قەدەخەی مامەڵەکردن خرایە سەر موڵکەکانی ئیبراهیم تاتڵیسەس

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئەحمەد تاتڵیسەسی کوڕی، سکاڵای تۆمارکرد و بە دادگەی راگەیاند باوکی بیروهۆشی لەسەر خۆی نەماوە، دادگە قەدەخەی مامەڵەکردنی خستە سەر موڵکەکانی ئیبراهیم تاتڵیسەس و هەردوو لایەن چاوەڕێی ئەنجامی بڕیاری دادگە دەکەن.
 
ماوەیەکە ناخۆشیی نێوان ئیبراهیم تاتڵیسەس، هونەرمەندی ناسراوی باکووری کوردستان و تورکیا و ئەحمەد تاتڵیسەسی کوڕی لە تەشەسەندنی زیاتردایە. بەڕادەیەک ئەحمەد دۆسیەیەکی لە دادگە کردوەوە و رایگەیاند، گومانی لە باوکی هەیە بەوەی دۆخی دەروونیی وەکو جاران نەماوە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەو هێرش و هەڵسوکەتانە لە دژی کوڕەکەی خۆی. ئەحمەد راشیگەیاندووە، ترسیان لەوە هەیە، کەسانێک ئەو دۆخە دەروونییەی باوکی بە هەل بزانن و موڵک و ماڵی لەژێر دەستدا دەربهێنن.
 
لەمبارەیەوە پارێزەر جەسیم پاڕڵاک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لە یاسای مەدەنیی تورکیادا بڕگەیەک هەیە و دەتوانرێت سکاڵا لەسەر کەسێک تۆماربکرێت بە هۆکاری ئەوەی لەڕووی عەقڵی و دەروونییەوە ناتوانێت مامەڵەی دروست بە موڵک و ماڵەکەی بکات یاخود کارەکانی هەڵبسووڕێنێت".
 
پاڕڵاک هەروەها رایگەیاند، لە ئەگەرێکی وەهادا دادگە لیژنەیەکی پزیشکیی دادی لەسەر ئەو کەسە پێکدەهێنێت، دواتریش لەسەر بنەمای ئەنجامەکە بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدات. گوتیشی: "ئەمە سەرەتای پرۆسەکەیە و هێشتا دادگە دەستی بە لێکۆڵینەوەی جددی نەکردووە. چاوەڕێ دەکرێت دادگە داوای راپۆرتێکی پزیشکی لەبارەی ئیبراهیم تاتڵیسەس لەڕووی دەروونییەوە بکات. جا ئەگەر راپۆرتەکە دەریخست تاتڵیسەس هیچ کێشەیەکی عەقڵی و دەروونیی نییە، ئەوکات سکاڵای کوڕەکەی تاتڵیسەس هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەگەر راپۆرتەکە ئاماژەی بە بوونی کێشەی دەروونی لە ئیبراهیم تاتڵیسەس کرد، ئەوکاتە رادەگەیێنرێت کە تاتڵیسەس ناتوانێت بە تەنیا بڕیاری دروست بدات. لەو دۆخەدا میراتگرێک بە فەرمی لەلایەن دادگەوە بۆ تاتڵیسەس دادەنرێت".
 
حوزەیرانی رابردوو ئیبراهیم تاتڵیسەس لەڕێی تەلەفۆنەوە بەشداریی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا  کرد و رایگەیاند: "ئەو کاتەی دەستڕێژی گوللەم لێکرا، ئەحمەدی کوڕم راستەوخۆ چووە کۆمپانیا و قاسەکانی بەتاڵکردەوە و پارەکانی برد. رێک ئەو رۆژەی من گەیێنرامە نەخۆشخانە".
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس هەر لە منداڵییەوە دەستی بە کارکردن کرد. ماوەیەک لای باوکی کاریکرد، دواتر دەستگێڕی، کرێکاری، شۆفێری، ئاوفرۆشی و زۆر پیشەی دیکەی لەپێناوی دابینکردنی قووتی رۆژانە کرد. 
 
تاتڵیسەس دەنگی خۆش بوو، بەڵام زیاتر لە شوێنە میللییەکاندا گوێی بۆ دەگیرا. تا دەهات جەماوەر و هەواداری زیاتر دەبوون. تورگوت ئۆزال ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو گوتی "مادام خەڵکی زۆر گوێ لەمانە دەگرن، با شەوی سەری ساڵی 1989 لە کەناڵی دەوڵەتی تورکیا TRT گۆرانی بڵێن. ئەوە یەکێک بوو لە قۆناخە گرنگەکانی زیاتر بەناوبانگبوونی تاتڵیسەس".
 
رەچەڵەکی تاتڵیسەس قسە و باسی زۆری لەسەرە و بە شێوازی جیاواز باسی لێوەکراوە. بەپێی گوتەی ئیبراهیم خۆی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا، دایکی کوردە و باوکی عەرەب. تاتڵیسەس لە ساڵانی 2000 لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لەبارەی دایکی گوتی: "دایکم هەتاوەکو 30 ساڵ پێش ئێستا زمانی تورکیی نەدەزانی. ئەو بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی هاووڵاتیی کۆماری تورکیا بوو، دواتر فێری زمانی تورکیش بوو".  
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس 4ی ئاداری 2011 لە ناوچەی شیشلیی ئیستەنبووڵ لایەن دوژمنەکانییەوە دەستڕێژی گوللەی لێکرا و بە سەختی برینداربوو. هەرچەندە لە ژیاندا مایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ناتوانێ هاوشێوەی جاران گۆرانی بڵێت. 
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس ساڵی 1952 لەدایکبووە. باوکی ئیبراهیم لە رووها بە ئەحمەد جگەرفرۆش دەناسرا و دایکیشی ناوی لەیلا بوو. ئەحمەد و لەیلا حەوت منداڵیان هەبوو کە ئیبراهیم لە هەموویان گەورەتر بوو. نازناوی خانەوادەی ئیبراهیم (تاتڵی) بوو، بەڵام بەهۆی دەنگخۆشییەکەیەوە  گۆڕا بۆ تاتڵیسەس کە بە مانای دەنگزوڵاڵ دێت. 
 
تاتڵیسەس خاوەن زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانییە و زیاتر لە 40 فیلمیشی هەیە.  
 
ئیبراهیم تاتڵیسەس لەگەڵ هونەرەکەی، لە کەرتەکانی خواردەمەنی، پیشەسازی، گەشتیاری و بیناسازیشدا کاریکرد. خواردنگەی 'تاتڵیسەس چیکۆفتە' یەکێک لە رادەکانی ئیبراهیمە کە ئێستا چالاکە و چەندین لقی هەیە.