ئەکتەرێکی کورد لە درامایەکی نێتفلێکسدا بەشدار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

درامای "خەلافەت" کە لە تۆڕی نێتفلێکسەوە پەخش دەکرێت، باس لەو کەسە راستئاژۆیانە دەکات کە لە سوێدەوە دەچن بۆ سووریا و عێراق، لەوێیشەوە بۆ موسڵ و دەبن بە ئەندامی خەلافەت. دراماکە دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و رۆڵگێڕە سەرەکییەکەی کە کوردە، لە سوێد خەڵاتی باشترین ئەکتەری ساڵی بردەوە. ئەکتەرێکی دیکەی کورد بە ناوی ئاڵا رەیانی لە دراماکەدا بەشدارە و رەنگە کەم کەس زانیبێتیان ئەو خانمە کوردە.
 
ئاڵا رەیانی لە دنیای فیلم و نواندندا لە ئەوروپا ناوێکی دیار و ناسراوە. درامای خەلافەت باس لە دوو کچی سوێدی دەکات کە بە رەچەڵەک عەرەبن و لەسەر ئیسلامێکی تووندئاژۆ گۆش دەکرێن، هەر بۆیە سوێد جێدەهێڵن بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە داعش. ئاڵا رەیانی لە دراماکەدا رۆڵی دایکی ئەو دوو کچە دەگێڕێت.
 
ئاڵا لەبارەی رۆڵەکەیەوە گوتی: "رۆڵێکی خۆش و قووڵ بوو و دەبوو بە باشی لەو کارەکتەر بگەم کە زۆر لە منەوە دوور بوو، چونکە دایکێکی ئایینی بوو لە کاتێکدا من زۆر سیکۆلارانە گەورە بووم. ئەو گەشتەی من لەنێو خۆمدا هەم خۆش بوو هەم سەخت. خۆش مرۆڤ رۆڵێک بگێڕێت کە لە خۆیەوە دوور بێت، چونکە ماندووبوون و هەوڵدانی زۆری دەوێت." 
 
ئاڵا رەیانی دەرچووی زانستە سیاسییەکانە و بە ئەکادیمی هونەری نواندنی نەخوێندووە. ئەو لە بارەی خوێندنی زانستە سیاسییەکانەوە گوتی: "من هەمیشە لە منداڵییەوە ئاگاداربوون لە خەبات و چارەنووسی کوردستان لەگەڵم بووە، بۆیە تێگەیشتن لە دنیای سیاسەت بۆ من زۆر گرنگ بوو. بەڵام هاوکات بیرم کە بە دایک و باوکم گوت: 'من دەمەوێت ببم بە گۆرانیبێژ.' ئیدی بەو رێگایەی زانستی سیاسیدا چووم و دواجار هەر هاتمەوە سەر هونەر."
 
رەیانی باسی لەوەیش کرد کە جارجار گۆرانییش دەڵێت و گوتی: "هەندێک بەرهەمی خۆمم هەیە و توانیومە لەگەڵ هونەرمەند وریا ئەحمەد دا کاربکەم و ئەو ئەزموونەیشم هەیە و گۆرانیی رەسەنی کوردیم گوتووە و گۆرانییەکی سوێدییشم کردووەتە کوردی."
 
ئەو بۆ کاری داهاتووی باس لەوە دەکات کە پرۆژەکەیان لەسەر بودجە وەستاوە، ناوەڕۆکەکەی باسی دایکێکی کورد و پەیوەندیی لەگەڵ کچە بچووکەکەی لە تاراوگەدا و دوورییان لە کوردستان دەکات. 
 
ئاڵا باسی لەوە کرد کە فیلمەکە کورتە فیلمە، بەڵام لەگەڵ دەرهێنەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لە لۆس ئەنجلسە، لە پرۆژەیاندایە بیکەنە فیلمێکی درێژ بە ناوی فیلمی "ژن". 
 
رەیانی پەرتووکێکی بە سوێدی بە ناوی "کچی جەنگ"ـەوە نووسیوە و ئەوانەی خوێندوویانەتەوە بە چیرۆکێکی جوان و دڵگیری دادەنێن و باسی کچێک دەکات کە دایک و باوکی هاتوونەتە سوێد.
 
گوتیشی: "چیرۆکەکە باسی خۆمە، بەڵام چیرۆکی زۆر کەسی دیکەیشە. ئامانجەکەیش ئەوە بوو کە ئەگەر من باسی خۆم و بنەماڵەکەم بکەم، ئەوە من نموونەیەکم لە ملیۆنان بنەماڵە. دەمەوێت بە دنیای نیشان بدەم کە گوتت کورد، بزانێت کوردێک چییە و چ جۆرە ژیانێکی هەبووە؟ بزانێت شەڕ چییە و چۆن روودەدات؟ من لە شەڕدا لە دایک بووم. کەس خۆی شەڕ هەڵنابژێرێت."
 
ئەو خانمە ئەکتەرە باسی لەوەیش کرد کە لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا ئەو چیرۆکەی گێڕاوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە زلهێزان ئەو هێڵانەی سنووریان کێشاوە و ئێمەیان تووشی ئەو ئازار و چەرمەسەرییە کردووە و ئەرکی سەر شانی زلهێزانیشە ئەو پرسە چارە بکەن. گوتیشی: "من کە ئێستا لە هەندەرانم، لەبەر ئەوەیە کە ئەو زلهێزانە وایان لە ئێمە کردووە، ئەگینا ئێمە وڵاتی خۆمانمان بەجێنەدەهێشت."
 
ئاڵا رەیانی لە فیلمی "یاخی"ـدا بەشداری کردووە  کە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان پێشاندراوە، رۆڵی فەرماندەیەکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەبینێت. 
 
ئاڵا لەو بارەیەوە گوتی: "من کە ئەو رۆڵەم وەرگرت، زۆر خۆشحاڵ بووم، هەرچەندە رۆڵێکی زۆر بچکۆلە بوو. فیلمەکە زۆر بە کەمی کوردی تێدایە، گەرچی باسی داعش دەکات و لە سووریایە."
 
رەیانی باسی لەوە کرد، لە رۆڵەکەیدا دیمەنێک هەبووە کە دەبوو ئەشکەنجەی منداڵێک بدات، بەڵام ئەوەی بە لاوە نەگونجاو بووە و بە دڵی نەبووە. 
 
ئاڵا ئاماژەی بەوە دا، لە بەختی ئەو تیمەکەیان شارەزایەکی سەربازییان وەک راوێژکار لەگەڵ بووە کە لە شەڕی داعشدا بەشدار بووە، بە دەرهێنەری گوتووە: "دەبێت ئەو دیمە نەبێت، چونکە کورد ئەشکەنجە نادات و شتێک نییە لە لای ئەوان هەبێت" و گوتی: "ئیدی ئەو بەشەیان لابرد."
 
بە بڕوای رەیانی مافی کورد لە هەموو بوارێکدا خوراوە، کە دەگاتە بواری هونەریش زۆر شتی کورد هەن دەبوو وەک خۆیان پێشان بدرێن، بەڵام پێشان نەدراون. ئەو دەڵێت: "پێویستە ئێمە خۆمان داستانەکانی خۆمان بە هونەر بگێڕینەوە. هەروەها زۆر گرنگە ئێمە وەک کورد لەو فیلمانەیشدا بەشدار بین کە خەڵکی دیکەی ناکورد دروستیان دەکەن و رۆڵی کەسایەتیی کوردیان تێدان، چونکە هیچ کەس لە کورد خۆی باشتر نازانێت وردەکارییەکانی کوردبوون پیشان بدات."