شوان عەتووف 11مین خەڵاتی پێشکەش بە پێشمەرگە و کۆبانێ کرد

07-07-2015
پەسار فایەق
نیشانەکردن شوان عەتووف
A+ A-

رووداو- هەولێر
 
دەرهێنەری کورد شوان عەتووف، یازدەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا و پێشکەشی پێشمەرگە، شەڕڤانان و بەرخۆدانی کۆبانێی کرد.
 
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرهێنانی شوان عەتووف، لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "سینەماتۆگرافیک" لە ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین فیلمی کۆمەڵایەتیی بەدەستھێنا.
 
عەتووف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئەم خەڵاتە 11مین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە رێگەی فیلمی (ماڵ و کلیل) وەریدەگرێت، گوتیشی " لە فێستیڤاڵێکەدا خەڵاتەکەم پێشکەش بە پێشمەرگە، شەڕڤانان و گەریلا و بەرخۆدانی کۆبانێ کرد کە لە بەرامبەر ھێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم شارەدا و خۆڕاگریی و خەباتیی بێوێنەیان کرد".
 
ئەم فیلمە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتیی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە.
 
رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لیژنەی دادوەران، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و بینەران، رۆژی ٢٨ حوزەیران/ یۆنیۆ ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە رۆما بەڕێوەچوو.
 
"ماڵ و کلیل" تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١١ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناون، لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی شوان عەتووف لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" لە میانەی 68مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەرەنسا نمایشکرا.












کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە