لیژنەی زمان و کولتووری دەم پارتیی وان: هێرشی دڕندانە دەکرێتە سەر زمان و کولتووری کورد

هەولێر دیجیتاڵ

هاوگوتەبێژی لیژنەی زمان و کولتووری دەم پارتیی وان دەڵێت، "هێرش بۆ سەر زمانی کوردی لە باکووری کوردستان زۆر زیادی کردووە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشتریش دژایەتیی زمانی کوردی دەکرا، بەڵام وەک ئێستا ئاشکرا و دڕندانە نەبووە."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 7-8-2024) هەڤاڵ دلبەهار، هاوگوتەبێژی لیژنەی زمان و کولتووری دەم پارتیی وان میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و، گوتی، "بەگوێرەی پەیڕەو و پرۆگرامی شارەوانییەکان، نووسین لەسەر تابلۆکان بە تورکی، فارسی و کوردی قەدەخە نییە. بەڵام دەوڵەت دەڵێت ئەگەر زمانی کوردی بەکاریش بێت، پێویستە لەدەست مندا بێت. کەواتە دەوڵەت دەیەوێت زمانی کوردی سنووردار بکات."
 
لە شارەوانییەکانی ئامەد، وان، ئێلیهـ و مێردین، بە بڕیاری پارێزگار، رێنوێنییە کوردییەکان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان سڕاونەتەوە. لە ئامەد هەرچەند رێنماییەکان نووسرانەوە، بەڵام بۆ جاری دووەم سڕانەوە. ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و وەک هەوڵێک بۆ دژایەتیکردن و سڕینەوەی زمانی کوردی وەسف دەکرێت.

 

 
لەبارەی هەڵوێستی دەم پارتییەوە بۆ هەوڵدانی ئەوەی زمانی کوردی بکرێتە زمانێکی فەرمی، هەڤاڵ دلبەهار روونیکردەوە "ئەم بابەتە زۆرینەی رێکخراوە کولتوورییەکانیش بەهەندیان وەرگرتووە و ئیشی لەسەر دەکەن. لەگەڵ چالاکییەکانی 21ـی شوبات و 15ـی گوڵان، لەنێو گەل، لە جێگەی جودا، خەباتی زمانی کوردی پێشکەوت. ئێمە وەک دەم پارتی دەمانەوێت زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی."
 
حوسێن چەلیک، وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا رۆژی 6-8-2024 بە رووداوی گوت "زمانی دایکی کەسێک وەک شیری دایکیەتی و سەرەکیترین مافی ئەو کەسەیە، ناتوانرێت ئەو کەسە لەو مافەی بێبەش بکرێت و کارێکی لەو جۆرەش پێشێلکردنی مافی گەردوونییە؛ هاوکات پێشێلکردنی فەرمانەکانی خوداشە."
 
سەبارەت بە رۆڵی دەم پارتی بۆ بەیاساییکردنی زمانی کوردی، هەڤاڵ دلبەهار ئاماژەی بەوەدا "بەهۆی ئەوەی وان شارێکی گەشتیارییە و ساڵانە فارس رووی تێدەکەن؛ بە سەتان تابلۆ لەو شارە بە زمانی فارسی هەڵواسراون. لەو ساڵانەی پێشتر کە قەیووم دەستیان بەسەر شارەوانییەکاندا گرتبوو، کێشەیان لەگەڵ نەبوو و رێگرییان لێنەکرد. واتا ئیشەکەیان رایی دەکرد. شارەوانییەکان دەتوانن لە گوند و هەموو پارێزگاکان ئیشەکانیان بە زمانی کوردی رایی بکەن، یاسا رێگر نییە."
 
هەڤال دلبەهار دەشڵێت، "پێویستە هەموومان بۆ بابەتی زمانی کوردی یەکبگرین؛ چونکە ئەم بابەتە بە پارتیزانی ناکرێت؛ دەبێ بەرامبەر رێگرییەکانی زمانی کوردی دەنگمان زوڵاڵ بێت. پێویستە کوردانی باکوور لەنێوان خۆماندا سەرەتا زمانی کوردی بکەینە زمانی فەرمی؛ مادام ئێمە دەمانەوێت زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە، پێویستە هەموومان پەروەردەمان کوردی بێت."
 
مەهدی ئۆزدەمیر، جێگری سەرۆکی بارۆی ئامەد رایگەیاند، دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە زمانە جیاوازەکان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە لە تورکیا کێشە دروست ناکات.
 
جگە لە شارەوانییەکانی ئامەد، وان، ئێلیهـ و مێردین، هەڤال دلبەهار دەڵێت، "لە نسێبین، دێرک و کۆچەرێیش ئەو نووسینانە نووسراون، بەڵام دەوڵەت دڕندانە لەگەڵ خەڵکەکە جووڵاوەتەوە. بەدواداچوونی یاساییش بۆ بابەتەکە کراوە، بەڵام دەوڵەت وەڵاممان ناداتەوە و هەر وشەی (زمانی کوردی) قبووڵ نییە لە نووسراوە فەرمییەکاندا هەبێت."