گوڵستان پەروەر: لەسەر دەستی بارزانی لەگەڵ شڤان ئاشتبوومەوە

09-03-2018
هیڤیدار زانا
هیڤیدار زانا @hevidarzana1
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر شڤان پەروەر
A+ A-

بەشی سێزدەیەم

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە.

گوڵستان پەروەر لەم هەڤپەڤینەدا باسی یەكەم سەردانی بۆ باشووری كوردستان و ئاشتبوونەوەی لەگەڵ شڤان پەروەر دەكات.

رووداو: سەرخۆبوون دەگەڕێتەوە لای باوكی و تۆ بەتەنیا دەمێنیتەوە، تۆ ئەوكات چیت دەكرد بە تەنیا؟  

گوڵستان: یەكەمجارم بوو سەرخۆبوون بەو شێوەیە لە من دووربكەوێتەوە. بۆ من زۆر ناخۆش بوو، دەرگای ژوورەكەی سەرخۆبوونم داخست. حەزم نەدەكرد تەماشای ژوورەكەشی بكەم.

رووداو: تۆ ئەوكات لە كوێ‌ دەژیای؟

گوڵستان: لە ستۆكهۆڵم بووم. ئەوانیش لە فرانكفۆرت بوون.

رووداو: سەرخۆبوون لەلای باوكی چی دەكرد؟

گوڵستان: سەرخۆبوون زانكۆی تەواوكردبوو، پڕ وزە بوو، سەری پڕ لە پرۆژە بوو. سەرخۆبوون بەو سایكۆلۆژییەتەوە چوو بۆ فرانكفۆرت. تەلەفۆنی بۆ من دەكرد دەیگوت دەبێ‌ باوكم لەو رەوشە رزگار بكەم.

رووداو: چ رەوشێك، مامۆستا شڤان لە رووی دەروونییەوە نەخۆش بوو؟

گوڵستان: ئەو دەیگوت باوكم بەبێ‌ ئۆرگانیزە ژیاوە، كارە هونەرییەكانی بە سیستم دەكەم و مۆدێرن و ئینتەرناسیۆنالیان دەكەم. دوای ماوەیەك تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی رەوشی باوكم زۆر باشترە، چەندین كۆنسێرتی كردووە، پێكەوە دەچین بۆ كۆنسێرتان. گروپێكی باشمان پێكهێناوە. هەروەها دەمەوێ‌ وەقفەكەی باوكم (وەقفی شڤان پەروەر) وەكو قوتابخانەیەك لێ بكەم، چەندین كچ و كوڕی كورد لە ئەوروپا هەن لەو وەقفە پێیانبگەیەنم. هەروەها بەنیازم ستۆدیۆیەكی میوزیك دروست بكەم. هاتنە شاری بۆن، ئەو خانووەیان كڕی كە ئێستا شڤانی تێدا دەژی. وەقفەكەش هەر لەو خانووەدا بوو. سەرخۆبوون دەستی بەكار كرد، چەندین سەرمایەداری كوردی كۆكردنەوە بۆ ئەوەی بە پارەیەكی باش یارمەتی وەقفەكەی باوكی بدەن. هەموو كارەكانی سەرخۆبوون بە پرۆگرام بوو، وەقفەكەی نۆژەن كردەوە. هەر لە وەقفەكەدا ستۆدیۆیەكی گەورەی دروستكرد. لە هەمانكاتدا بەڕێوەبەری كۆنسێرتەكانی باوكی بوو.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ سەرخۆبوون بەردەوام بوو؟

گوڵستان: بێگومان قەت پەیوەندیمان نەپچڕاوە. منیش ئەوكات دەچووم بۆ رۆژ تیڤی، زۆریشم كەیف پێ‌ دەهات كە كوڕەكەم یارمەتی باوكی دەدات.

رووداو: بڕیارت دا لە باشووری كوردستان نیشتەجێ‌ ببی، ئەم بڕیارە كەی بوو؟ چۆن بوو؟

گوڵستان: ئەوكات سەرخۆبوون لەلای باوكی بوو، دەیویست منیش بچمە لای ئەوان، بەڵام من پێمگوت مادام تۆ لەوێ‌ ئاسوودەی لەوێ‌ بە، منیش لێرە زۆر باشم.

مانگی ئابی 2006 یادی دامەزراندنی 60 ساڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. بیرمە رۆژێك تەلەفۆنێكیان بۆ كردم. محەممەد ئۆزۆن كە نووسەرێكی كوردە نەخۆش بوو، لە نەخۆشخانەی كارۆلیسنكا لە ستۆكهۆڵم خەوێندرابوو. من لەلای ئەو بووم. وەڵامی تەلەفۆنەكەم دایەوە، كەسێك گوتی من لە دهۆك تەلەفۆن دەكەم، من پێشمەرگەیەكی كۆنم، حەز دەكەم داوەتی كوردستانت بكەم. منیش پێكەنیم و گوتم چۆن داوەتم دەكەی؟ گوتی كۆنسێرت دەكەین و حەز دەكەین تۆش بەشداری بكەی. من تەلەفۆنەكەم زۆر بە جددی وەرنەگرت. پاشان دیسان تەلەفۆنی كرد و گوتی تۆ چ بڕیارت دا. منیش گوتم خۆت دەزانی من لە رۆژ تیڤی كار دەكەم، دەشزانی حیزبە كوردییەكان بەرامبەر یەك چۆنن. بۆیە پێویستە پرس بە رۆژ تیڤی بكەم، ئەگەر ئەوان رازی بوون دێم، بەڵام مەرجم هەیە: دەبێ‌ جەنابی سەرۆك بارزانی بە فەرمی دەعوەتم بكات. دوای چەند رۆژێك تەلەفۆنی كرد و گوتی داواكارییەكەت جێبەجێ‌ كرا. من لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەعوەت كرام. میوانی جەنابی سەرۆك بووم. هەفتەیەك پێش كۆنسێرتەكە هاتم. لەگەڵ تیپی میوزیكی دهۆك دەستمان بە ئامادەكاری كرد، لە ئامێدی و رواندز و سۆران و زاخۆ و دهۆك و هەولێر كۆنسێرتمان كرد، حەوت كۆنسێرتم كرد.

رووداو: یەكەمجارت بوو بۆ كۆنسێرت بێیتە باشووری كوردستان؟

گوڵستان: هەر جاری یەكەمم بوو بێم بۆ باشووری كوردستان. بێگومان زۆر دڵخۆش بووم. نەمدەزانی ئەوە خەیاڵە یان راستییە. 

رووداو: دوای ئەوەی بەشداریت لە ئاهەنگی 60 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا كرد، گەڕایتەوە سوێد؟

گوڵستان: نەخێر نەگەڕامەوە، ئەوكاتەی لە باشووری كوردستان بووم، كادیرانی پارتی گوتیان شڤانیش لە هەولێرە و كۆنسێرتی هەبووە، شڤان دەخوازێ‌ بگەڕێنەوە لای یەكدی، جەنابی سەرۆكیش زۆر حەز دەكات. تۆ چ دەڵێی. منیش گوتم ئەگەر جەنابی سەرۆك لەو مەسەلەیەدا بێ‌، من ناتوانم هیچ بڵێم. ئەو چی بڵێت ئامادەم. من چووم جەنابی سەرۆكم بینی، ئەو زۆر خۆشحاڵ بوو گوتی وڵات وڵاتی خۆتە، چ داخوازییەكت هەیە، منیش گوتم چەند داخوازییەكم هەیە، یەكەم: ئەگەر ئاشتبوونەوەی من و شڤان لەسەر دەستی ئێوە بێ‌، من رازیم. دووەم: حەز دەكەم بگەڕێمەوە كوردستان و لە نێو میللەتی خۆم بم. ئەویش گوتی زۆر پێمخۆشە. پاش چەند رۆژی دیكە دووبارە جەنابی سەرۆكم بینییەوە، ئەمجارە شڤان و سەرخۆبوونیش لەوێ‌ بوون. جەنابی سەرۆك گوتی زۆر خەمبار بووم كە ئێوە لە یەكدی دووركەوتوونەوە، بۆ سەرخۆبوون زۆر ناخۆشە. ئێوە رەمزی كوردستانن نابێ‌ لە یەكدی دووربكەونەوە. 

رووداو: ئێوە و مامۆستا شڤان هیچتان گوت؟

گوڵستان: نەخێر ئێمە بە خۆشحاڵییەوە گوێمان گرتبوو. من هەستم كرد حەز دەكات ئێمە وەكو خێزان پەرتوبڵاو نەبین و هێزی خۆمان كۆبكەینەوە. دوای هەفتەیەك ئێمە گەڕاینەوە ئەڵمانیا، بەڵام شڤان پێشی من چوو، من چووم بۆ ماڵی سەرخۆبوون لە بۆن، بەڵام شڤان نەهات. منیش هیچم نەگوت. ئاشتبوونەوەكە سەری نەگرت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە