تۆم کروز هیواخوازە تاوەکو 80 ساڵی لە 'Mission: Impossible' رۆڵبگێڕێت

08-07-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن تۆم کروز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، رایگەیاند، هیواخوازە وەک هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی تاوەکو تەمەنی 80 ساڵی لە رۆڵگێڕان لەو زنجیرە فیلمدا بەردەوام بێت.
 
کروز، هیواخوازە بتوانێت تاوەکو تەمەنی 80 ساڵی لە رۆڵگێڕان لە زنجیرە فیلمی ' Mission: Impossible - Dead Reckoning Part One' بەردەوام بێت کە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و دیمەنی پڕ لە ئەکشن و سەرکێشی لەخۆدەگرێت.
 
هەروەها کروز ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، 20 ساڵی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی بە هاریسن فۆرد، ئایکۆنی ''Indiana Jones' بگات کە لە دوایین بەشی ئەو زنجیرە فیلمە بەناوی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' رۆڵی گێڕاوە و ئەمساڵ بڵاوکرایەوە.
 
بڕیارە فیلمی 'Mission: Impossible - Dead Reckoning Part One' ئەمڕۆ شەممە 8-7-2023 لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە، لەوانە سلۆڤاکیا، ئوسترالیا، ئۆکراینا، ئیندۆنیسیا و هۆنگ کۆنگ و لە 12 ئەم مانگە لە سینەماکانی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
 
بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 290 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و لە دەرهێنانی کریستۆفەر مەکوێرە، جگە لە تۆم کروز، هەریەک لە رەباکا فێرگۆسن و پۆم کەلەمتیێف رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
لە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی نێو ئەم بەرهەمە، تۆم کروز لە بەرزاییەکی زۆرە بە ماتۆرسکیڵ خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و دواتر پەڕەشوت بەکاردێنێت.
 
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی  'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە