لە ئەگەری هێرشکردن لە ڤییەنا سێ کۆنسێرتی تەیلەر سویفت هەڵوەشێندرانەوە

08-08-2024
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری کۆنسێرتەکانی تەیلەر سویف، سێ کۆنسێرتی ئەو گۆرانیبێژەیان لە ڤییەنا هەڵوەشاندەوە، لە دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی دوو کەسێکیان راگەیاند کە پلانی هێرشکردنە سەر چالاکییەکەکانیان هەبووە، کۆنسێرتە میوزیکییەکان بە نموونە.   
 
بڕیاربوو ئەو هونەرمەندە ئەمریکییە لە چوارچێوەی گەشتی هونەریی "Eras" رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە، کۆنسێرت لە یاریگەی ئێرنست هابل لە پایتەختی نەمسا سازبکات.
 
دامەزراوەی باراکودا میوزیک رێکخەری کۆنسێرتەکانە، لە هەژماری تایبەتیی ئەو دامەزراوەیە لە ئینستگرامدا هاتووە، "لە پێناو سەلامەتیی هەمووان، هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سێ کۆنسێرتەکە".
 
رۆژی چوارشەممە 7ـی ئابی 2024 دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، دەستگیرکردنی دوو کەسی گومانلێکراوی تووندئاژۆیان راگەیاند، یەکێک لەوانە پلانی هەبووە لە چالاکییەکدا وەک کۆنسێرتەکانی داهاتوو لە ڤییەنا، هێرش بکات.
 

فرانز رۆف، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، رایگەیاند، ئەوان ئاگادار بوونە لەوەی یەکێک لە دەستگیرکراوان کە تەمەنی 19 ساڵە، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سویفت لە ڤییەنا. گوتیشی، ئەو گەنجە سەر بە داعشە.
 
"Eras" شەشەمین گەشتی هونەریی تەیلەر سویفتە، یەکەم کۆنسێرتی لە 17ـی ئاداری 2023 لە ئەریزۆنای ئەمریکا دەستیپێکرد و بڕیارە دوایین کۆنسێرتی لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە ڤانکۆڤەر لە کەنەدا کۆتایی بێت و 149 کۆنسێرت لە پێنج کیشوەر لەخۆدەگرێت.
 

سویفت، ئەمساڵ نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "The Tortured Poets Department" بڵاوکردەوە و یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەلبوومەکەیە بەناوی "Fortnight" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەلبوومەکە دەبێتە یازدەمین ئەلبوومی سویفت، تێیدا 16 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت، لەوانەش گۆرانی The Bolter""، "Florida" و "So Long, London".
 
سویفت کە بەم دواییە ناوی چووە نێو لیستی ملیاردێرەکانی جیهانەوە، توانی لە رێگەی گۆرانی "Fortnight" تۆمارێکی نوێ تۆمار بکات و لە یەک رۆژدا زیاتر لە 300 ملیۆن بیسەری لە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان هەبووە، لە سپۆتیفای 200 ملیۆن و لە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی دیکە 100 ملیۆن جار بیستراوە.
 
پێشتر گۆرانی "Easy on Me"ـی ئەدێل، گۆرانیبێژی بەریتانی خاوەنی ئەو نازناوە بووە لە 2021 لە پلاتفۆرمی سپۆتیفای.
 
لە شوباتی 2024 تەیلەر سویفت، چوار کۆنسێرتی لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی بەناوی "Eras Tour" لە تۆکیۆی ژاپۆن سازکرد.
 
سویفت، لە 4ـی شوباتی 2024 لە دوای بردنەوەی خەڵاتی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی پۆپ، گەشتی بۆ ژاپۆن کرد.
 
تەیلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەم دواییە حەوت ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە لە لیستی 40 ئەلبوومی "بیلبۆرد"ـدا بۆ باشترین ئەلبوومەکاندا بوون.
 
سویفت، دەبێتە یەکەم هونەرمەندی زیندوو ئەو ریکۆردە تۆمار بکات و لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا، ویتنی هیستن، هونەرمەندی کۆچکردووی ئەمریکی دێت.
 
هەروەها تەیلەر سویفت، کە بە تۆمارکردنی تۆمارە جیهانییەکان ناسراوە، پێشتر ژمارەیەکی نوێی جیهانیی لە رێگەی ئەلبوومی "1989" تۆمارکرد.
 
ئەلبوومی "1989"ـی ئەو هونەرمەندە جیهانییە، لە یەک رۆژدا زۆرترین جار لە رێگەی پلاتفۆڕمی سپۆتیفای بیسترا و یەکەمجاربوو ئەو پلاتفۆڕمە ئەو ژمارەیە تۆمار دەکات.
 
سپۆتیفای کە یەکێک لە بەهێزترین پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە میوزیکییەکانە، ژمارەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکردووە کە ئەلبوومەکەی سویفت لە یەک رۆژدا تۆماری کردبوو.
 
لەلایەکی دیکەوە، لە 2023 فیلمێکی ئەو گۆرانیبێژە بەناوی "Taylor Swift: The Eras Tour" لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە. فیلمەکە دیمەنی کۆنسێرتی هاوینەی 2023ـی سویفت لە یاریگەری سۆفی لە کالیفۆرنیای ئەمریکا لەخۆدەگرێت و لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا.
 
سویفت، خۆی بەرهەمهێنەری فیلمەکەیەتی و بەهۆی ئەوەی خاوەنی 283 ملیۆن فۆلوەر بوو لە ئینستگرام، پێویستی زۆری بە بازاڕکردنی فیلمەکەی نەبووە لە رێگەی کۆمپانیا و میدیاکانەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیتیل ئۆمبێرگ و عەلا نامیق لە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن"

کیتیل ئۆمبێرگ: 'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی سەرکەوتنی بەڵگەفیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە

کیتیل ئۆمبێرگ، بەرپرسی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەیمانگەی فیلمی نەرویجی، لەبارەی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" دەڵێت: چیرۆکی سەرکەوتنی بەڵگەفیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.