دزی لە ماڵی تۆم هانکس دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی باشووری کالیفۆرنیا رایگەیاند، بەر لە چەند هەفتەیەک دزی لە ماڵی تۆم هانکس، ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینەکەی ریتا وێڵسن دەکرێت، بەم دواییەش دیاردەی دزین لە ماڵی ئەستێرەکان لە کالیفۆرنیا زیادی کردووە.
 
پۆلیس دەڵێت، دزەکان چوونەتە نێو هۆڵی میوانیی ماڵەکە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە نێو تەواوی ماڵەکە و ئەو کات کەس لە ماڵەوە نەبووە، تاوەکو ئێستاش بەهۆی ئەو رووداو کەس دەستگیر نەکراوە و زیانەکان نەخراونەتەڕوو.
 
پۆلیس پێشبینی ئەوە دەکات، دزەکان سەر بە هەمان ئەو گرووپە بن کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دزییان لە ماڵی چەندین دەوڵەمەند و کەسایەتییەکان لە گەڕەکە دیارەکانی کالیفۆرنیا کردووە. 
 
گرووپەکە لە رێگەی چاودێرکردنی جموجۆڵی کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت ئەو کاتەی لە دەرەوەی وڵاتن، تاوانەکەیان ئەنجام دەدەن.
 
تۆماس هانکس، لە 9ـی تەمموزی 1956 ئەمریکا لە دایکبووە، بە رۆڵی کۆمێدی و درامایی ناوبانگی پەیدا کردووە، بە یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەما دەناسرێت، داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور نزیکەی پێنج ملیار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا نزیکەی 10 ملیار دۆلارە، لە ریزبەندی چوارەمی ئەکتەرەکانی ئەمریکای باکووردایە کە زۆرترین داهاتی هەیە.
 
هانکس، شەش جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە و دوو جار بەدەستی هێناوە، هەروەها حەوت خەڵاتی پرایم تایم ئیمی بەدەستهێناوە، لە بواری شانۆشدا خەڵاتی تۆنی بەدەستهێناوە کە بە گرنگترین خەڵات لەو بوارەدا دەناسرێت، جگە لە وەرگرتنی چەندین خەڵاتی دیکە.