چۆپی فەتاح لە ناو ئاوارەکانی کەمپی مەخموور کۆنسێرتێکی گۆرانی سازکرد

09-03-2018
هیوا سەڵاح
A+ A-

رووداو- هەولێر

رۆژی 8-3-2018 خانمە هونەرمەندی ناوداری کورد چۆپی فەتاح، ئاهەنگی رۆژی ژنانی لە ناو ئاوارەکانی باکووردا لە کەمپی مەخموور پیرۆز کرد. کە لە نێو جۆش و خڕۆشێکی گەورەدا، چەندیین گۆرانی نیشتیمانی بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و سۆرانی پێشکەشی ئاوارەکان کرد.


هونەرمەند چۆپی لەبارەی ئەم کۆنسێرتەوە بەرووداوی راگەیاند" پیرۆزبایی رۆژی ژنانی لە هەموو ژنانی کوردستان و جیهان دەکەم، دڵخۆشم ئەمڕۆ خۆبەخشانە لە کەمپی مەخموور کۆنسێرتێکی مەزن سازدەکەم، هیوادارم بە دڵی هەموو ئامادەبووان بووبێت".

هونەرمەند چۆپی گوتیشی" بڕیارە بۆ رۆژی نەورۆزیش لە قەندیلی سەربەرز کۆنسێرتی مەزن ساز بکەم،  کە دەکاتە بەرواری 21-3-2018، لەگەڵ ئەوەشدا لە درێژەی زنجیرە کۆنسێرتەکانم بۆ جەژنی نەورۆز،   لە رۆژی 17-3-2018 لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا لە فێستیڤاڵی مەزنی نەورۆز بەشداری دەکەم، پاشان لە رۆژی 24-3-2018  لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا کۆنسێرتێکی دیکە سازدەکەم، هەروەها لە رۆژی 14-4-2018  لە ستۆکهۆڵمی سوید بەشداری ئاهەنگی گەورەی نەورۆز دەکەم".

چۆپی لەبارەی رۆڵی هونەرمەندان گوتی "ئەوەی لەسەر ئێمەی هونەرمەندانە خزمەتکردنی ئەم گەلە چەوساوەیە، هەرچییەک وەکو هونەرمەند لەسەر شانی ئێمە بێت درێغی ناکەین، چونکە پێمانوایە گەلی کورد شایانی هەموو جۆرە خزمەتێکە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە