گرووپی 'بلاکپینک' گەشتێکی هونەری سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی 'بلاکپینک'ـی کۆریای باشوور، گەشتێکی هونەری سازدەکات و گەشتەکە زنجیرە کۆنسێرتێک لە چەندین وڵات لەخۆدەگرێت.
 
گەشتە هونەرییەکەی ئەو گرووپە کەی پۆپە، رۆژی شەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2023 لە بانکۆکی تایلەند دەستپێدەکات، تێیدا گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانیان پێشکێش دەکرێن.
 
گرووپی 'بلاکپینک' لە 2019 هیچ کۆنسێرتێکی لە تایلەند ساز نەکردووە و یەکەم کۆنسێرتی ئەو گرووپەیە لە 2023.
 
گەشتی هونەریی ئەو گرووپە بەناوی 'Born Pink'ـە و زنجیرە کۆنسێرتێک لەخۆدەگرێت و زۆربەیان لە وڵاتانی ئاسیا سازدەکرێن.
 
ئەو گرووپە لە چوار ئەندام پێکهاتووە و لە 8ـی ئابی 2016 لە کۆریای باشوور دامەزراوە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بەناوی 'Square One' بڵاوکرایەوە و دوو تراکی ئەلبوومەکە بەناوی 'Whistle' و 'Boombayah' دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە.
 
'بلاکپینک' بە سەرکەوتووترین گرووپی میوزیکی کچان لە کۆرۆیای باشوور دەناسرێت و لە جیهانیشدا ناوبانگییەکی زۆری هەیە.
 
'بلاکپینک' یەکەم گرووپی کچانی کۆرییە، یەک ملیۆن کۆپی لە یەک ئەلبوومیان بفرۆشرێت و پێنج ڤیدیۆکلیپیان لە سەرووی یەک ملیار بینەریان لە یوتیوب هەیە و یەکەم گرووپی کچانی کۆرییە خەڵاتی ئێم تیڤی وەردەگرێت.