بێن ئافلێک لە پێشاندانی فیلمە هاوبەشەکەی لەگەڵ جێنیفەر لۆپێز لە تۆرۆنتۆ ئامادە نەبوو


رووداو دیجیتاڵ

جێنیفەر لۆپێز، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی "Unstoppable" لە 49یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا، ئامادەبوو و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی.
 
فیلمەکە درامایەکی وەرزشییە و لۆپێز رۆڵی دایکی یاریزان ئەنتۆنی رۆبڵێس دەگێڕێت، بێن ئافلێک بەرهەمی هێناوە، بەڵام خۆی لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادە نەبوو، پێشبینی دەکرێت هۆکاری سەرەکی ئامادە نەبوونی، مژاری جیابوونەوەیان بێت.
 
لۆپێز بەم دواییە بۆ جیابوونەوە لە ئافلێک داوکاری پێشکێش بە دادگە کرد. لۆپێز بۆ ئەوەی هیچ روونکردنەوە لەبارەی ئەو مژارە نەدات، لە فێستیڤاڵەکەدا قسەی بۆ هیچ میدیاییەک نەکرد.
 
بڕیارە فیلمی "Unstoppable" لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە.
 

چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە تۆرێنتۆی کەنەدا لە 6ـی ئەیلوولی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 15 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ لە کەنەدا، بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤالەکانی فیلم لە جیهاندا دەناسرێن، لەگەڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانس لە ئەمریکا.
 

دوای پەیوەندییەکی دوو دەیە و دووجار دەستگیرانداری و دووجار گێڕانی ئاهەنگی هاوژینی و چەندین هەواڵ لەبارەی ئەو پەیوەندییە، جێنیفەر لۆپێز داوای جیابوونەوە لە بێن ئافلێک کرد.
 
جێنیفەر لۆپێز، ئەکتەر و گۆرانیبێژ، لە 20ـی ئابی 2024 لە دادگەی باڵای لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، داواکاری بۆ جیابوونەوە لە بێن ئافلێک، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی پێشکێشکرد.
 
ئەو دوو ئەکتەرە لە 2003 لە فیلمی "Gigli" و لە 2004 لە فیلمی "Jersey Girl" پێکەوە کاریان کردووە، دوای جیابوونەوەیان، لە 2022، دووبارە ژیانی هاوژینییان پێکهێنایەوە.
 
بێن ئافلێک (52 ساڵ) لە 2005 ژیانی هاوژینی لەگەڵ جێنیفەر گارنەر، ئەکتەری ئەمریکی پێکهێنا و خاوەنی سێ منداڵان و لە 2018 جیابوونەوە. 
 
جێنیفەر لۆپێز (55 ساڵ) جگە لە ئافلێک، سێ جاری دیکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
 
ئەو دوو ئەستێرەیە لە 2002ـەوە لە پەیوەندیدا بوون و دەستگیراندار بوون، بەنیازبوون لە 2003 ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بەڵام لە 2004 جیابوونەوە، لە ئایاری 2021 دووبارە گەڕانەوە لای یەکدی و ساڵی دواتر ژیانی هاوژینییان پێکهێنایەوە.
 
جێنیفەر لۆپێز و بێن ئافلێک، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ لای یەکدی، ماوەیەک بوو بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان و دواجار کۆشکێکیان کڕی بۆ ئەوەی پێکەوە تێیدا بژین و نرخەکەی 60 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو.
 
کۆشکەکە لە باڤرلی هێڵزە لە لۆس ئەنجڵس بوو و ماوەی چەند مانگێک بوو ئەو دوو ئەکتەرە لەو ناوچەیە بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان.
 
جینیفەر لۆپیز، لە 24ـی تەمموزی 1969 لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، ئەکتەر و سەماکار ناسراوە، لە 1991 لە بەرنامەیەکەدا وەک سەماکارێک دەرکەوت، لە 1993 رووی لە کاری نواندن کرد، لە 1997 لە فیلمی سینەمایی "Selena" رۆڵی گێڕا و داهاتی فیلمەکە یەک ملیۆن دۆلار بوو.
 

یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لۆپێز لە ستۆدیۆ بەناوی "On the 6" لە 1999 بوو، لەگەڵ ئەوەش لە سینەما بەردەوام بوو و لە فیلمی ترسناک "The Cell" رۆڵی گێڕا.
 
داهاتی فیلمەکانی بە سێ ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت و زیاتر لە 70 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمە میوزیکییەکانی فرۆشراون.
 
بێن ئافلێک، لە 15ـی ئابی 1972 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب.
 
لە تەمەنی منداڵیدا لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Voyage of the Mimi" لە 1984 تاوەکو 1988 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، دواتر لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، پاشان رووی لە کاری دەرهێنان کردووە.