لەمیا جەمال و عەدنان تەیموور 'زەمبیل فرۆش' دەڵێنەوە

09-09-2024
پەسار فایەق
لەمیا جەمال و عەدنان تەیموور لە ڤیدیۆکلیپی "زەمبیل فرۆش"
لەمیا جەمال و عەدنان تەیموور لە ڤیدیۆکلیپی "زەمبیل فرۆش"
نیشانەکردن "زەمبیل فرۆش"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"زەمبیل فرۆش" بەیتێکی کوردییە و باس لە ئەڤین و وەفا دەکات، فەقێی تەیران، شاعیری کورد یەکەم کەس بووە چیرۆکەکەی بە شیعر باسکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان بە گۆرانی پێشکێشیان کردووە، ئەمجارە هونەرمەندێکی کورد و عەرەب بەشێوەی دوێت بەرهەمەکەیان گوتووەتەوە.
 
هەڵکەوت زاهیر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گۆرانیی "زەمبیل فرۆش"ـی بە میوزیکێکی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە و بە دەنگی لەمیا جەمال، هونەرمەندی تونسی و عەدنان تەیموور، هونەرمەندی کورد بەشێوەی دوێت گوتراوە. 
 
گوتیشی، دابەشکردنی میوزیکی گۆرانییەکە لەلایەن رێناس تەنیک کراوە و ڤیدیۆکلیپەکەی لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
رەیان شێلازی دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکەیە، دیمەنەکانی لە نێو دیوەخانێکی کوردی وێنەگیراوە، جگە لە هەردوو گۆرانیبێژ کە جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە، ژمارەیەک گەنجیش بە جلوبەرگی کوردییەوە تێیدا بەشدارن.
 
لە هونەرمەندە دیارەکانی گۆرانیی "زەمبیل فرۆش"ـیان بەشێوەی دوێت گوتووەتەوە، عیسا بەرواری و گوڵبهار، شڤان پەروەر و گوڵستان.
 
چیرۆکی زەمبیل فرۆش بە چەندین شێواز گێڕدراوەتەوە، چیرۆکی سەرەکی باس لە دەروێشێکی لە خودا ترس و بە وەفا بۆ هاوژینەکەی دەکات کە زەمبیل دەفرۆشێت و کاراکتەری سەرەکیی داستانەکەیە، هاوژینی پادشای شارێک داوای لێدەکات ببێت بە ئەوینداری، بەڵام زەمبیل فرۆش خاوەن ژن و منداڵە و پیاوێکی لەخودا ترسە و داوکاریی خانمی یەکەمی شارەکە رەتدەکاتەوە.
 
لە کۆتایی چیرۆکەکەدا زەمبیل فرۆش خۆی لەسەر قەڵای پاشاوە فڕێ دەداتە خوارەوە بۆ ئەوەی خۆی نەداتە دەست حەزی و ئارەزووی ژنی پاشاوە و کۆتایی بە دوورخستنەوەی لە هاوژین و منداڵەکانی بێنێت، بەڵام دەگوترێت خودا نزای وەردەگرێت و یارمەتیی دەدات و جیبریل دەنێرێت بۆ ئەوەی نەھێڵێت بکەوێتە خوارەوە و ژیانی لەدەستبدات.
 
گێڕانەوەی چیرۆکەکە بە چەند شێوازێکی جیاواز لە ئەدەبیاتی زارەکیدا باسکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە