ئاینور دۆغان: لە هەموو ئەلبوومەكانمدا نیشانی دەدەم كە دێرسیمیم


هەڤپەیڤین: سەیدخان كوریژ
رووداو - ئیستانبوڵ

ئەلبوومی نوێی كچە گۆرانیبێژی باكووری كوردستان ئاینور دۆغان لە كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوودا بەناوی (هەڤڕا) لەلایەن دەزگای سۆنی میوزیك كلاسیك بەرهەمهێنرا و بڵاوكرایەوە. پرۆدیوسەری ئەلبوومەكە خافێر لیمۆن، موزیكژەنی ناوداری ئیسپانی بوو. ئەلبوومەكەی ئاینور لەم مانگەدا لە سەرتاسەری جیهان لەلایەن كۆمپانیای (سۆنی)یەوە بڵاودەكرێتەوە.

لەسەری ساڵەوە ئاینور دۆغان بۆ ناساندنی ئەلبوومەكەی كۆنسێرت دەكات، هەفتەی رابردووش لە هۆڵی (جۆلی جۆكەر) لە ئیستانبوڵ كۆنسێرتێكی سازكرد. دوای تەواوبوونی كۆنسێرتەكەی (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.

رووداو: ئەم كۆنسێرتەی ئیستانبوڵ بەلای تۆوە چۆن بوو؟
ئاینور دۆغان: بۆ ئێمە زۆر گرنگە كە گوێگر بە دڵخۆشییەوە لەدوای كۆنسێرتەكە بگەڕێنەوە ماڵەكانیان. ئەوەی دوای كۆنسێرتەكە پێمانگەیشت، بەشداربووان بە خۆشاڵییەوە گەڕانەوە. ئەوەش زیاتر هێز و ورەم دەداتێ.

رووداو: وا دیارە كە ئەلبوومی (هەڤڕا) دەنگدانەوەی زۆر بووە.
ئاینور: دەنگدانەوەی باشی هەبووە، گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەم، ئەوانەی لە كۆنسێرتەكانم پێشكەشم كردوون، لەلایەن گوێگرانەوە جێی بایەخ بوون. بۆ ناساندنی ئەلبوومەكە زۆر كۆنسێرتم ساز كردوون. هەموو چالاكییەكانمان سەركەوتوو بوون، وادیارە خەڵك زۆر حەزیان لەم بەرهەمەیە. كاركردن لەم ئەلبوومەدا كارێكی گەرموگوڕ بوو، دیسانیش بەكارهێنانی گیتار سەرنجی زۆر كەسی راكێشاوە. لەم ئەلبوومەماندا كارمان لەگەڵ پرۆدیوسەرێك كردووە كە لە سەرتاسەری جیهاندا ناودارە. بۆیەش ئەلبوومەكەم هەر زوو جەماوەرێكی زۆری بۆ خۆی راكێشا.

رووداو: دەتوانی باسی ئامادەكارییەكانی ئەلبوومی (هەڤڕا) بكەی؟
ئاینور: سەرەتا لەگەڵ هونەرمەندانی وەكو (موجەرەس دە ئاكواس، بوك، یاسەمین ڵەڤ، مارزا، ئەلەفتەرا ئارڤانتاك) بۆ ئەم پڕۆژەیە كۆبووینەوە. پێش دوو ساڵ بڕیارماندا كە پێكەوە ئەلبوومێك ئامادە بكەین. دوای هەڵبژاردنی گۆرانییەكان، دروستكردنی ئەلبوومەكە ساڵێكی پێچوو.

رووداو: تۆ چۆن بە كەسێكی ئیسپانی وەكو خافێر لیمۆن گەیشتی؟ لیمۆن چ كاریگەرییەكی لەسەر ئەلبوومەكە هەبوو؟
ئاینور: من پێش ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ خافێر لیمۆن لە كارێكدا بەناوی ژنانی بەهاری سپی (Mujeres de Aqu) كارمان كردووە. هەردووكمان لەڕووی كواڵێتییەوە بەو كارە هاوبەشە خۆشحاڵ بووین. لەسەر ئەوە بڕیارماندا كە ئەلبوومێك دروستبكەین. بێگومان لیمۆن كاریگەری لەسەر ئەلبوومەكەم هەبووە، چونكە ئەو لە هەموو دنیا كەسێكی ناسراوە، پەیوەندی لەگەڵ جیهانی موزیك زۆر باشە و پسپۆڕی كاری خۆیەتی. ئەو بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومەكە هەموو رێگایەكی پێشاندام وەكو راوێژكارێك. زۆر سوودمان لە ئامۆژگارییەكانی ئەو وەرگرت.

رووداو: زۆربەی ئەلبوومەكان ناوی خۆیان لە گۆرانییەك وەردەگرن، بەڵام ئەلبوومەكەت هیچ گۆرانییەكی بەناوی (هەڤڕا) تێدا نییە، بۆچی؟
ئاینور: من ئەو ناوەم بۆ گەیاندنی پەیامەكەم هەڵبژارد، هەندێجار گۆرانی دەتوانێت وا بكات كە ناو لە ئەلبووم بنێت، هەندێكجاریش ئەلبووم بەتەواوەتی واتایەك دەگەیەنێت. ئەمە پڕۆژەیەك بوو، لە زۆر وڵاتەوە هونەرمەند بەشداریی لەم ئەلبوومەدا كردووە. بەم شێوەیە بووە كارێكی پێكەوەیی. من لە گۆرانی (پەس نارێ)دا ئەو پێكەوەبوونەم دروستكرد.

رووداو: تۆ لە هەموو ئەلبوومەكانتدا یەك دوو گۆرانی زازاكی یان توركیشی تێدەكەی. ئایا ئەوە مەرجە؟
ئاینور: لەهەموو ئەلبوومەكانمدا بەزمانەكانی دیكە كە من دەیانزانم، 1-2 گۆرانی دەڵێم. ئەوە بۆ من هەم مەرجێكە، هەمیش لەگەڵ زمانەكانی دیكە دانوستاندنێكی موزیكییە.

رووداو: خۆت خەڵكی دێرسمی، بەڵام یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەت ناوی دیاربەكرە، بۆچی؟
ئاینور: لەهەموو ئەلبوومەكانمدا ناسنامەی من وەكو دێرسمی ئاشكرایە. لەبەر ئەوە من رۆشنبیریی خۆم، تێگەیشتنی خۆم و ئەزموونی خۆم لە موزیكدا لە ‌رەسەنی خۆمەوە وەردەگرم. من لەهەر ئەلبوومێكمدا گۆرانییەكی زازاكی دەڵێم، بۆ ئەوەی ناسنامەی خۆم وەكو خەڵكی دێرسم بەبیر گوێگران بهێنمەوە. كاتێك كە ئەندامانی PKK لە دەرگای خابوورەوە گەیشتنەوە باكووری كوردستان، گۆرانی (دیار بەكر)م بۆ گەشانەوەی ئومێدی ئاشتی دروستكرد. ناوی دیاربەكر بۆ ئومێدی ئاشتی گەلی كورد خاوەن هێمایەكی گرنگە.

رووداو: بۆ داهاتوو چ پلانێكتان هەیە؟
ئاینور: سەرەتا بۆ ناساندنی ئەلبوومی (هەڤڕا) لە مانگی ئاداردا كۆنسێرت لە ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە، بۆرسا و ئەنتاڵیا سازدەكەم. لەمانگی نیساندا لە سەرتاسەری ئەوروپا كۆنسێرت دەكەم. هەروەها لەگەڵ میوزیكژەن هاوینیاز كوارتەت، لە هۆڵی ئۆركێسترای مۆرگنلاند كۆنسێرتێك ساز دەكەین كە هونەرمەندان كەیهان كەلهوڕ، سەلمان جامبارۆڤ و جەمیل قۆچگری بەشداریی تێدا دەكەن.


ئاینور دۆغان:
ساڵی 1975 لە ناوچەی چەمی شگەزەكی سەر بە دێرسم لەدایكبووە. لە ئیستانبوڵ میوزیكی خوێندووە.
 ساڵی 2002 یەكەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی (پێشین) بڵاوكردووەتەوە.
جگە لە گۆرانیگوتن بەشداری چەند كارێكی سینەمایی و تەلەفزیۆنیی كردووە. لەنێوخۆ و دەرەوەی توركیا بەزمانی كوردی و توركی كۆنسێرتی كردووە.
ساڵی 2004 ئەلبوومێكی بەناوی (كەچا كوردان) لەلایەن دەزگای كاڵان موزیكەوە بڵاوكرایەوە كە لە میدیای توركی و نێودەوڵەتیدا لەسەری نووسرا. هەروەها ئەم ئەلبوومە چووە سەر گۆڤاری فۆڵك رۆتز (Roots) كە لە بەریتانیا بڵاودەبێتەوە.
 ساڵی 2005 ئەلبوومێكی بەناوی (نووپەل) و لەساڵی 2010دا ئەلبوومێكی دیكەی بەناوی (رەوەند) بڵاوكردەوە.