كۆچەر فەرەج: تا ئێستا جلوبەرگی 30 براندی جیهانیم نمایش كردووە

رووداو- هەولێر

كۆچەر فەرەج، نمایشكارێكی گەنجی كوردە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە وێنەكانی وەك نمایشكار، یان مۆدێلێكی كورد لە ئینتەرنێت بڵاودەبێتەوە. كۆچەر كاری نمایشكاری بۆ نزیكەی 30 براندی جلوبەرگی وڵاتانی دونیا كردووە، لە ئینستاگرام زیاتر لە نیو ملیۆن فۆڵۆوەری هەن، جگە لە نمایشكاری بەردەم كامێرا یان فۆتۆمۆدێل. كۆچەر فەرەج لەماوەی رابردوودا چەند وێنەیەكی لەگەڵ دیزاینەر و بلۆگەری بەناوبانگی ئیتاڵی ماریانۆ دێ ڤایۆ بڵاوبوونەوە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ هەفتەنامەی رووداو، وەڵامی چەند پرسیارێك سەبارەت بە كارەكەی، هەروەها وێنەكانی لەگەڵ گەنجە بەناوبانگە ئیتاڵییەكە دەداتەوە.

رووداو: چۆن دەستت بە نمایشكاری یان مۆدێلینگ كرد؟

كۆچەر فەرەج: من هەمیشە حەزم لەوە بووە لە پێش كامێرا كار بكەم، بەڵام حەز ناكەم بەخۆم بڵێم مۆدێل یان نمایشكار، چونكە ئەوە دەبێت ببێتە كارێكی سەرەكی و رۆژانەت. من زیاتر كاری ستایلی قژ دەكەم، بەڵام یەكەم كاری من وەك نمایشكار بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، ئەو كاتە براندێكی جلوبەرگی سوێدی منیان هەڵبژارد بۆ نمایشكردن و وێنەگرتنی كۆلێكشنی هاوینی خۆیان، لەوەوە دەستمپێكرد.

رووداو: جگە لەم براندە سوێدییە، بۆ كامە براند یان دیزاینەری بەناوبانگ وەك نمایشكار كارت كردووە؟

كۆچەر فەرەج: لە ساڵی 2008 وە دوای ئەو كارەم بۆ براندە سوێدییەكە، بۆ نزیكەی 30 براندی جیهانی كارم كردووە، نۆهۆو لە بەناوبانگترین ئەو براندە جیهانییانەیە كە من كارم بۆ كردووە.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ دیزاینەرانی كورد هەیە؟

كۆچەر فەرەج: پەیوەندیم لەگەڵ هیچ دیزاینەرێكی كورد نییە.

رووداو: ئێستا لە كوردستان ژمارەیەكی زۆر گەنج بە خۆیان دەڵێن "نمایشكار"، تۆ بۆچوونت لەسەر كارەكانیان چییە؟

كۆچەر فەرەج: من زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم گەنجانی كوردستان لەم بوارە حەز و خەون و خولیایان هەیە، هیوادارم سەركەوتوو و بەردەوام بن، بەڵام بەداخەوەم كە هەندێكجار گەنجان دەبینم خۆیان بە نمایشكار دەناسێنن، خۆیان هیچ مەرجێكیان تێدا نییە، كەچی رەخنە لە خەڵكی دیكە دەگرن، من لەم رووەوە نیگەرانم، هیوادارم گەنجانی كورد لەم بوارە یارمەتی یەكتر بدەن.

رووداو: وێنەی خۆت و هاوژینەكەت هەمیشە لە سۆشیالمیدیا بڵاودەبنەوە، چۆن یەكتان ناسی؟

كۆچەر فەرەج: من و هاوژینەكەم هەردووكمان هەمان كارمان هەیە و هەیر درێسەرین، واتە ئەو كەسەی كە ستایلی قژ رێكدەخات. ئەویش كوردە. یەكەمجار لە ئاهەنگی كردنەوەی ساڵۆنەكەی ئەودا یەكمان بینی.

رووداو: لە ماوەی رابردوو كارێكت لەگەڵ نمایشكار و دیزاینەری بەناوبانگی ئیتاڵی ماریانۆ دی ڤایۆ كرد، چەند وێنەیەكتان بەیەكەوە بڵاوكردەوە، ئەم كارە چۆن بوو؟ پەیوەندییەكەتان چۆن دروستبوو؟

كۆچەر فەرەج: من و ماریانۆ ماوەیەكی زۆرە پەیوەندیمان هەیە و حەزمان كرد بەیەكەوە كار بكەین، ئەو براندێكی دامەزراندووە بە ناوی NOHOW، بەیەكەوە كارێكمان كرد بۆ كۆلێكشنی هاوینەی براندەكەی، كارەكەمان لە ئیتاڵیا كرد، بەمزووانە وێنەی تەواوی كۆلێكشنەكە بڵاو دەبێتەوە.