بەهۆی ئاگرەوە ئەستێرەکانی هۆلیوود ماڵەکانیان جێدەهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کەلیفۆرنیای ئەمریکا، ژمارەیەک ئەستێرەی هۆلیوود ماڵەکانیان جێهێشت.
ماندی مۆڕ، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، مارک هێمل، ئەکتەری ئەمریکی و جەیمس وۆدس، ئەکتەری ئەمریکی لەو ئەستێرانەن کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە گەڕەکی پسفێک پاڵسێدس لە لۆس ئەنجلس، ماڵەکانیان جێهێشتووە.
ماندی مۆڕ، لە هەژماری تایبەتیی لە ئینستگرام نووسیویەتی، ماڵەکەیان چۆڵکراوە و ئەو لەگەڵ منداڵ، سەگ و پشیلەکانی سەلامەتن.
مارک هێمل، دەڵێت، لە 1993ـەوە، "ترسناکترین" ئاگرکەوتنەوەیە روویدابێت.
تیمی ئاگرکوژێنەوە زیاتر لە 24 کاژێرە سەرقاڵی کۆنترۆلكردنی ئاگرەکەن، بەڵام هێشتا پێیان کۆنترۆل نەکراوە. بەهۆی ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکیش بریندارن، یەکێک لە بریندارەکان کارمەندی ئاگرکوژێنەوەیە.
بەرپرسانی لۆس ئەنجلس دەڵێن، کارەبای زیاتر لە 210 هەزار ماڵ و باڵەخانەی بازرگانی پچڕاوە و زیاتر لە هەزار خانوو و باڵەخانەش بە تەواوەتی سووتاون.
ئادەم ساندلەر، تۆم هانکس، بێن ئافلێک و ستیڤن سپێلبێرگ لە ئەستێرە دیارەکانی دیکەی هۆلیوودن کە ماڵەکانیان لەو ناوچەیەن.
هەر بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم، یەکەم پێشاندانی دوو فیلمیان لە سینەماکاندا هەڵوەشاندەوە.