فیلمی 'نوقتەی 40' لە دهۆک پێشاندەدرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ
سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ
نیشانەکردن "نوقتەی 40"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشاندانی فیلمی کۆمێدی "نوقتەی 40" لە دەرهێنانی فەرزین کەریم و سۆران ئیبراهیم لە دهۆک دەستیپێکردووە و بەشێک لە هونەرمەندانی شارەکە بینەری بوون.
 
حاجی جادر، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە بۆ پێشاندانی بەرهەمەکەی لە دهۆک بوو و بە رووداوی راگەیاند، لە هەولێر پێشوازییەکی زۆر لە فیلمەکە کراوە و لە ئاست چاوەڕوانی ئەواندا نەبووە، بۆ پێشاندانی فیلمەکە لە دهۆک خۆی هاتووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هاوڕێ، هۆگر و هونەرمەندانی شارەکە ببینێت.
 
فیلمەکە ناوڕۆکێکی کۆمێدی هەیە و باس لە داعش دەکات کە چۆن ئەمیر و سەرکردەکانیان هەڵبژاردووە، هەروەها هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کچ و ژنانی رفێندراو دەخاتەڕوو.
 
جگە لە بینەرانی فیلم، ژمارەیەک هونەرمەندی دهۆک بینەری فیلمەکە بوون.
 
ڤیجان تەحسین، یەکێک لە ئەکتەرەکانی دهۆکە و لە دوای بینینی فیلمەکە، دەستخۆشی لە هەردوو ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە کرد و گوتی، نواندنیان زۆر جوان بوو، ئەوان هانی ئەو ئەکتەرانە دەدەن کە کار ناکەن.
 
حەجی بەهجەت، ئەکتەرێکی دیکەی دهۆکە و لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوو و گوتی، هەندێک دیمەنی جیهانی لە فیلمەکەدا هەبوون و بەشێک لە دیمەنەکانی دیکەی ئێمە نامانەوێت لە سینەما کوردیدا هەبێت، بەشێک لە دیمەنی جەنگی و رۆمانسییەکانی 20 ساڵ بەر لە ئێستا لە فیلمی دیکەدا بینراون، بەڵام دیمەنی جوان و نوێشی تێدا هەبوو. گوتیشی، بوونی ئەو جۆرە فیلمانە بۆ بادینان گرنگە.
 
فیلمەکە بەرهەمی ناوەندی سینەمای هەولێرە، وێنەگرتنی 22 رۆژی خایاندووە، حاجی جادر، سیروان بەدر و زانا رۆشان رۆڵی سەرەکیان تێدا گێڕاوە.
 
ئەم بەرهەمە ئێستا لە سینەماکانی سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ، سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ و سینەما سالم لە سلێمانی پێشاندەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە