پاسەوانی یاریزانێک هێرش دەکاتە سەر بریتنی سپیرز

رووداو دیجیتاڵ

بریتنی سپیرز، گۆرانیبێژی ئەمریکی، لەلایەن پاسەوانی ڤیکتۆر وێمباناما یاریزانی تۆپی باسکەی ئەمریکی، هێرشی دەکرێتە سەر.
 
بریتنی سپیرز کاتێک ئەو یاریزانەی لە لاس ڤێگاس بینیوە، بۆ ئەوەی وێنەی لەگەڵدا بگرێت، دەستی لە پشتی داوە، بەڵام پاسەوانە تایبەتەکەی ئەو یاریزانە رێگەی پێنەداوە و پاڵی پێوەناوە و لە دەموچاوەی داوە و بەهۆیەوە چاوێلکەکەی ئەو گۆرانیبێژە کەوتووە.
 
لە دوای ئەو رووداوە، بەرپرسی پاسەوانەکانی ڤیکتۆر وێمباناما داوای لێبوردنی لەو هونەرمەندە پۆپە کردووە، بەڵام بریتنی سکاڵای لەلای پۆلیس تۆمارکردووە.
 
ئەو یاریزانە، رایگەیاندووە، هەستی بەوە کرد کەسێک لە دواوە دەستی لێداوە، بەڵام تاوەکو دوای چەند کاژێرێک ئینجا زانیویەتی کە ئەو کەسە بریتنی سپیرز بووە.
 
بریتنی سپیرز، لە 1981 لە ئەمریکا لە دایکبووە، زیاتر لە سەت ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون؛ 70 ملیۆنی تەنیا لە ئەمریکا بووە، بەمەش بووەتە یەکێک لە پڕفرۆشترین گۆرانیبێژەکان لە جیهاندا.
 
ئەو هونەرمەندە 15 جار ناوی لە گینسدا تۆمارکراوە، شەش خەڵاتی ڤیدیۆکلیپی ئێم تی ڤی و حەوت خەڵاتی میوزیکیی بیلبۆرد چەندین خەڵاتی دیکەی بەدەستهێناوە و خاوەنی ئەستێرەیەکە لە شۆستەی نێوداران لە هۆلیوود.