بڵاوکردنەوەی فیلمێک لەبارەی مایکڵ جاکسن بۆ وەرزی خەڵاتەکان دواخرا

07-11-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن مایکڵ جاکسن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڵاوکردنەوەی فیلمێک لەبارەی ژیانی مایکڵ جاکسن، ئەستێرەی پۆپی جیهانی بۆ کۆتایی 2025 دواخرا، لە کاتێکدا بڕیاربوو فیلمەکە لە نیسانی ساڵی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە.
 
فیلمەکە بەناوی "Michael"ـە و بەرهەمی کۆمپانیای "Lionsgate"ـە، بەرهەمهێنەرانی هۆکاری دواخستنی فیلمەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دەیانەوێت بەشداری لە وەرزی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەمریکادا بکەن.
 
وادەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکە لە ئەمریکا 3ـی تشرینی یەکەمی 2025ـە، بەڵام وادەی بڵاوکردنەوەی لە وڵاتانی جیهاندا ئاشکرا نەکراوە.
 
جەعفەر جاکسن تەمەن 27 ساڵ، برازی مایکڵ جاکسن، هونەرمەندی ئەمریکی، بڕیارە رۆڵی ئەو گۆرانیبێژە لە فیلمەکەدا بگێڕێت.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن ئەنتۆن فۆکوا کاری دەرهێنانی بۆ دەکرێت و بەرهەمهێنەرەکەی گراهام کینگە کە دەرهێنەری فیلمی "Bohemian Rhapsody"یە و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.
 
جەعفەر جاکسن، کوڕی دووەمی جێرمان جاکسنی برای بچووکی مایکڵ جاکسنە، لە 2019 یەکەم گۆرانی خۆی بەناوی "Got Me Singing" بڵاوکردەوە و ئەم فیلمە دەبێتە یەکەم کاری لە بواری نواندندا.
 
فیلمی "Michael" لە 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد و لە سیناریۆی جۆن لۆگانە کە پێشتر سیناریۆی بۆ هەردوو فیلمی بەناوبانگ "Gladiator" و "The Aviator" نووسیوە.
 

مایکڵ جاکسۆن، لە 28ـی ئابی 1958 لە دایکبووە، لە تەمەنی 11 ساڵیدا لەگەڵ گرووپی "The Jackson 5" گۆرانی گوتووە و بۆ یەکەم جار لەسەر شانۆ دەرکەوتووە.
 
لە 1993 بۆ یەکەم جار جاکسن لە بەرنامەی "ئۆپێرا وێنفری"ـدا باسی لە نەهامەتییەکانی تەمەنی منداڵیی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکر "لە تەمەنی منداڵیدا بەردەوام ھەستم بە تەنیایی دەکرد، پەشیمانم لەوەی باوکێکی وەک جۆزیفم ھەیە، بەردەوام بە تەنیا دەگریام".
 
جاکسن، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵ و لە قوتابخانە گۆرانی دەگوت.
 
لە 1971ـدا مایکڵ بە تەنیا گۆرانی گوت و چەندین ئەلبوومی بڵاوکردەوە، لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا یەکەم رەشپێست بوو بگاتە ئاستێکی جیھانی بەرز.
 

ئەو هونەرمەندە، لە بواری خێرخوازیدا کاری کردووە و لە ریگەی رێکخراوێکەوە ھاوکاریی پێشکێش بە 39 رێکخراوی خێرخوازی سەربەخۆ دەکرد، ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی زیاتر نێودار بێت و سۆرزی خەڵک بۆ خۆی رابکێشێت.
 
مایکڵ جاکسن، کەسێکی رەشپێست بوو، بەڵام نەخۆشی پێستی هەبوو و بەهۆیەوە پەڵەی سپی لەسەر پێستی دەردەکەوت، بەمەبەستی چارەسەرکردنیش چەندین نەشتەرگەری ئەنجامدا و پارەیەکی زۆری خەرجکرد، بەڵام لەکۆتاییدا بوو بە سپیپێست و دەنگۆیەکی زۆری نایەوە، هەر بەهۆی ئەو نەشتەرگەریانەوە تا دوا تەمەنی باری تەندروستیی ناجێگیر بوو و شێوەی رووخساری زۆر گۆڕانکاری بەسەرداهات.
 

ئەیان ھالبرین، نووسەری کەنەدی کە نووسەری کتێبێکە لەبارەی ژیانی جاکسن، پێشتر رایگەیاندبوو "لە ساڵانی رابردوودا باری تەندروستی بەرەو خراپی دەچوو، تەنانەت توانای ئەوەی نەمابوو نەشتەرگەریشی بۆ ئەنجام بدرێت، لە ئەنجامی نەخۆشی سییەکانی چاوی لای چەپی 95%ـی توانای بینی نەمابوو، ھەروەھا زۆر توانای قسەکردنیشی نەبوو".
 
مردنی ئەفسانە پۆپ گوماناوی بوو، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت ھۆکاری مردنی بۆ ئەو دەرمانە زۆرانە دەگەڕێتەوە کە ئازارشکێن بوون. بەرپرسێکی پۆلیسی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، "جاکسن ھۆگری بەکارھێنانی دەرمانی (ئۆکسیکونتین) بوو و ھیچ نیشانەیەکی برینداربوونی دەرەکی بەسەر لاشەیدا بەرچاو نەدەکەوت".
 
لە 25ی حوزەیرانی 2009، مایکڵ جاکسن، لە تەمەنی 50 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆیدا لە لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گیانی لەدەستدا.
 
ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە، خاوەنی 31 ریکۆردی جیهانی و 13 خەڵاتی گرامییە، لە دوای مردنیشی، بەرهەمەکانی ساڵانە سەتان ملیۆن دۆلار قازانجی هەیە.
 

ئەلبوومی "Thriller"ـی جاکسن کە لە 1982ـدا بڵاوکرایەوە، 30 ملیۆن کۆپی لە ئەمریکا فرۆشرا و وەک پڕفرۆشترین ئەلبووم لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دەستنیشانکرا.
 
"Thriller" بەهێزترین ئەلبوومی ئەو گۆرانیبێژەیە و لە حەوت تراکی گۆرانی پێکهاتووە، لە 1982 تا 1984، 20 ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە.
 
لەدوای مردنی جاکسن، زیاتر لە دوو ملیۆن و سەد هەزار کۆپی لەو ئەلبوومە فرۆشراون، بە گشتی لەسەر ئاستی جیهاندا 100 ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی نێچیرڤان بارزانی و کەمال غەمبار.

نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی که‌مال غه‌مبار ده‌کات

رۆژی دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشی دا گوتی: "بۆ کۆچی دواییی نووسه‌ری دیاری کورد خوالێخۆشبوو مامۆستا که‌مال غه‌مبار، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی به‌ڕێزیان و نووسه‌رانی کوردستان ده‌که‌م، هاوسۆز و هاوخه‌میانم. خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت."