بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' لە هەنگاریا خەڵات دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' لە دەرهێنانی زەهای سنجاوی، دەرهێنەری کورد، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لێژنەی دادوەرانی لاو لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلمی بوداپێست لە هەنگاریا بەدەستهێنا.
زەهاوی سنجاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلمی بووداپێست، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لێژنەی دادوەرانی لاوی بەدەستهێنا.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداری 60 بەڵگەفیلم لە رۆژانی 21-29 کانوونی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو و جگە لە بوداپێست، فیلمەکان لە چەند شارێکی دیکەی هەنگاریا پێشاندران.
سنجاوی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، 'منداڵیی عیماد' ماوەیەک لەمەوبەر بە پێی هەڵسەنگاندەکانی ناوەندیی 'Asian movie plus' بە یەکی لە باشترین یازدە بەڵگە فیلمی ئاسیا هەڵبژێردراوە.
بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' بە هاوبەشی چەند لایەن و کەناڵێکی ئەوروپا و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهاتووە.
ئەم بەرهەمە لە ماوەی 13 مانگ وێنەی گیراوە و باس لە کوڕێکی پێنج ساڵانی کوردی ئێزیدی بە ناوی عیماد دەکات کە دوو ساڵ و نیو لە گەڵ ماڵباتەکەی لای داعش دیل بوونە و دوای ئازادبوونی بە هۆی کاریگەریی بیر و پەروەردەی داعش ناتوانێ ژیانێکی ئاسایی منداڵانەی هەبێت و حەز و مەیلی نواندنی تووندوتیژیی بەرامبەر کەس و کار و دەورووبەری هەیە. هەوڵی پەروەردەکردنەوە و ئاساییکردنەوە بارودۆخی دەروونی عیماد پڕۆسەیەکی سەخت و درێژخایەنە کە لە لایەن داپیر و پزیشکێکی دەروونناس بەڕێوە دەچێت.
بینەر بە درێژایی فیلمەکە لە دڵەڕاوکەیێکی بەردەوام دایە کە ئایا ئەم هەوڵانەی کەسانی دڵسۆزی عیماد بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی منداڵیی عیماد سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟
ئەم بەرهەمە ماوەکەی 78 خولەکە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە، لە 2016 تاوەکو 2017 وێنەگیراوە و دەرهێنەری فیلم بۆ ماوەی یەکە ساڵ بە بەردەوام سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلم بووە و پۆست برۆدەکشنەکەی ماوەی سێ ساڵی خایاندووە.
زەهاوی سنجاوی، لە هەولێر لە دایکبووە، لە 1975ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەیان پەنابەری ئێران بووە، لەو وڵاتە خوێندنی قوتابخانەی تەواوکردوە، دوای نزیکەی سێ ساڵ پێشمەرگایەتی چووەتە رووسیا بۆ خوێندنی سینەما، هەشت ساڵ لە بواری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان خوێندوویەتی، 25 ساڵە وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە بواری سینەما کار دەکات، خاوەنی کۆمەڵێک کورتەفیلم و فیلمی درێژ ی درامی و دیکۆمێنتاریە، لەوانە 'سنوور'، 'دایکانی من' به هاوبەشیی لەگەڵ ئیبراهیم سەعیدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'گەڕانەوە'، 'گەڕان بە دوای باوک'، 'منداڵیی عیماد' و 'پێکەوە ژیان' چەند بەرهەمێکی دیکە.
فیلمی منداڵیی عیماد لە بەشی بەڵگەفیلمەکانی پۆرتاڵی رووداو بۆ بینین لە بەر دەستە.