رووداو دیجیتاڵ
دوای سەرکەوتنی دوو بەشی زنجیرە فیلمی "Dune"، بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی سێیەم دراوە و دۆنیز ڤیلینۆڤ، دەرهێنەری فەرەنسی، وەک دەرهێنەری بەشی نوێ دیاریکراوە کە دەرهێنەری هەردوو بەشی پێشووە.
بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمەکە، هەرچەند هەواڵی بەرهەمهێنانی بەشی سێیەمی فیلمەکەیان راگەیاند، بەڵام وادەی بەرهەمهێنانی ئاشکرا نەکراوە.
ڤیلینۆڤ، رایگەیاندووە، بەشی سێیەمی فیلمەکە، دوایین فیلمی ئەو دەبێت بۆ ئەو وەک دەرهێنەر و بەنیاز نییە لە کارکردن لەو زنجیرە فیلمەدا بەردەوام بێت.
بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Dune" ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت، لەوانەش لە سینەماکانی کوردستان و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 665 ملیۆن و 490 هەزار دۆلارە.
لەو داهاتە 265 ملیۆن و 90 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 400 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەدا بەدەستهێناوە.
لە بەشی دووەمی فیلمەکەدا تیمۆسی چەلامێت، ئەکتەری ئەمریکی – فەرەنسی و زندێیا، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، مژاری سەرەکی ئەم بەشە تۆڵەسەندنەوەیە.
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2021 بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 433 ملیۆن دۆلار بوو و توانی شەش خەڵاتی ئۆسکار بەدەست بێنێت.
بڕیاربوو بەشی دووەمی فیلمەکە لە 2023 بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و نووسەرانی لە هۆلیوود، کاریگەری خستە سەر بەڕێوەچوونی کارەکانی و بەهۆیەوە بۆ 2024 دواخرا.
فیلمەکە بە تەکنیکی ئایماکس وێنەگیراوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 190 ملیۆن دۆلارە، بەپێی هەڵسەنگاندنی بینەران بۆ فیلمەکە لە ماڵپەڕی ئای ئێم دی بی، توانی لە کۆی 10 خاڵ، نۆ خاڵ بەدەستبێنێت.
لە 6ـی شوباتی 2024 پێشاندانی تایبەتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە مەکسیک بەڕێوەچوو، بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادەی پێشاندانەکە بوون، بەتایبەتیش چەلامێت.
بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە لە جۆری بەرهەمە ئەکشن و دراماییەکانە و ماوەکەی دوو کاژێر 46 خولەکە.
لە 2023 بەرهەمهێنەرانی بەشی دووەمی فیلمی 'Dune' بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەیان بۆ 2024 دواخست، ئەمەش بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و سیناریۆنووسانی هۆلیوود کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان بە نا دادپەروەری لە کرێی کارکردن تۆمەتبار دەکرد و لە دژی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ