڕای ئەو راستییانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەریانخست، بەڵام پشتگیری کەسایەتی و ئەستێرە بەناوبانگەکانی هۆلیوود، بەتایبەت بەخشینی پارە و کۆمەک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بەربژێرانی سەرۆکایەتی، کاریگەریی زۆری لەسەر هەڵبژاردنەکاندا دەبێت.
 
ئەمریکا رۆژ لە دوای رۆژ، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی نزیکدەبێتەوە. رکابەریی نێوان جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان، تادێت تووندتر دەبێت. ئەو هەوڵە دیموکراتییەی وڵات، وایکردووە هەمووان خۆیان بۆ دەنگدان و دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی وڵات یەکلابکەنەوە، بەتایبەتیش ئەو ئەستێرە و کەسایەتییە گەورانەی هۆلیوود، کە لە فیلم و دراما و بەرهەمەکانیاندا ملیۆنان ئەمریکی سەرسامی خۆیان دەکەن. یان ئەو گۆرانیبێژانەی ئاهەنگەکانیان بەر لە کۆرۆنا، هەزاران کەسی کۆدەکردەوە.
 
لە نێو ئەو مشتومڕ و هەڵچوونە بەردەوامەدا کە وڵاتەکە بەخۆوەی دەبینێت، ئێستا ئیدی زۆر لە هونەرمەندەکان و ئەستێرە بەناوبانگەکان، لە نێوان هەردوو بەربژێرەکەدا خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.
 
ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بەژیانی خەڵکەوە هەیە
 
کەسایەتییە بەناوبانگەکان و ئەستێرەکانی هۆلیوود، پێشتر لە زۆر هەڵویست و بۆچوون و بابەتی ناکۆکی لەسەردا، رای خۆیان لەسەر بابەتەکان دەربڕیووە، لە نێو ئەو بابەتانەدا کە زیاتر سەرنجی ئەوان رادەکێشێت، رووداوەکانی تووندوتیژی نێو کۆمەڵگە، رەگەزپەرستی، مافی ئاژەڵان و چەندان بابەتی دیکە بەرچاو دەکەون. ئاخر ئەستێرەکانی هۆلیوود سیاسەت ناکەن و بەدوای هونەردا دەگەڕێن. پەیوەندیی راستەوخۆیان بە خەڵک و هەوادارانیانەوە هەیە، بۆیە قسەکردن و هەڵوەستە لەسەر رووداوەکانی نزیک لەژیانی خەڵک، لای ئەوان مایەی گرنگی و بایەخە.
 
هەندێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود، لەوانەش وبی گۆڵدبێرگ، شیر، بیلی پۆرتەر و جۆرج کلۆنی، کە پشتگیری لە بزووتنەوە دژە رەگەزپەرستییەکان دەکەن و لایەنگری ژینگەی خاوێنن، لەوەدا کۆکن کە پشتگیری جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی بکەن. ئەستێرە بێلایەنەکانیش مەیلیان بەلای بایدندا هەیە.
 
بەر لە کەمتر لە مانگێک لە هەڵبژاردنەکانی سەرەتای مانگی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەستێرەکانی هۆلیوود بەتایبەت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا دەردەکەون، کاتێک نیشتەجێیەکەی کۆشکی سپی، هەوڵدەدات بۆ دووەمجار ببێتەوە سەرۆکی وڵات و شکست بە جێگری پێشووی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی وڵات بهێنێت.
 
ئەستێرە گەنجەکانی هۆلیوود، لە رێگەی هاندانی گەنجان و کەمینە کاریگەرەکان لەسەر هەڵبژاردنەکان، هەوڵدەدەن دەنگ و سۆزی دەنگدەرەکان بۆ بایدن کۆبکەنەوە، هەروەها هانیاندەدەن بۆ خۆناونووسکردن لە هەڵبژاردنەکان و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بۆ دیموکراتەکان.
 
ئەستێرەکان بەلای کێدا دایدەشکێنن؟
 
رادیۆی 'ئار تی ئێڵ'ی فەرەنسی دەڵێت، هەرچەندە زۆرینەی ئەستێرەکانی مۆزیک، تەلەڤزیۆن، سینەما و نمایش، پشتگیری بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام هەندێک لەوان یاخیبوون لەو پرەنسیپە باوە و هەوڵدەدەن دەنگ بۆ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان کۆبکەنەوە.
 
بەپێی ئەوەی تائێستا ئەستێرەکانی هۆلیوود پێشانیانداوە، لە پشتگیری و لایەنگیری یەکێک لە پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی داهاتوو یەکێکیان دەبێتە سەرۆکی وڵات. پێدەچێت بایدن سۆزی زیاتری ئەوانی لەگەڵدا بێت.
 
وبی گۆڵدبێرگ، ئەستێرەی کۆمیدیای سینەما، هەڵمەتێکی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی جۆ بایدن راگەیاند. هەرچی بن ئەفلیک، ئەستێرەی بەناوبانگی سینەما و هۆلیوودە، بڕێک پارەی بۆ سندووقی 'سەرکەوتنی بایدن' بەخشی. بەڵام رۆبێرت ریدفۆرد، بە ئاشکرا رایگەیاندووە پشتگیری بایدن دەکات، چونکە ئەو "دژ بە زوڵم و رەگەزپەرستی دەوەستێتەوە" لە ئەمریکادا.
 
مارک هامیل، ئەکتەری 69 ساڵی هۆلیوودە، لە رێدفۆرد واوەتر چووە لە بابەتی پشگیری بایدندا، ئەو رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی چەند ساڵی پێشووی ترەمپ گرتووە، پێیوایە ترەمپ سەرۆکێکی نەگونجاوە بۆ وڵات.
 
هەرچی دیپلۆ، بەرهەمهێنەری موزیک و دی جەی بەناوبانگی ئەمریکییە، هەڵمەتێکی بۆ کۆمەک کۆکردنەوە لەپێناو سەرخستنی بایدن راگەیاندووە. لەگەڵیدا لیۆناردۆ دیکاپریۆی براوەی خەڵاتی ئۆسکار، هاوکارییەکی باشی هەڵمەتی کۆمەک کۆکردنەوەکانی بایدنی کرد و گوتی: "من لەگەڵ بایدنم".
 
دیکاپریۆ لە نێو گەنجانی ئەمریکا و ناوەندی سینەمایی ئەو وڵاتەدا، خۆشەویست و دڵگیرە.
 
تیتۆس بۆرگیس، بەرهەمهێنەری سینەما و خاوەنی کۆمپانیای سینەمایی، بەشداری لە هەڵمەتەکانی پارە کۆکردنەوە بۆ بایدن کردووە. بەڵام ئانا وینتۆر، رۆژنامەڤانی  ئەمریکی - بەریتانی، کە بە سیمبولی مۆدە و ئەتەکێت دادەنرێت لە ئەمریکا، لە گۆڤاری 'مۆدە'ی تایبەت بەدوا نمایشەکانی جلوبەرگ و جیهانی رێکپۆشی، لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤارەکەدا، سەروتارێکی بۆ پشتگیری بایدن نووسی.
 
بیلی جین کینگ، ئەستێرەی پێشووی تێنسی سەرزەوی ئەمریکی، داوای لە لایەنگرەکانی کرد دەنگ بە "یەکسانی" بدەن و لە دژی ترەمپ رابوەستنەوە. هەرچی جۆرج کلۆنی، ئەکتەری بەناوبانگە، ئەوە بێگومان هەمیشە وەک سیمبولی لایەنگیری بۆ دیموکراتەکانی وڵات تەماشا دەکرێت و لەسەروبەندی هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیی وڵاتدا، ئەو لە هۆلیوود هەوڵی دەنگ کۆکردنەوە، بۆ دیموکراتەکان دەدات.
 
هەریەکە لە جینیفەر هدسۆن، باربرا سترایسند و جۆن لینگند، گۆرانیبێژانی بەناوبانگی ئەمریکی، گۆرانییان بۆ سەرخستنی بایدن چڕیوە.  مادۆنای ئەستێرەی بەناوبانگ، دەمێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنەی تووند ئاراستەی هەڵسوکەوت و کردارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکات و پشتگیری بێمەرجی ئەو بۆ بایدن، هەڵوێستێکی نوێ نییە.
 
جۆن لینگد، ئەکتەر و گۆرانیبێژ و کەسایەتی خێرخواز، لە کۆنگرەی پارتی دیموکراتدا بۆ دەستنیشانکردنی بایدن، بەنوێنەری پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵات، گۆرانی "Glory" چڕی. هەروەها زۆی دیشانێل، گۆرانیبێژ و ئەکتەر و تێکستنووسی شۆخ و شەنگ، پشتگیری خۆی بۆ دیموکراتەکان راگەیاندووە و داوای لە هەمووان کردووە لە رێگەی پۆستەوە، دەنگەکانیان بۆ بایدن بنێرن.
 
باربێرا سترایسند، یەکەم ئافرەتی ئەمریکی کە زۆربەی کارەکانی فیلمەکەی هەر لە سیناریۆوە تاوەکو بەرهەم، دەرهێنەر و مۆنتاج و نواندنی لە یەک فیلمدا بەخۆی بکات، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت: "بێگومان دەبێ لە نۆڤێمبەردا شکست بە ترەمپ بهێنین، بەرلەوەی ئەو زیانی زیاتر لە دیموکراتیەت بدات".
 
تایلۆر سوێفت وەک دوا ئەستێرە
 
دوایین کەس لە ئەستێرە دیارەکانی هۆلیوود، کە لایەنگیری خۆی بۆ جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکاندا راگەیاند، تایلۆر سوێفتی گۆرانیبێژی بەناوبانگ بوو.
سوێفت ئێوارەی پێنجشەممە، پشتگیری خۆی بۆ بایدن و کامالا هاریس راگەیاند و گوتی سەرکەوتنی ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا، وادەکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو چاکبوونەوە هەنگاوبنێت لە دوای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ.
 
سوێفت، پێشتر مەیلێکی کەمی بۆ پشتگیری بایدن دەرخستبوو، بەڵام لە چاوپێکەوتنی گۆڤاری 'فی'دا گوتویەتی "شانازییە دەنگ بە جۆ بایدن و کامالا هاریس بدەم".
 
ئەو زیاتر گوتویەتی: "متمانەم بەوە هەیە کە ئەمریکا، لەسایەی کاری ئەواندا دەتوانێ کاروانی چاکبوونەوە دەستپێبکات، کە ئێستا زۆر پێویستی پێیەتی".
 
سوێفت کە سەرلیستی گۆرانیبێژە پڕ داهاتترینەکانی جیهانی گرتووە، دەڵێ "ئەو گۆڕانەی پێویستمان پێیەتی، هەڵبژاردنی سەرۆکێکە دانبەوەدابنێت کە کەسانی رەنگ جیاواز، شایەنی ئەوەن هەست بە ئارامی بکەن، نوێنەریان هەیە و ئافرەتانیش شایەنی ئەوەن ئازادبن لە بڕیاردان لەبارەی جەستەی خۆیانەوە".
 
سوێفت کاری نواندنیش دەکات، ئەو دەڵێت "هەمووان شایستەی حکوومەتێکن مەترسییە تەندروستییە جیهانییەکان لە کۆڵ بنێت و پێشینەی کارەکانی خۆی بداتە ژیانی مرۆڤ".
 
سوێفت لە بەرگی گۆڤارەکەدا، وێنەیەکی هەیە کە لە ژێر وێنەکەدا نووسراوە 'دەنگبدەن'، لە وێنەکەشدا سینییەک شیرینی بەسەر دەستەوەیە، کە هەردوو ناوی 'بایدن' و 'هاریس'ی لەسەر نووسراوە.
 
سوێفت یەکێکی دیکەیە لەو هونەرمەندانەی لێدوانەکانی ترەمپ، لەبارەی رەگەزپەرستییەوە نیگەرانی کردووە و داوای تۆڵەکردنەوە لە ترەمپ دەکات، بەدەنگنەدان پێی.
 
لایەنگرەکانی ترەمپ
 
لەو نێوەندەدا، هۆلیوودییەکان بەهەموو پیشە جیاوازەکانیانەوە، هەمووان پشتیان لە ترەمپ نەکردووە و لە گۆڕەپانە هونەرییەکەدا بەتەنیا بەجێیان نەهێشتووە.
 
جۆن فۆیت، ئەکتەری دێرینی هۆلیوود و باوکی ئەنجلینا جولی، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بۆ پشتگیری ترەمپ و کۆمارییەکان بڵاوکردەوە و داوایکردووە دەنگ بە ترەپم بدەن.
 
رۆزان بار، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی، ساڵانی پێشوو چەندینجار پشتگیری خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵوێست و بۆچوونەکانیدا دەربڕیوە، ئەمجارەش هەمان هەڵوێستی دەربڕییەوە و داوای کارکردن بۆ دەرچوونەوەی ترەمپی کرد.
 
هەرچی جەیمس ودزی پاڵەوانی فیلمی 'جارێک لە ئەمریکا'یە، پەسنی "نیشتمانی ئەمریکی لە سایەی دەسەڵاتی ترەمپدا" داوە.
 
لای خۆیەوە، دین کاین، پاڵەوانی زنجیرە فیلمی 'سوپەرمان' کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە لە ئەمریکا و جیهاندا بینەری یەکجار زۆری هەبووە، ئاشکرایکردووە متمانەی تەواوی بەکار و بیرکردنەوەکانی دۆناڵد ترەمپ، هەیە.
 
ستایسی داش، پاڵەوانی فیلمی 'نەزان'، هەر لەسەرەتاوە پشتگیری خۆی بۆ سەرۆکایەتی ترەمپ دەربڕیوە.
 
کانی ویست، راپەر و هاوسەری کیم کارداشیان، بەرلەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات، پشتگیری خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ راگەیاندبوو، بەڵام لەوانەیە ئێستا دەنگی کانی بۆ ترەمپ نەبێت.
 
هاندان بۆ بەشداری لە دەنگدان
 
ئەستێرەکانی هۆلیوود، لە هەڵبژاردنەکاندا، بەتەنیا کار بۆ کاریگەریی دروستکردن لەسەر دەنگدەرانی وڵاتەکە بەئاراستەی یەکێک لە بەربژێرەکان ناکەن، بەڵکو ئەوان بەرلەوە، هاندەری سەرەکین بۆ ئەوەی خەڵک بچنە هەڵبژاردنەکان و بەشداری دەنگدان بکەن.
 
لەماوەی رابردوودا، هەریەکە لە سیلینا گۆمێز، جۆن لینگند و لیۆناردۆ دیکاپریۆ، بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بەناوی "کێ دەنگی خۆی بەلاوە گرنگە، بۆی شیبکەرەوە"، کرد کە تێیدا هانی هاونیشتمانییانی ئەمریکا دەدەن، بەشداری لە دەنگدان و هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
 
بەشێکی دیکەی ئەستێرەکانی هۆلیوود، هەمان داخوازییان لە ئەمریکییەکان کرد و داوای چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانیان لێکردن.
 
گۆڤاری 'بیگ 6'ی ئەمریکی، گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەندین ئەستێرەی هۆلیوودی بڵاوکردەوە کە بەشێوازی جیاواز، داوا لە ئەمریکییەکان دەکەن، لە دەنگداندا بەشداربن.
 
ئەستێرەکان هەندێکیان ماسک و هەندێکیان تیشێرت و هەندێکی دیکە خشڵی هاندان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدانیان نمایشکردووە کە داوای چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانی لەسەرە.
 
جۆر و شێوەی جلوبەرگ و کەلوپەلەکان، کە ئەستێرەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکاریانهێناوە، جیاوازبوو. گۆڤارەکە وێنەی چەندین ئەستێرەی جیاوازی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو کارەیان کردووە، لە نێویاندا ئۆپرا وینفری، پێشکێشکاری بەناوبانگ، کە بە تیشێرتێکەوە لە هەڵمەتەکەدا بەشداربوو.
 
هەڵبژاردن لە نێو بەربژێرە دیموکراتەکاندا
 
بەرلەوەی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، نوێنەری فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەستنیشان بکات، رکابەریی لە نێوان چەندین ئەندام و سیاسەتمەداری ئەو پارتە هەبوو، بۆ گەیشتن بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەی پارتەکە، لەپێناو بوونە بەربژێری سەرۆکایەتی.
 
ئەوکاتەی هێشتا بایدن نەبووبووە نوێنەری فەرمیی دیموکراتەکان، چەندین بەربژێری دیکە رکابەریی ئەویان لەو پۆستەدا دەکرد و چەندین مانگ پێویست بوو، بۆ یەکلابوونەوەی بەربژێری راستەقینەی پارتەکە، لە هەڵبژاردنەکاندا.
 
لەو سەروبەندەدا کە پارتی دیموکرات سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکەی بوو، ئەستێرەکانی هۆلیوود و کەسایەتییە دیارەکان، هەڵویستی جیاوازی پشتگیری و هاندانیان بۆ ئەندامانی پارتەکە و بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی دەربڕی.
 
ئەوکات کیڤن کۆستنەر، ئەکتەر و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار، پشتگیری خۆی بۆ بیت بۆتیگیگ دەربڕی، کە یەکێک بوو لە بەربژێران لە کۆنگرەی پارتی دیموکراتدا بۆ بوونە بەربژێری فەرمی حیزبەکە، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.
 
ئەوە یەکەمجار نەبوو کۆستنەر، خۆی بهاوێتە ناو دونیای سیاسەتەوە، 'سی ئێن ئێن' رایگەیاندووە، ئەو ئەکتەرە پێشتر پشتگیری باراک ئۆبامای کردووە لە هەڵبژاردنەکانی 2008، راشیگەیاندبوو ئەگەر میشێل ئۆباما، خانمی پێشووی یەکەمی وڵات خۆی بەربژێر بکات "لەدڵەوە بایەخێکی گەورە بە سەرکەوتنت دەدەم".
 
چەندین ئەستێرەی دیکەی هۆلیوود، هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بۆتیگیگ هەبوو، لە نێویاندا ئیلین دیجینێرز، پێشکێشکاری بەناوبانگ کە 2800 دۆلاری بۆ هەڵمەتەکانی کۆمەکی ئەو کۆکردەوە. هەروەها مایکڵ فۆکس 5 هەزار دۆلاری بەخشی، ئەمە جیا لە جینیفێر ئەنستۆن، جینیفێر گارنەر و جۆنیس پالترۆ.
 
هەندێکی دیکە، ئەوکات پشتگیری بێرنی ساندەرزیان کرد، لە نێویاندا سوزان ساندرسۆن و بۆب دیلان و دانی گلۆڤەرز.
 
هەرچی ئیلیزابێس وارنی سیناتۆرە، کە بەربژێربوو بۆ بوونە نوێنەری دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، پشتگیری هەریەکە لە ریان رینۆڵدز، باربرا ستراتیسند، ئامی شومەر و سکارلیت جۆهانسنی جوانکیلەی بەدەستهێنا.
 
جۆ بایدن، ئەوکاتیش دەنگی هەندێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود مسۆگەر کردبوو، بەڵام لە کاتێکدا بایدن بە لە پێشترین بەربژێر بۆ رکابەری پۆستی سەرۆکی وڵات تەماشادەکرا، دەنگ و پشتگیری هۆلیوودییەکان بۆی یەکجار کەمبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئەستێرە پشتگیرییان کرد، لەوانەش تۆم هانکس، کە بڕی 1400 دۆلاریشی بۆ هەڵمەتەکانی بایدن بەخشی، هەروەها بۆب رینێری دەرهێنەر.
 
لە بەرامبەردا هەندێکی دیکە، پشتگیری سیناتۆر کامالا هاریسیان دەکرد، کە دواتر بووە بەربژێری جێگری سەرۆک، لە نێویاندا مایکڵ دۆگلاس، شۆن بین، ویلیام ماسی و ریز وزیرسبۆن.
 
کاردانەوەی ئەستێرەکانی هۆلیوود لە پاش یەکەم دیبەیت
 
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، یەکەم دیبەیتی ئەمساڵی سەرۆکایەتی، لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، بەرەبەیانی 29ی ئەیلوول بەڕێوەچوو.
 
دیبەیتەکە گفتوگۆی تووند و دەمەقاڵە و هێرشکردنە سەر یەکتری، لە نێوان هەردوو بەربژێردا بەخۆوە بینی. هەندێک لە قسەکانی هەردوو بەربژێر گەیشتنە حاڵەتی سووکایەتی بە کەسایەتی یەکدی و ئەوەش هێندەی دیکە کاردانەوە و بەدواداچوونی بۆ دیبەیتەکە دروستکرد.
 
بەشێک لە دیارترین کاردانەوە دروستکەر و بەشداربووی ئەو لێکەوتانەی لە دیبەیتەکە دروستبوون. ئەستێرەکانی هۆلیوود بوون، کە بۆچوونی جیاوازیان لە سۆشیال میدیاوە لەسەر دیبەیتەکە دەربڕی. جیا لەوەش ئەستێرەکانی هۆلیوود، بۆچوون و رای خۆیان لەسەر بابەتە باسکراوەکانی ناو دیبەیتەکە لە نێو هەردوو بەربژێردا، دەربڕی.
 
مارک رۆڤالۆ، ئەکتەر و سیناریستی ئەمریکی نووسی: "دەمەوێ لە ئەمریکایەکدا بژیم، تێیدا رەوشتی کەسێکی ژینکردوو لەگەڵ خوگرتوویەکی هۆشبەر وەک چەکێک بۆ سووکایەتی کەسیی لەدژی بەکارنەهێنرێت، بەتایبەت پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا". ئەمە وەڵامی ئەو ئەکتەرەبوو، بۆ قسەیەکی ترەمپ کە لە دیبەیتەکەدا باسی ئەوەی کرد، کوڕەکەی بایدن، خووپێوەگرتووی هۆشبەر بووە.
 
پینکی گۆرانیبێژ نووسی "هەستدەکەن سەرپەرشتیارانی دیبەیتەکە ئێستا پێویستیان بەوە هەیە ببنە مامۆستای قۆناخی باخچەی ساوایان، لەپێناو تێگەیشتن لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بووکەڵەیەکی قێزەونی وەک دۆناڵد"دا.
 
هەرچی ئەلیسا میلانۆی ئەکتەرە نووسی: "روونە کە بایدن براوە بوو، ئەم دیبەیتە تەنیا ئەوەی دەرخست کە ترەمپ، بێمێشکە".
 
ئیلیزابێس بانکس، دەرهێنەر و ئەکتەری سینەمایی، دەڵێت: "راستە ئەوانە سێ پیاوی پێگەیشتووی پرۆفیشناڵ بوون؟". کە مەبەست لێیان ترەمپ، بایدن و کریس واڵاسی پێشکێشکاری دیبەیتەکەیە.
 
پێشکێشکارەکە بێبەش نەبوو لە کۆمێنت و هێرش، بین شوارتزی نووسەر و بەرهەمهێنەری کۆمیدی نووسی: "دەستخۆشیمان بۆ والاس کە ژمارەی پێوانەیی لە گوتنی وشەی 'جەنابی سەرۆک' شکاند و لە هەر خولەکێکدا، پێنج جار ئەو وشەیەی دووبارە دەکردەوە".
 
هەرچی جیرمی سلاتەر، نووسەر و بەرهەمهێنەری ناسراوە لە زنجیرە فیلمەکانی مارڤل، لە شێوەی 'فانتەستیک فۆر' و 'داس نۆت'، گوتی "ئەوە خراپترین شت بوو لە ژیانمدا بینیوومە".
 
زۆرینەی کۆمێنتەکان لە دژی ترەمپ بوون، کە هێرشی زۆری کردە سەر بایدن و پەلاماری شتە کەسییەکانی ئەوی دا، ئید هیلمس، نووسەری کۆمیدی نووسی: "ترەمپ رازینەبوو سەرکۆنەی بزووتنەوە تووندئاژۆ سپیپێستەکان بکات، ئەمە بێمانایە و ئەو بێبەش دەکات لەوەی ببێتە سەرۆکی نەتەوە مەزنەکەمان". 
 
هەرچی کیری واشنتنە، نووسی: "ئەو رەتیکردەوە سەرکۆنەی رێکخراوە سپیپێستە تووندەکان بکات، کەواتە تکایە ئاگاداربن، سەرۆکی خۆتان هەڵبژێرن".