سێیەم ئەندامی 'بی تی ئێس' دەبێتە سەرباز

09-08-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'بی تی ئێس'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شوگا، ئەندامی گرووپی 'بی تی ئێس' پابەندی سەربازی زۆرەملێ لە کۆریای باشوور دەبێت و سێیەم ئەندامی ئەو گرووپەیە دەبێت بە سەرباز.
 
بیگ هێت میوزیک کە سەرپەرشتی گرووپی 'بی تی ئێس' دەکات، هەواڵەکەی پشتراستکردووەتەوە و داوای خۆشەویستی و پشتگیری بەردەوامی هەوادارانی بۆ هونەرمەندەکەیان دەخوازێت.
 
لە کۆریای باشوور، هەموو پیاوێک لە تەمەنی 18 بۆ 28 ساڵی، بەپێی یاسا پێویستە 18 بۆ 21 مانگ خزمەتی سەربازی بکات، مەبەست لێی پاراستنی خاکی وڵاتەکەیە لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، یاساکە لێخۆشبوونی تایبەت بە وەرزشوان، میوزسیان، سەماکارانی بالێ و سەماکارانی دیکەی هەیە ئەگەر لە بەشێک لە پێشبڕکێیەکاندا خەڵاتی سەرەکییان بەدەستهێنابێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت کە شکۆمەندی نیشتمانییان بەرزکردووەتەوە، بەڵام ئەندامانی گرووپی 'بی تی ئێس' لەگەڵ ئەو ناوبانگییە جیهانییە و دەستکەوتەکانیان، ئەم خاڵە نەیگرتوونەتەوە.
 
لە کانوونی دووەمی 2022، دیارترین ئەندامی گرووپەکە بەناوی جین، ناوی خۆی بۆ خزمەتی سەربازی تۆمارکرد، دواتر جەی هۆپ لە نیسانی هەمان ساڵدا بوو بە سەرباز.
 
ئەندامانی گرووپەکە جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو و بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، لەگەڵ بایدن دوو پەنجەی دەستیان لەیەکدی داوە و هاوشێوەی دڵ دەردەکەوێت.
 
'بی تی ئێس' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2010 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، شوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool ' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
'بی تی ئێس' یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریایە، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریایە لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە