ئاگرکەوتنەوە لە لۆس ئەنجلس دابەشکردنی خەڵاتی رەخنەگران دوادەخات

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران دواخرا.
 
بڕیاربوو رێوڕەسمەکە رۆژی یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025 لە سانتا مۆنیکا لە لۆس ئەنجلس بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگر لە شارەکە، بڕیاردرا بۆ 26 هەمان مانگ دوابخرێت.
 
بڕیاربوو رێوڕەسمەکە لە هۆڵی "Barker Hangar" بەڕێوەبچێت، کە چەند کیلۆمەترێک لە گەڕەکی پسفێک پاڵسێدس دوورە و بەهۆی ئاگرکەوتنەوە، بە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
 
خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران، تایبەتە بە بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەکان و لە وەرزی خەڵاتە هونەرییەکانی ئەمریکا دابەش دەکرێت، واتە بەر لە خەڵاتی ئۆسکار کە دوایین خەڵاتە لە وەرزەکەدا. دوایین خەڵاتیش تا ئێستا لەو وەرزەدا دابەشکرابێت، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب؛ بۆ بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەکان بووە.
 
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی لۆس ئەنجلس گیانلەدەستدانی پێنج کەس پشتڕاستکراوەتەوە و 137 هەزار کەسیش لە ناوچەکانیان گوێزراونەتەوە، کارەبای زیاتر لە 210 هەزار ماڵ و باڵەخانەی بازرگانی پچڕاوە، زیاتر لە هەزار خانوو و باڵەخانەش بە تەواوەتی سووتاون.
 
بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە رۆژئاوای ئەمریکا رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا ئاگر چەندین گەڕەکی شاری لۆس ئەنجلسی سووتاندووە، هەندێکیان بە گەڕەکی دەوڵەمەند و ئەستێرەکانی هۆلیوود ناسراون. ئاگرەکە نزیکەی هەزار و 200 هێکتاری لە رووبەری ویلایەتەکە گرتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە