فیلمی 'Conclave' پرۆسەی ئاڵۆزی هەڵبژاردنی پاپا دەخاتەڕوو


رووداو دیجیتاڵ

"Conclave" فیلمێکی نوێی سینەماییە و تیشک دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ لە ڤاتیکان. چیرۆکەکەی لە کتێبێکی پڕفرۆش بە هەمان ناو وەرگیراوە و لە نووسینی رۆبێرت هاریسە.
 
یەکەم پێشاندانی بەرهەمە سینەماییەکە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زیوریخ بوو کە ئێستا چالاکییەکانی لە زیوریخی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
 
رالف فاینس، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت و لە دەرهێنانی ئێدوارد بێرجەر، دەرهێنەری ئەڵمانییە و رووداوەکانی نێو فیلمەکە لە نێو ڤاتیکان روودەدەن. 
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە مردنی لەناکاوی پاپای ڤاتیکان و هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکات، پیاوانی ئایینی کرستیان لە تەواوی جیهاندا کۆدەبنەوە بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ. 
 
رالف فاینس، لەمبارەیەوە دەڵێت، فیلمەکە هێرشکردنە سەر ڤاتیکان نییە، بەڵکو ئەو بەلایەوە گرنگە کەسی گونجاو لەو پۆستە دابنرێت کە سەرکردایەتییەکی رۆحی دەکات. گوتیشی: "رێز لەو سیناریۆیە دەگرم. کارێکی گاڵتەئامێز و رووخێنەر نەبوو بۆ ڤاتیکان".
 
ئێدوارد بێرجەر، لەبارەی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی فیلمی زیوریخ رایگەیاند: "بەردەوام هەست دەکەم دەمەوێت فیلمێک دروستبکەم کە نازانم چۆن دروستی بکەم و لێی دەترسم، ترسی سەرنەکەوتنیشم هەیە". 
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی ئەمریکا و لە 29ـی تشرینی دووەم لە سینەماکانی بەریتانیا پێشانبدرێت.
 
20ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زیوریخ، بە فیلمی "The Order" لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری زیوریخی سویسرا دەستیپێکرد و تاوەکو 13ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
 
فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، بە ئامادەبوونی دەرهێنەر، لە بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە درێژەکاندا بەشدارە و بەربژێری خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمە.