ئاراس کۆیی پارچە میوزیکێک پێشکێش بە رووحی قوربانییانی بوومەلەرزە دەکات

08-02-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند ئاراس کۆیی
هونەرمەند ئاراس کۆیی
نیشانەکردن ئاراس کۆیی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاراس کۆیی، هونەرمەندی میوزیکژەن، هاوخەمی خۆی بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەی ئەم دواییە دەربڕیوە و پارچە میوزیکێک پێشکێش بە رووحی قوربانییانی ئەو رووداو دڵتەزێنە دەکات.
 
ئاراس کۆیی، ڤیدیۆیەکی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، تێیدا پارچە میوزیکێک بە ئامێری عود دەژەنێت و نووسیویەتی: "هاوار و شیوەنی ئامێری عود، پێشکێش بە گیانی پاکی قوربانییانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەکەم".
 
هەر لە پۆستەکەیدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندرانی بوومەلەرزەکە خواستووە.
 
ئاراس کۆیی، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، پارچە میوزیکەکەی تایبەت بۆ بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە بەرهەمهێناوە و پێشکێش بە رووحی قوربانییانی دەکات.
 
بەگوێرەی دوایین ئامار، بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی باکووری کوردستان کە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو، سەرووی 8 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا نزیکەی 6234 کەس گیانیان لەدەستداوە و گەڕان لەژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانیش بەردەوامە، هاوکات نزیکەی 35 هەزار کەس بریندرابوون.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی سێ هەزار کەسیش برینداربوون.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردابێت، بەتایبەتی کە ئێستا 24 کاژێر گەڕان بە دوای تەرم و رزگاربووان لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە.
 
بوومەلەرزە بەهێزەکان؛ یەکەمیان 7.7 و ئەوەی دیکە 7.6 بوو بە پلەی رێختەر، سەنتەرەکەیان مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان، بەهۆیانەوە جگە لە زیانی گیانی، هەزاران کەس لە هەموو ناوچە کاریگەربووەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا بێ ماڵوحاڵ بوون و خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان وێران بوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە