سێسی هیوستن لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

سێسی هیوستن، گۆرانیبیژی ئەمریکی و دایکی ویتنی هیوستن، ئەستێرەی پۆپی ئەمریکی، بەهۆی نەخۆشی زهایمەر و بە تەمەندا چوونی، لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
بات هیوستن، هاوژینی کوڕی ئەو هونەرمەندە، هەواڵی کۆچی دوایی سێسی هیوستنی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەم 2024 (بە کاتی ئەمریکا) لە ماڵەکەیدا لە نیوجێرسی گیانی لەدەستدا.
 
سیسی هیوستن، لە 1938 دەستی بەکاری هونەری کرد، براوەی دوو خەڵاتی گرامییە و لە پاڵ ژمارەیەک گۆرانیبیژی ناسراودا گۆرانی گوتووە، لەوانە ئێلڤیس پرێسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی.
 
هیوستن، خاوەنی 600 گۆرانییە، لە 1997 لە رێگەی ئەلبوومی "Face to Face" و ساڵی داوتر لە رێگەی ئەلبوومی "He Leadeth Me" خەڵاتی گرامی بەدەستهێنا. زیاتر بە گۆرانیگوتن لە نێو کەنیسەدا ناوبانگی پەیداکردبوو.