خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبس دابەشکران؛ ئۆپەنهایمەر زۆرترین خەڵاتی بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
گۆڵدن گڵۆبس بەشێوازێکی جیاواز گەڕایەوە گۆڕەپانی کێبڕکێی رێوڕەسمە سینەماییەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی باشترین بەرهەمی سینەمایی ساڵ و، فیلمی ئۆپنهایمەر لە 81ـەمین مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکە، بە بردنەوەی پێنج خەڵات پێشەنگی هەموو فیلم و بەرهەمەکانی دیکە بوو.
لە 81ـەمین مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبس 27 کاتەگۆریی جیاواز هەبوون، کە تێیدا براوەکان خەڵاتی باشترینیان لەو بوارانە پێبەخشرا.
باشترین ئەکتەری پیاو کە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبسی 2023ـی وەرگرت، کیلیان مۆرفی بوو بەهۆی رۆڵگێڕانی لە فیلمی ئۆپنهایمەر، هەر لەو مەراسیمەدا و پێش ئەو، کریستۆفەر نۆلان، دەرهێنەری هەمان فیلم، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری وەرگرت.
باربی و ئۆپنهایمەر لە کێبڕکێدابوون
یەکێک لەو فیلمانەی بەردەوام لەگەڵ فیلمی باربی لە ململانێدا بوو، فیلمی ئۆپنهایمەر بوو کە هەشت جار بەربژێرکرابوو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتە جیاوازەکانی کێبڕکێکە.
رێوڕەسمەکە لە هۆتێلی بیڤەرلی هیڵتن لە شاری بیڤەرلی هیڵز بەڕێوەچوو، کە گەورەشارێکی لۆس ئەنجلسی کالیفۆرنیایە و چەندین ئەستێرەی هۆڵیوود لەوێ دەژین، بە باخچە و پارک و نافوورەی ناوازە ناوبانگی دەرکردووە.
ئۆپەنهایمەر فیلمێکی سێ کاژێری مێژوویی هەستبزووێنی هۆڵیوودە و باس لە بیرۆکەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەکات لە جەنگی دووەمی جیهانی لەلایەن جەی رۆبەرت ئۆپەنهایمەرەوە، کە زانایەکی ئەمریکیی بواری فیزیایە و، دواتر بیرۆکەکە سەردەنێت بۆ ئاراستەکردنی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی و بۆ هەمیشە رێڕەوی ژیان دەگۆڕێت.
ئۆپنهایمەر لە ماڵپەری سینەمایی IMDb لە 10 خاڵ 8.4ـی وەرگرتووە و 85٪ـی خەڵک بەپێی داتاکانی گوگڵ، حەزیان بە فیلمەکە بووە. فیلمێک کە بەرهەمهێنانی بودجەی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرا و تەنیا لە بۆکس ئۆفیسیشدا 953 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە.
فیلمی باربی زۆرترین جار بەربژێربوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبس
فیلمی 'باربی' زۆرترین جار بەربژێربوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبس، فیلمە فانتازییەکەی هۆڵیوود لە دەرهێنانی خانمە ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری ئەمریکی، گرێتا جێرویگ بوو، کە لە 2018 یەکێک بوو لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان.
سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە لە نۆ بەشی جیاواز بەربژێر بوو بۆ خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبس، بەڵام تەنیا دوو خەڵاتی بردەوە، یەکێکیان لە کاتەگۆریی گۆرانی و ئەوەی دیکەش، کاتەگۆرییەک بوو کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە خراوەتە فێستیڤاڵەکە، بەناوی "بەدەستهێنانی سینەمایی و بۆکس ئۆفیس" و، تایبەتە بەو فیلمانەی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر خەڵکەوە لە شوێنی جیاوازی جیهانەوە سەیر دەکرێن.
باربی 145 ملیۆن دۆلار بودجەی بۆ تەرخانکرا و داهاتی لە بۆکس ئۆفیس ملیارێک و 422 ملیۆن دۆلار بوو.
فیلمەکە باسی ژیانی کچە شۆخێک دەکات بەناوی باربی لەگەڵ خۆشەویستەکەی کێن، کە لە جیهانێکی خەیاڵی بەناوی "باربی لاند" ژیانێکی خۆش بەسەردەبەن، بەڵام کاتێک دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت تێکەڵی ژیانی راستەقینەی مرۆڤ بن، ژیانیان تەواو دەگۆڕێت.
فیلمەکە لە هەریەک لە کاتەگۆریی باشترین فیلمی میوزیکی، کۆمێدی، هەروەها باشترین رۆڵی ئەکتەرەکانی لەگەڵ هەرسێ گۆرانییەکەی بەربژێربوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبس.
براوەکانی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبس:
- خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فیلم بەخشرایە کریستۆڤەر نۆلان بۆ فیلمی 'ئۆپنهایمەر'
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاو لە فیلمی دراماییدا بەخشرایە کیلیان مۆرفی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی 'ئۆپنهایمەر'
- خەڵاتی باشترین دەستکەوتی سینەمایی و بۆکس ئۆفیس کە ئەمساڵ ئەو خەڵاتە زیادکراوە، بەخشریە فیلمی 'باربی' ئەمەش بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەی دێت کە بەدەستی هێناوە و زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە.
- خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلم بەخشرایە فیلمی 'ئەناتۆمی ئۆڤ فۆڵ'.
- خەڵاتی باشترین فیلم بە زمانی بیانی کە ئینگلیزی نییە بەخشراتە فیلمی 'ئەناتۆمی ئۆڤ فۆڵ'.
- خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشنی درێژ بەخشرایە ئەنیمەیشنی 'زە بۆی ئاند زە هیڕن.
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی ژن لە بەرهەمی تەلەڤزیۆنیدا بەخشرایە ئێلیزابێز دیبیکی، ئەکتەری ئوسترالی بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'زە کڕاون.
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی پیاو لە بەرهەمی تەلەڤزیۆنیدا بەخشرایە ماتیو مەکفەیدن بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'سەکسێشن'.
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی ژن لە فیلمدا بەخشرایە راندۆڵف داڤاین ،ئەکتەری ئەمریکی، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی 'زە هۆڵدۆڤەرس'.
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی پیاو لە فیلمدا بەخشرایە رۆبەرت داونی، ئەکتەری ئەمریکی بۆ فیلمی 'ئۆپنهایمەر'.
- باشترین کۆمێدی ستاندئاپ بەخشرایە ریکی گێرڤەیس، ئەکتەری کۆمێدی بەریتانی.
- باشترین ئەکتەر لە زنجیرەی کۆمیدی یاخود میوزیکئامێز بەخشرایە جێرێمی ئاڵن وایت، بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی زە بیێر.
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە زنجیرەی دراماییدا بەخشرایە کیێران چولکن بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'سەکسێشن'.
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن لە زنجیرەی میوزیکئامێز یاخود کۆمێدی بەخشرایە ئایۆ ئێدیبێری، ئەکتەری ئەمریکی بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی زە بیێر.