بەوێنە.. تابلۆیەکی پیکاسۆ ریکۆرد دەشکێنێت

09-05-2015
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن پیکاسۆ تابلۆ
A+ A-

رووداو- هەولێر

خانەی کریستیز بۆ فرۆشتنی تابلۆی شێوەکاری، بەنیازە رۆژی دووشەممەی داهاتوو گرانترین تابلۆی پیکاسۆ بۆ فرۆشتن نمایشبکات.

لە شاری نیویۆرک خانەی کریستیز هەموو ئامادەکاریەکی بۆ ئەم زیادکردنە ئاشکرایە کردووە و ژمارەیەکی زۆر بازرگانیش چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەن بۆ دەستکەوتنی تابلۆ بە نرخەکەی پیکاسۆ، کە بە 140 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.

تابلۆی "ژنەکانی جەزائیر" ی هونەرمەندی ئیسپانی پابلۆ پیکاسۆ لە ساڵی 1955، بە رەنگی زەیتی کێشراوە و درێژی تابلۆکە 1.14 سانتیمەترە، پانییەکەشی 1.46 و لە چوارچێویەکی داریی دانراوە و بە دوایین کارەکانی پیکاسۆ دادەنرێت.

لویک گوزیر، جێگری سەرۆکی خانەی کریستیز بۆ فرۆشتنی کاری هونەری بە ئاژانسەکانی هەواڵی گوت" لەوانەیە ئەم تابلۆیە ژمارەی پێوانەی بشکێنێت و بە نرخێکی خەیاڵی بفرۆشرێت، بەوهۆیەشەوە ئەمە دەبێتە گرانترین تابلۆ لە مێژووی کاری شێوەکاری".

ساڵی رابردوو خانەی کریستیز بایی نزیکەی چوار ملیار دۆلار تابلۆی هونەری هونەرمەندانی نوێی وکۆنی فرۆشتووە.

پابلۆ پیکاسۆ وێنەکێش و پەیکەرتاش و ھونەرمەندێکی شێوەکاری ئیسپانی بووە، بەناوبانگترین ھونەرمەندەکانی سەدەی بیستەمە و دامەزرێنەری بزوتنەوەی کوبیزمە(تعکیبی)، کە بریتیە لە کێشانی وێنە بەشێوەیەکی ئەندازیاری، لە ٢٥ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨١ لەدایک بووە، باوکی ھونەرمەندی شێوەکاری بووە، ھەر لەمنداڵیەوە خووی داوەتە وێنەکێشان و بەھرەمەند بووە لەم بوارەدا، وەکو دایکیشی دەڵێت یەکەم وشە کە لەسەر زاری ھاتۆتە دەرەوە پێنووس بووە، لەتەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی فێری وێنەکێشان و وێنەی زەیتی کردووە، پیکاسۆ لە ٨ نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لەتەمەنی ٩١ ساڵیدا لەکاتی خواردنەوەدا لەگەڵ خێزانەکەیی و ھەندێک لەھاوڕێکانی لە فەرەنسا کۆچی دواییکردووە.









کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە