خەڵاتەکانی ڤێنس راگەیێندران و یەکێک لە براوەکان دەرهێنەرێکی کوردە

 
رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتەکانی 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس دابەشکران و خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە کە شێری زێڕینە، بەخشرایە فیلمی "The Room Next Door" و مژاری سەرەکی تێیدا گۆڕانی کەش و هەوایە. دەرهێنەرێکی کوردیش، خەڵاتێکی تایبەتیی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا.
 
فیلمەکە بە زمانی ئینگلیزییە و لە دەرهێنانی پێدرۆ ئالمۆدۆڤار، دەرهێنەری ئیسپانییە، تیلدا سوێنتن و جۆلیان مۆر رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
پێشاندانی فیملمەکە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن بینەرانەو لێکرا و 18 خولەک چەپڵە بۆ ستافەکەی لێدراوە. 
 
ئالمۆدۆڤار (74 ساڵ) ناوێکی دیاری نێو سینەمایە و پێگەیەکی بەهێزی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا هەیە، لە 2019 خەڵاتی شێری زێڕینی وەک رێزێک لە تەمەنێک کار و بەرهەمی هونەری پێبەخشرا. لە 1999 لە رێگەی فیلمی "All About My Mother" خەڵاتی باشترین ئۆسکاری لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکاندا وەرگرت.
 
کوشتنی بە بەزەیی، بەشێکی دیکەی مژاری نێو فیلمەکەیە و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئالمۆدۆڤار گوتی، نابێت سیاسەت و ئایین کۆسپ لە بەردم کوشتنی بە بەزەیی بگرێت. گوتیشی: "بە بڕوای من ماڵئاواییکردن لەو جیهانە بە پاکی و شکۆیی، مافێکی سەرەکیی هەر مرۆڤێکە".
 

موراد فورات ئۆگلۆ، دەرهێنەرێکی کوردی ئامەدی باکووری کوردستانە، خەڵاتی ئۆریزۆنتی لە رێگەی فیلمی "One of Those days when Hemme dies" بەدەستهێنا کە خەڵاتێکی تایبەتی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵە.
 
خەڵاتی شێری زیوین فێستیڤاڵ بەخشرایە فیلمی "Vermiglio" لە دەرهێنانی مۆرا دیلپیرۆ، دەرهێنەری ئیتاڵی کە درامایەکی خاوە و رووداوەکانی لە چیاکانی ئەڵپ لە جەنگی جیهانیی دووەم روودەدەن.
 

خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن، بەخشرایە نیکۆڵ کیدمەن، ئەکتەری ئوسترالی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Babygirl" ، تێیدا ئەو ئەکتەرە رۆڵی بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری بەهێز دەگێڕێت، بەڵام بەهۆی کارەکەیەوە ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی دەخاتە مەترسییەوە، کاتێک لەگەڵ راهێنەرێکی کچی لەخۆی بچووکتر، پەیوەندی سۆزداری دروست دەکات. 
 
کیدمەن هەرچەند رۆژی شەممەی رابردوو بۆ پێشاندانی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵ ئامادەبوو، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی دایکییەوە، نەیتوانی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان ئامادە بێت.
 

خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بۆ ڤێنسەنت لێندۆن، ئەکتەری فەرەنسی بوو، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "The Quiet Son". فیلمەکە درامایەکە بە زمانی فەرەنسی و بەهۆی توندڕەوی راستڕەو ماڵباتێک دەشێوێنێت.
 

برەیدی کۆربێت، دەرهێنەری ئەمریکی لە رێگەی فیلمی "The Brutalist" خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەدەستهێنا. فیلمەکە باس لە یەکێک لە تاوانبارانی هۆڵۆکۆست دەکات و هەوڵ دەدات ژیانێکی نوێ دەستپێبکات. 
 
بردنەوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس، چانسێکی زۆر بە دەرهێنەرەکان دەدات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین دەرهێنەر، لە 12 خولی رابردووی فیستیڤاڵەکەدا، هەشت دەرهێنەری براوەی شێری زێڕین، دواتر بوونەتە براوەی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین دەرهێنەر.
 

خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەخشرایە فیلمی "I'm Still Here" کە ناوەڕۆکی باس لە دیکتاتۆریەتی سەربازیی لە بەڕازیل دەکات. خەڵاتی لیژنەی دادوەریش بەخشرایە فیلمی درامایی "April".
 

ستافی فیلمی "Joker: Folie à Deux" بە دەست بەتاڵییەوە دوورگەی لیدۆیان لە ڤێنس جێهێشت و هیچ خەڵاتێکیان بەدەست نەهێنا، لە کاتێکدا بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە لە 2019ـدا خەڵاتی شێری زێڕینی بردەوە.
فیلمی "Queer" کە دانیال کریگ، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕیت و باس لە هاورەگەزخوازێکی ئالوودەی مادە هۆشبەرکان دەکات و فیلمی "Maria" کە ئەنجلینا جولی، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سۆپرانۆیەکی یۆنانی دەگێڕێت، لەلایەن رەخنەگرانەوە ستایش کران، بەڵام هیچ خەڵاتێکیان بەدەست نەهێنا.
 
بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە دیارەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادەبوون.
 
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، تیم بۆرتن، دەرهێنەری فیلمەکە و هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی مایکڵ کیتن و وینان رایدەر، ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
  
لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە خەڵاتکردنی فیلمی "Joker" لە فێستیڤاڵدا، تۆد فیلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێگەی بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"، چاوی بڕیبووە خەڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵ کە 20 فیلمی دیکە بەربژێری ئەو خەڵاتە بوون.
 
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.  
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەردەوام بوو.
 
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
 
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.