بەهمەن قوبادی لە کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەهمەن قوبادی، سینەماکاری ناسراوی کورد، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دوای ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان، هەروەها باروودۆخی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆبووە. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەشی راگەیاندنی ئەو هونەرمەندە کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، قوبادی، لە دوو رۆژی رابردوودا لە کۆشکی سپی لە واشنتنی ئەمریکا؛ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا لەوانە: کامالا هاریس، جێگری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران و هەروەها چەندین بەرپرسی دیکەی ئەم وڵاتە کۆبووەوە.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا، لەسەر درێژەپێدان بە بزووتنەوەی 'ژینا'، داهاتووی کوردستان، باروودۆخی هەرێمی کوردستان و هەروەها دامەزاندنی تەلەڤیزیۆنی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ، کۆبووە و سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم چەند مانگەی ئێران، دیداریی تایبەتی ئەنجامدا.
 
بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری ناسراوی کورد، ئێستا لە ئەمریکا دەژی و بەهۆی فیلمەکانییەوە ناوبانگییەکی جیهانی هەیە و چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە.