زەهاوی سنجاوی لەبارەی بەڵگەفیلمی 'کۆرۆوای': دەتوانێت ببێتە موڵکی سینەمای نەتەوەیی کورد

08-04-2024
پەسار فایەق
فیلمسازی کورد، زەهاوی سنجاوی لە ستۆدیۆی رووداو
فیلمسازی کورد، زەهاوی سنجاوی لە ستۆدیۆی رووداو
نیشانەکردن 'کۆرۆوای' زەهاوی سنجاوی

شرۆڤە

A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەبارەی خەڵاتکردنی بەڵگەفیلمی "کۆرۆوای" بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ خەڵاتی نێودەوڵەتیی وێبی لە ئەمریکا، زەهاوی سنجاوی، فیلمسازی کورد دەڵێت، ئەم بەرهەمە دەتوانێت ببێت بە موڵکی سینەمای نەتەوەیی کورد، نەوەک تەنیا موڵکی رووداو.  
 
"کۆرۆوای" لە نێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو، بۆ خەڵاتی وێبی بەربژێرکراوە، بەمەش رووداو بووە یەکەم میدیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەرهەمێکی بەربژێری دوو خەڵاتی وێبی بێت و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم بکات، ئەویش خەڵاتی لیژنەی دادوەری و خەڵاتی بینەرانە.
 

 

 
 
زەهاوی سنجاوی، فیلمسازی کورد، لەبارەی ئەم بەرهەمە و بەربژێرکردنی بۆ خەڵاتی وێبی، رۆژی یەکشەممە 7ـی نیسانی 2024 میوانی هەواڵەکانی رووداو بوو و رایگەیاند، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکاندا کۆمەڵێک ستانداردی نێودەوڵەتیی هەیە، بۆ ئەوەی فیلمێک ببێتە جێگەی سەرنج و بانگهێشت بکرێت. گوتیشی: "فیلمەکەم بینیوە و زۆر سەرسام بو کارە و قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت، ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکرێت، ستافی فیلمەکەیە کە بەشێوەیەکی زۆر داهێنەرانە چوونەتە شوێنێک و لەگەڵ خەڵکانێک دواون و کاریان کردووە کە لە هەموو روویەکەوە زۆر لە ئێمەوە دوورن، ئەم بەرهەمە دەتوانێت ببێت بە موڵکی سینەمای نەتەوەیی کورد، نەوەک تەنیا موڵکی رووداو". 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە سەتان کاژێر بەرهەم لە کەناڵەکان بەرهەم دێن، بەڵام بەشێکی ئەو بەرهەمانە دەتوانن شوێنێکی نێونەتەوەیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە و بەهەمان شێوە لە رووی ستانداردی بەرهەمهێنان، هونەری و ناوەڕۆکەوە دەتوانن بمێننەوە و ببن بە بەشێک لە سامانی سینەمای وڵاتێک، ئەم تایبەتمەندییانەی دەبێت تێدا بێت. 
 
سنجاوی، روونیشیکردەوە: "فیلم بە گشتی تەماشا دەکرێت یان دەبیندرێت، فیلمی باش دەبیندرێت، نەک تەماشا دەکرێت، تایبەتمەندی ئەو فیلمە ئەوەیە بینەر بۆ ناوچەیەکی جوگرافی راکێشاوە کە خەڵکانێکی تایبەت تێیدا دەژین، ئێمە وەک بینەر توانیمان لەگەڵ ستافی رووداو ببین وەک کەسێک کە لەوێ ئامادەیە، نەوەک تەنیا فیلمەکە لەسەر شاشە ببینین، تایبەتمەندی گرنگی فیلمی باش ئەوەیە، بینەر لە پشت شاشەوە بچێتە نێو رووداوەکانی فیلمەکە".
 
هەروەها گوتی، ستافی فیلمەکە، بەتایبەتیش پێشکێشکار و دەرهێنەرەکەی، سەرەڕای ئەوەی زمانی ئەو خەڵکە نازانن، توانیویانە لە رێگەی پەیوەندی مرۆڤایەتییەوە دڵ و ماڵیان بۆ خۆیان بکەنەوە و بچنە نێو ژیان و دڵ و دەروونیانەوە.
 
ئەو دەرهێنەرە کوردە کە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری چەند بەڵگەفیلمێکەوە، لەوانە "دایکانی من" و "منداڵی عیماد"، لەبارەی ئاستی فیلمە کوردییەکان دەڵێت، گرنگە کورد بتوانێت لەسەر لایەنی هونەریی فیلم کار بکەن، ناوەڕۆک بەشێکی گرنگی فیلمە، بەڵام شێوازی داڕشتن و پێشاندانی و تەکنیکێکی گێڕانەوەی سینەمایی زۆر گرنگن. گوتیشی: "تاوەکو ئێستا گرنگی بە ناوەڕۆک دەدەین، نەماتوانیوە یاخود بۆمان نەلواوە لە رووی فۆڕم و شێوازی داڕشتنی سینەمایی لە ئاستە جیهانییەکەدا بین، وڵاتێکی وەکو کوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوانییەوە فیلمی زۆر بەرهەمدێنێت، بەڵام زۆریان نەیانتوانیوە جێگەی خۆیان لەسەر نەخشەی سینەمای جیهان بکەنەوە".
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا وێنەگیراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تا 1970کان نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە و بەیار حەکیم دەرهێنەر و وێنەگریەتی.
 
خێڵی کۆرۆوای وەکو دوا خێڵێک دەناسرێن کە ئەزموونی خواردنی گۆشتی مرۆڤیان کردووە و دەکەن. بەپێی بڕوایەکی خێڵەکە، هەندێ جار مرۆڤ جەستەی لەلایەن رووحێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت کە بە خاخوا دەناسرێت. لە ئەگەری گومان کردن لە کەسێک وەکو خاخوا، ئەندامانی دیکەی خێڵەکە، کەسی بە خاخوا بوو دەکوژن و گۆشتەکەی دەخۆن و بەو شێوەیەش بڕوایان وایە خاخواکە لەنێو دارستانەکە دوور دەخەنەوە. 
 
رۆژ عەلی زاڵە، پێشکێشکار و پرۆدیوسەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، گەیشتنی بەڵگەفیلمێکی کوردی بۆ ئەو خەڵاتە جیهانییە کە لە شاری نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، خۆی لە خۆیدا بردنەوەیەکی گرنگە بۆ هەموو کوردزمانێک و میدیاکارێکی کورد و عێراقی، ''سەتان هەزار کەس کارێکی کوردی وەکو یەکێک لە ناوازەترین کارەکانی ساڵ و گێڕانەوەی چیرۆکی کۆرۆوای بە کوردی دەبینن.''
 
خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەم ساڵ 28مین خولی بەڕێوەدەچێت.
 
خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا؛ بەشێوەیەک بەشێک لە شارەزایانی ئەو بوارە بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەبەن. 
 
دوو پرۆسە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان هەیە، سەرەتا بەربژێرەکان لەلایەن (IADAS) هەڵدەبژێردرێن، دواتر براوەکان لە رێگەی ژمارەیەک دادوەری جیهانییەوە دیاری دەکرێن، هەروەها بەشێکی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێت. 
 
بردنەوەی خەڵاتەکە ئاماژەیە بۆ لێهاتوویی و لە پێشبوون لە تەکنیکە دیجیتاڵییەکان؛ لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەر یەکە لە کۆمپانیای و دامەزراوەی میدیایی گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلێکس و سناپچات هەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە