لە جیهاندا خواست لەسەر سینەمای هاوینە زیادیکردووە

09-07-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن سینەمای هاوینە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە وەرزی هاویندا پێشاندانی فیلمە سینەماییەکان لە شوێنی سەرئاوڵا لەسەر ئاستی جیهاندا گەشە دەسەنێت، بەتایبەتیش لە شوێنە گرنگ و تایبەتەکاندا، گۆڕەپانی مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس وەک نموونە.
 
کریستیان کریمەر، خاوەنکاری ئەڵمانییە و خاوەنی کۆمپانیای 'ئێرسکرین'ـە بۆ دابینکردنی شاشەی سینەمایی لە شوێنی سەرئاوڵا و لەمبارەیەوە دەڵێت، جیهان بە گشتی داوای نمایش لە شوێنی سەرئاوڵا دەکات. 
 
گوتیشی، ساڵانە بە سەتان شاشە بە کڕیاران لە 130 وڵات دەفرۆشن، لەوانەش بە هوتێلەکان و دوورگە تایبەتەکان، جگە لەو شارانەی نمایشی سینەمایی لە وەرزی هاویندا لە شوێنی سەرئاوڵادا سازدەکەن.
 
هەروەها کرێمەر دەڵێت، لە بەریتانیا هەندێ جار بلیتی ئەم جۆرە نمایشانە لەگەڵ سەبەتەی خواردن دەفرۆشرێت، چونکە ئەو رووداوە وەک کات بەسەربردن بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش پێشاندەدات، بەڵام لە بەشێک لە وڵاتانی دیکە، خەڵک لە نێو چیمەندا رادەکشێن و سەیری فیلم دەکەن.
 
لەگەڵ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی سینەما لە شوێنی سەرئاوڵا لە پاریس، شاشەیەکی گەورەی سینەمایی لە گۆڕەپانی مۆزەخانەی لۆڤەر دانراوە کە لەلایەن 'ئێم کەی 2' و مۆزەخانەکە سازدەکرێت و ئامادەبوون تێیدا بە خۆڕاییە و شەوانە لە تیروپشکێکدا ناوی دوو هەزار و 500 کەس لە کۆی سەت هەزار کەس رادەکێشرێن و بە خۆڕایی لە نمایشەکاندا ئامادە دەبن.
 
لە شاری بۆلۆنیای باکووری ئیتاڵیا، ساڵانە فێستیڤاڵی 'سینەما ریترۆڤاتۆ' سازدەکرێت و لە بەرلینیش چالاکی هاوشێوەی ئەو وڵاتانە هەیە و لە شوێنی سەرئاوڵا سازدەکرێن.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کە لە مانگی ئایاری هەموو ساڵێک سازدەکرێت، یەکێک لەو فێستیڤاڵانەیە گرنگی بە پێشاندانی فیلمی کلاسیکی لە شوێنی سەرئاوڵا دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە