براد پیت باڵیۆزی ئەڵمانیا دەکوژێت

رووداو- ئاژانسەکان

براد پیت ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی لە فیلمێکدا رۆڵی سیخوڕێک دەبینێت و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە مەغریب دەکوژێت.


بەپێی ماڵپەڕی (هۆڵیوود ریپۆرتەر) بۆ یەکەمینجار براد پیت لەگەڵ کچە ئەکتەری فەرەنسی مێريەن کوتیار، لە نێو یەک فیلمدا رۆڵدەگێڕێت، کە باس لە کوشتنی باڵیۆزی ئەڵمانیا لە مەغریب دەکات.

چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی جیهانی دووەم، کاتێک نازییەکان دەسەڵاتێکی بەرفراوانیان هەبووە، لەم فیلمەدا براد رۆڵی پياوكوژى بەكرێگيراوى دەستی بیانی دەبینێت، هاوکات کچە ئەکتەری فەرەنسیش بەشدار دەبێت لە کوشتنی باڵیۆز، کە هەردووکیان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی نازییەکان کار دەکەن.

کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەم فیلمە ئاشکرایکردووە، کە کۆتایی ساڵی داهاتوو ئامادە دەبێت بۆ نمایشکردن، وێنەگرتنی فیلمەکەش لە مەغریب و کەنەداو فەرەنسا دەبێت، یەکەمجاریش دەرهێنەری فیلمەکە رۆبێرت زیمیکس لەگەڵ برادو مێريەن کارێکی سینەمایی دەکات.

لە ئێستاوە سینەماکاران پێشبینی سەرکەوتن و بەدەستهاتنی داهاتێکی زۆر بۆ ئەم فیلمە دەکەن، چونکە دوو ئەکتەری بەناوبانگ ولێهاتوو رۆڵی تێیدا دەگێڕن ولەگەڵ ئەوەشدا دەرهێنەرێکی مەزن کاری دەرهێنانی بۆ دەکات.