وەزارەتی رۆشنبیری عێراق پێشوازی لە دەرهێنەری فیلمی 'شاردنەوەی سەدام' دەکات

رووداو دیجیتاڵ

د. فازڵ بەدرانی، بریکاری وەزیری رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراق، داوا لە دەرهێنەری فیلمی "شاردنەوەی سەدام" دەکات، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەردانی وەزارەتەکەیان بکات بۆ پێدانی مۆڵەت بە نمایشکردنی فیلمەکەی، لە سینەماکانی عێراق.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو، نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، لە بەدرانی دەپرسێت، فیلمی "شاردنەوەی سەدام" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، فیلمسازی کورد، لە 14 وڵاتی عەرەبی نمایشکراوە، بۆچی رێگەی نادەن لە عێراق نمایشبکرێت؟ لەبەرامبەردا د. فازیل بەدرانی گوتی: "ئێمە دەستمان کراوەیە. سەبارەت بە خودی خۆمەوە، لەبەرامبەر تۆ و جەماوەریشەوە دەیڵێم، رۆژی یەکشەممە لە نووسینگەی تایبەتی خۆم لە بەغدا، پێشوازی لێدەکەم، نامەوێت بەرگری لە بەڕێز وەزیری رۆشنبیری بکەم، بەڵام نووسینگەی بەڕێزیان بەردەوام بۆ هونەرمەند، هونەردۆستان، رووناکبیران، رۆشنبیران، نووسەران و ئەکادیمییەکان کراوەیە و قەرەباڵخە". 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەر فیلمێک تیشک بخاتە سەر چالاکی رۆشەنگەری عێراقی و یادگەی عێراقی، وەزارەتی رۆشنبیری بەردەوام دەرگەی کراوەیە و پێشوازی لێکراوە، بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە کە عێراق وڵاتی شارستانییەتەکانە، شارستانیش واتە رۆشەنگەری، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە بایەخ بە گەشەپێدانی کولتوور و رۆشنبیری عێراق بدەین، لەرێگەی بایەخ دان بە فیلم و دراما جیاوازەکان، هەموو بوارەکانی دیکەی هونەر، تا دەگاتە ئاواز و میوزیکیش". 
 
بەدرانی، ئەوەشی خستەڕوو: "بە راشکاوی دەیڵێم، هۆڵەکانی سینەما، بۆنەکان و رێوڕەسمەکان بەردەوام قەرەباڵخ و جەنجاڵن، بە چالاکییە هونەرییە زۆر نایاب و جیاوازەکانەوە، ئەمساڵ لە رووی چالاکییە هونەرییەکانەوە بەپێزن".
 
کاژێر 08:05 بەیانی دووشەممە 10ـی حوزەیرانی 2024 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بریکاری وەزیری رۆشنبیری عێراق لە بەرنامەی نووڕۆ بڵاودەکرێتەوە.