داهاتی یەکەم هەفتەی '2 Joker' دڵخۆشکەر نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

"Joker: Folie à Deux" بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Joker"ـە، داهاتی یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکا باکوور، بۆ بەرهەمهێنەران دڵخۆشکەر نەبوو، پێناچێت کۆتاییەکی دڵخۆشکەریشی لەم رووەوە هەبێت.
 
بەشەی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە کە لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 96 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری بەدەستهێنا، بەڵام بەشی دووەمی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا لەو کیشوەرە، تەنیا 40 ملیۆن دۆلارە.
 
جیاوازی ئەو داهاتە لە هەردوو بەشیدا، لە کاتێکدایە کە بەشی یەکەمی بودجەی تەنیا 55 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام بودجەی بەشی دووەمی 190 ملیۆن دۆلارە.
 
شارەزایانی پیشەسازی سینەما لە هۆلیوود، پێشبینی ئەوەیان کردبوو بەشی دووەمی فیلمەکە، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور کە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا دەگرێتەوە، بگاتە 70 ملیۆن دۆلار.
 
رەخنەگر و شارەزایانی پیشەسازی سینەما، دەپرسن، چ هەڵەیەک روویداوە؟ بۆچی هەمان ستافی فیلم لە یەکەم هەفتەیدا شکستی هێنا و داهاتی فیلمەکەی کەمبوو؟ لە کاتێکدا بەشی یەکەمی براوەی خەڵاتی ئۆسکار و داهاتی سەرووی یەک ملیار دۆلارییە.
 
ئەمساڵ لە کاتی پێشاندانی فیلمی "Joker: Folie à Deux" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، بۆ 12 خولەک چەپڵە بۆ ستافی فیلمەکە لێدرا، بەڵام نەیتوانی ئەو درەوشانەوە لە ڤێنسەوە بۆ هۆلیوود بێنێتەوە. 
 
جگە لە بۆچوونی رەخنەگرانی سینەما، بۆچوونی بەشێک لە بینەرانی فیلمەکەش وەرگیراوە کە فیلمەکەیان بینیوە، بەڵام لەوێشدا ئەنجامەکە دڵخۆشکەر نییە، لە کۆی پێنج ئەستێرە، تەنیا نیو ئەستێرەی بەدەستهێناوە.
 
داهاتی 40 ملیۆن دۆلاری لە یەکەم هەفتەی پێشاندان و لە ماوەی سێ رۆژدا، داهاتێکی کەم نییە و بەهۆیەوە لە ریزبەندی یەکەمی ئەم هەفتەیەی لە ئەمریکای باکووردا هات، بەڵام بۆ زنجیرە فیلمێکی لەو ناوبانگییە؛ زۆر نییە. کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 121 ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە.
 
رووداوەکانی "Joker: Folie à Deux" درێژەپێدەری بەشی یەکەمن، تێیدا فینێکس رۆڵی کارەکتەری ئارسەر فلێک دەگێڕێت کە دوایین جار لە پەخشی راستەوخۆدا پێشکێشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەکوژێت، بەهۆیەوە چارەسەری دەروونی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی دواتر بەهۆی ئەو تاوانەوە دادگایی بکرێت.
 
ئەم رووداوە وایکرد، ژمارەیەک هەوادار بۆ خۆی دروستبکات، یەکێک لەوانە کارەکتەری هارلی کوین کە گاگە رۆڵی دەگێڕێت، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت و بە گۆرانی گوزارشت لە خۆیان دەکەن.
 
گاگا، لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە لەندن، لەبارەی فینێکس گوتی، کارکردنم لەگەڵ ئەودا خۆشویست. هیچ رۆژێک بێزارکەر نەبووە، ئەو بە درێژایی کات کەسێکی پێکەنیناوییە. گوتیشی، جیهانی "Joker" چەند تاریک بوو، بەڵام هێندەی ئەوەش لە کاتی وێنەگرتن پێکەنیون.
 
تۆد فیلێپس، دەرهێنەری فیلمەکە لە پێشاندانی تایبەتی "Joker: Folie à Deux" لە لەندن، لەبارەی گاگا گوتی، جەماوەرێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام ئەوان گاگایان خۆشدەوێت لەوەی دەیکات. هیوای ئەوەشی خواست، فیلمەکەیان بە دڵ بێت. گوتیشی، ئەوان دیوێكی دیکەی جیاوازی دەبینن و لەو بڕوایەدایە، ئەو کارەکتەری خوڵقاندوویەتی؛ بە دڵیان دەبێت.
 
فیلێپس، پێشتر رایگەیاندبوو، خواکین فینێکس رۆژانە هەستی بە نەخۆشکەوتن دەکرد و دڵەڕواکێی لە گۆرانیگوتن لەگەڵ لەیدی گاگا هەبوو.
 
بەشی دووەمی "Joker" بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە و لە نیسانی 2024 یەکەم پۆستەری بڵاوکرایەوە.
 
لە بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییەدا، خواکین فینێکس و لەیدی گاگا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وێنەگیراوە، چونکە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری لێخۆشبوونی باجی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە بڕی 12.6 ملیۆن دۆلار دا.
 
بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی "Joker" لە دوای سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بوو کە داهاتی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی تەنیا 55 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی "Joker" لە جۆری فیلمی دەروونیی ھەستبزوێنە، لە 2019 بڵاوکرایەوە، لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی تۆد فیلیپسە و لەگەڵ سکۆت سیلڤەریشدا سیناریۆکەی نووسیوە. 
 
فیلمەکە لەبارەی جۆکەرە و چیرۆکی بنەچەیی کارەکتەرەکە دەخرێتەڕوو و رووداوەکانی لە 1981 روودەدەن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 76مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیز لە 31ـی ئاب 2019 پێشاندرا، خەڵاتی شێری زێڕینی بەدەستهێنا و لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
 
"Joker" لە 92مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بۆ 11 خەڵات بەربژێر بوو و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و خەڵاتی باشترین میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.