خەڵاتی 'ژنی ساڵ' بەخشرایە شاکیرا

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بیلبۆرد بۆ ژنانی لاتینی لە بواری میوزیکدا، خەڵاتی 'ژنی ساڵ' بە شاکیرا، هونەرمەندی کۆلۆمبی بەخشرا، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی ئەو گۆرانیبێژەیە لە دوای ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە ئیسپانیاوە بۆ ئەمریکا گواستەوە.
 
ئەو هونەرمەندە جیهانییە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، گوتارێکی پێشکێشكرد، تێیدا سوپاسی دایکی، هاوڕێ ژنەکانی و تەواوی ژنان کرد.
 
لەم بۆنە دڵخۆشکەرەدا بۆ شاکیرا، جلێکی رەشی کورت و تەسکی پۆشیبوو، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، رایگەیاند: "راستە کاتێک هەستم بە ونبوون کرد، میوزیک منی بەرەو رێگەی خۆم هێنایەوە".
 
شاکیرا، گوتارەکەی بە ئامادەبوونی دوو هەزار کەس پێشکێشکرد، دیسان پەیامی بۆ جیرارد پیکێی، یاریزانی ئیسپانی و خۆشەویستی پێشوو و باوکی دوو منداڵەکەی هەبوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گرنگترین وانەکانی لە ژنانی دیکە فێربووە، هەر بۆ ئەوانیش نووسویەتی و گۆرانی گوتووە، بە بڕوای ئەو، تەنیا ژن دەتوانێت خۆشەویستی بکات تا تێکدەشکێت.
 
رێوڕەسمەکە لە سەنتەری واتسکۆ لە مەیامیی ئەمریکا بەڕێوەچوو و خەڵاتەکە لەلایەن مالۆما، گۆرانیبێژی کۆلۆمبی و هاوڕێی شاکیرا، بەخشرایە ئەو هونەرمەندە.
 
لە سەرەتای ئەمساڵ، شاکیرا، بەرهەمێکی نوێی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و هۆگرانی دەیانگوت، ناوەڕۆکی گۆرانییەکە باس لە جیرارد پیکێی دەکات.
 
ئەم بەرهەمە کارێکی هاوبەشی شاکیرایە لەگەڵ بیزاراپ، بەرهەمهێنەر و دیجەی ئەرجەنتینی و لە بەشێکیدا هاتووە: ئەو "هێندەی دوو ژنە کە تەمەنیان 22 ساڵە"، هەروەها دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی فیراری بە ئۆتۆمبێلی رینۆ گۆڕیەوە، کاتژمێری رۆلێکس بە کاژێری کاسیۆ گۆڕیەوە".
 
شاکیرا و پیکێ لە حوزەیرانی 2022 جیابوونەوە و کۆتاییان بە پەیوەندی 11 ساڵەی نێوانیان هێنا.
 
شاکیرا تەمەن 45 ساڵ، لە 2010 کاتێک سەرقاڵی ئامادەکردنی گۆرانی 'Waka Waka' بۆ مۆندیالی ئەفریقا بوو، یەکدیان ناسی و خاوەنی دوو منداڵن.
 
لە دای جیابوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە جیهانییە، میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە پیکێ خیانەتی لە شاکیرا کردووە و بەهۆیەوە شاکیرا داوای جیابوونەوەی کرد.